بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای ۵۰ ساڵ لە داگیرکاری و ۲۰ ساڵ لە ڕووخانی رژێمی بەعس، پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەنگی لەسەر درا.
ناوبراو گوتیشی: گەڕاندنەوەی زەوی داگیرکراوی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەنگاوێکی گەورەی پەرلەمانی عێراقە و دەنگی لەسەر پرۆژە یاساکە دا.
جەختی لەوەش کردەوە، سەرخستن و دەنگدان بەم پڕۆژەیاسایە بە شەونخونی و یەکدەنگیی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووە و گرنگە ئەو یەکڕیزییە بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم مافەکان بەردەوام بێت.
لەبارەی هەمواری یاسای بوودجە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئاماژەی بەوە دا، دوێنێ ڕێککەوتنێکی سیاسی کرابوو لەبارەی هەموارەکە، بەڵام ئەمڕۆ هەندێک دەستکاری پرۆژەی هەموارەکە کرا، کە ئەمەش جێگەی قبووڵ نییە، بەڵکوو ئێمە و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە هاوڕایان کە ئەم پڕۆژەیە چۆن لە لایەن حکوومەتەوە هاتووە با بەو شێوەیە تێپەڕێندرێت.
Your Comment