تورکیا، ئەنفالێکی نوێی لە هەرێمی کوردستان دەست پێکردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان لەدژی پەکەکە، خەساری زۆری گەیاندۆتە ژینگەی هەرێم و بەرپرسی ئیدارەی گوندێکی سەرسنووری هەرێم جەخت دەکاتەوە ئەوەی تورکیا دەیکات ئەنفال و لەناوبردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک لەبارەی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "ئێستا تورکیا هەندێک تۆپ و گوللە بەکاردەهێنێت کە توانای سووتاندنیان هێندە بەرزە ئەگەر ناوچەکە سەوزاییش بێت وشکی دەکات."

لەبارەی داربڕین لە سنووری پارێزگای دهۆک و دانانی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە سنووری پارێزگاکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت "تورکیا هەر هەنگاوێک بێتە پێشەوە، رێگا بۆ ئەو ناوچەیە دروست دەکات و دەچێتە ناوی."

بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا تاوەکوو ئێستا چەند گوندێک لە سنووری دهۆک و زاخۆ چۆڵ کراون، فەهیم عەبدوڵڵا دەڵێت "لە گوندی شکێلکا لە سنووری زاخۆ بگرە تاوەکوو دەگەیتە کێلەشینە و ئەو گوندانەی سنوور، یان چۆڵ کراون یان لەژێر هەڕەشەی چۆڵ کردن دان."

فەهیم عەبدوڵڵا رەخنەی لە هەڵوێستی لایەنی عێراقی لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنی تورکیا گرت و گوتی: "هەڵوێستەکانی حکوومەتی عێراق لەئاستی ئۆپەراسیۆنی تورکیادا زۆر شەرمنانەیە."

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک روونی دەکاتەوە کە "خەڵکی گوندەکانی هرورێ، کێستە و چەند گوندێکی دیکە سوورن لەسەرئەوەی کە شوێنەکانی خۆیان جێناهێڵن، بەڵام کاتێک ئەو گوندانەش ژیانی تێدا نەما حیسابی گوندێکی چۆڵبووی بۆ دەکرێت."

زیاتر لە 40 رۆژە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی بۆسەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین، حەفتانین و مەتین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێکردووە؛ لیژنەیەکیش بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئۆپەراسیۆنەکە پێکدەهێندرێت.

لە شارۆچکەی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی، لیژنەیێک بۆ تۆمارکردنی زیانەکان پێکهێندراوە. ئەندامێکی لیژنەی تۆمارکردنی زیانەکان رایگەیاند، بەپێی فەرمانێکی کارگێڕیی شارۆچکەی کانی ماسێ، لیژنەی قەرەبووکردنەوە بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری ناحیە و ئەندامێتیی هۆبەی دارستان، چاندن و شارەوانی و بەرگریی شارستانی پێکهاتووە. ئەو کەسەی سەردانی شاندەکە دەکات پێویستە دوو شاهێدی هەبێت و ئەنجومەنی گوندیش زیانەکانی پەسند بکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2240

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha