بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەوە، یاسین حەمەعەلى، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزووتنەوەى گۆڕان بە میدیای فەرمیی بزووتنەوەكەی راگەیاندووە: لە کۆبوونەوەکەدا بیر و را لەبارەى پرسى هەلبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق و پەرلەمانى کوردستانەوە ئاڵوگۆڕکرا و شاندى یونامى پێشوازى لە دیاریکردنى وادەی ئەنجامدانى هەڵبژاردن و بەڕیوەچوونى پڕۆسەیەکى پاک و بێگەرد دەکەن.
هەروەها دەشڵێت: ئێمەش روانینى بزووتنەوەى گۆڕانمان دووپاتکردەوە پەیوەست بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا و جەختمان کردەوە لەوەى لە رابردودا هەوڵى زۆرمان داوە لایەنەکان بگەن بە سازان و ناکۆکى نێوان لایەنەکان چارەسەر بکرێ و هەڵبژاردن لە وادەى خۆى بکرێ سەربارى ئەوەى لە ساڵى (٢٠٢١)ەوە پڕۆژەشمان هەبوە بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن.
یاسین حەمە عەلى ئاماژە بەوەش دەکات لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى پێشهاتەکان و یاساى هەڵبژاردن کراوە کە لە دادگاى فیدراڵى تانەى لێدراوە و بڕیارە سبەینێ دانیشتنى دادگا بەڕیوەبچێ، دەشڵێت: ئێمە ئومێدەوارین لایەنەکان بگەنە سازان لەو پرسانەى رەهەندى نیشتیمانییان هەیە، هەڵبژاردنێکى پاک و پێگەرد لە دۆخێکى سەقامگیردا بەڕێوەبچێت، چوونکە ئێمە ئەزموونى تاڵمان هەیە لە ساختەکارى و دەستوەردان و پێشێلکارى".
Your Comment