بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەباح عگێلی شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا بە پێگەی "مەعلوومە"ی وتووە: دەستووری عێراق هەموو جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغە کردووە، لەکاتێکدا تێبینی دەکرێت هەرێمی کوردستان پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو قەوارەیە لە هەرێمی کوردستاندا کۆنگرە دەبەسترێت.
هەروەک دەڵێت: پێويستە دەسەڵاتی دادوەریی و دەزگاکانی تری دەوڵەتی عێراق بەرانبەر بە ئەو کەسانە دەست بە جووڵە بکەن کە پەیوەندی لەگەڵ زایۆنیستەکان دادەمەزرێنن یان کار بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو قەوارەیە دەکەن، بەوپێیەی ئاماژەگەلێک هەیە بۆ بوونی پەیوەندیی لەنێوان هەولێر و تەلئەبیب .
بەوتەی عگێلی، لە ئەگەری سەلماندنی تێوەگلانی حکوومەتی هەرێم و مامەڵەی لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەتایبەتی لە پرسی هەناردەکردنی نەوت، کە لەماوەی ڕابردوودا هەرێمەکە لێی بەرپرسیار بووە، ئیدانەی دەسەڵاتی دادوەری و سزای یاسایی دژ بە حکوومەتی هەرێم بەدوادا دێت.
دەشڵێت پرسی سەلماندنی بوونی پەیوەندیی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل بۆ دەسەڵاتی دادوەریی جێدەهێڵرێت و ئەوان قسەی کۆتایی تێدا دەکەن.
Your Comment