کوردپرێس:
تەلەڤزیۆنی کوردستان 24 لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند لە چوارچێوەى دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵاى حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغداد، ڕۆژی سێشەممە 1/6/2021 کۆبوونەوەیێکی هاوبەش لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان بەرێوە چوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئاوات شێخ جەناب و دكتۆر ئومێد سەباح و دكتۆر ئامانج رەحیم و خالید چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فارس عیسا و سەمیر ھەورامی ئامادەى بوون، رێوشوێن و میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەش بە فەرمی واژووکرا بەمەبەستی هەماهەنگی نێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵیی و هەرێم.
ھەر لە كۆبوونەوەكەدا، ھەردوولا جەختیان كردەوە كە پێكەوە كار دەكەن و ئامادەكاری تەواویان كردووە، بۆ ئەوەی راپۆرتێك ئاراستەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان بکرێت، بەمەبەستی ئاسانكاری جێبەجێکردنی یاساى بودجەى ساڵى 2021ى عێراق لە پێناوی خەرجکردنی ماف وشایستە داراییەکانی هەرێم.
شاندی هەرێمی کوردستانیش لەسەر راسپاردەى قوباد تاڵەبانی سەرۆکی شاندی دانوستانکار، ئامادەیی خۆی نیشاندا کە هەموو ئاسانکاریی و ئامادەکارییەک بکات بۆ ئەوەى چاودێرى دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمەی لەسەری رێککەوتون وبە گوێرەی یاسا بەرکارەکان و ئەولەویەتیش بدەن بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی یاسای بودجەی عێراق پێی سپاردوون لە چوارچێوەی ماددەی 11ی یاساکە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان.
Your Comment