ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە پێوەی پابەند نابین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای ئەوەی بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و دانانی دوو ئەندامی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، "ئەوەی بڵاو کراوەتەوە بڕیارێکی حیزبییە و پێوەی پابەند نابین."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی سێشەممە ۲۳ـی ئایاری ۲۰۲۳ ژمارە ۳۰۵ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە کە رۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەریدەکات. لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (۱۰)ـی ساڵی ۲۰۲۳ـی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كراوەتەوە تایبەت بە "بەردەوام بوون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی" کە بڕیارەکە بە واژۆی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە.

رۆژی چوارشەممە ۲۴ـی ئایاری ۲۰۲۳، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بڵاوکردنەوەی بریارەکە لە رۆژنامەی وەقائیعی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ شتێکی یاسایی، دەستووری و پەیڕەوی نییە بە ناوی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە. لە سەرەتای دانیشتنی پەرلەمان سەرۆکی پەرلەمان بەگوێرەی بڕگەی سێ لە مادەی ۱۸ـی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان دانیشتنەکەی لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دواخست؛ ئەوەی بڵاو کراوەتەوە بڕیارێکی حزبییە."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، حیزبەکەی پابەندی بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن نابێت و گوتیشی، "بەدڵنیاییەوە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ پارتی بەردەوام دەبن و گفتوگۆی زیاتر دەکرێت، بەڵام کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن گفتوگۆ هەڵناگرێت و رێگرییمان لێ کردووە و قسەی نوێمان لەوبارەوە نییە."

هەر ڕۆژی سێشەممە لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو "رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە کە کار بە هیچ نووسراوێکی پەرلەمانی نەکەن ئەگەر واژۆی خۆی لەسەر نەبێت."

کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە ۲۲ـی ئایاری ۲۰۲۳ـی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک رۆژێک پێشتر بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە.

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە.

 فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، بەڵام فراکسیۆنی یەكێتی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، کارا نەکراوەتەوە.

رۆژی دووشەممە ۲۲ـی ئەم مانگە و دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، "بە زۆرینەی دەنگ و بە دەنگی ۵۸ پەرلەمانتار، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆ و راپرسیی هەرێمی کوردستان کارا کراوەتەوە".

News Code 221508

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha