ئەردۆغان و AKP لە کلیچدارئۆغڵو و CHP بۆ کورد باشترن

بەشی توریکا- عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، لەبارەی هۆکاری پشتگیری کردنییەوە لە ئەردۆغان دەڵێت ئەردۆغان و AKP بۆ کورد باشترن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس،عەلی قەرەداغی لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ دەنگی ئەمریکا لەبارەی هۆکارەکانی پشتگیری کردن لە سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت: "لە بەیاننامەیەکدا داوامان کرد کە گەلی تورک یارمەتیدەر بێت بۆ تازەکردنەوە و هەڵبژاردنی سەرۆک ئەردۆغان، هۆکارە دەگەڕێتەوە بۆ چەند شتێک یەکەم لە ئێستادا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو دەزانرێت زۆر لە ناڕەحەتی و فەوزایەکی زۆر ناخۆشدایە لەوانە سووریا، عێراق، لوبنان، یەمەن تەنانەت میسریش، ئێمە وەکوو چەند زانایەک کە شارەزاییمان هەیە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە حەز ناکەین جارێکی تر ئەو سەقامگیریە تێکبچێت لە تورکیا، واتە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و فەوزایەکی گەورە بۆ ناوچەکە دروست نەبێت."

عەلی قەرەداغی ئاماژەی بە هۆکاری دووەمی پشتگیرییان لە ئەردۆغان کرد بۆ سەرۆکایەتی تورکیا و وتی: "بەداخەوە دەڵێم ئۆپۆزیسیۆن بەرنامەکەیان چەند کێشەیەکی گەورەی تێدا بوو، ئەو کێشانە بەلای ئێمەوە لائەخلاقییە، و بەلای دامەزراوەی دیموکراسیەوە کە یەکێک لە بەرنامەکەیان دەرکردنی ئاوارەکانی سووریا بوو لە تورکیا و بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان ئەمە بە ڕاستی بەلای ئێمەوە شتێکی جوان نەبوو، دەبووایە ئۆپۆزیسیۆن ئەو کارەی نەخستایەتە بەرنامەی خۆیەوە ئەمە هۆیەکی زۆر گرنگ بوو."

قەرەداغی وتیشی: "سەبارەت بە ئێمەی موسڵمان و زانایان لەکاتێکدا ئێمە دەبینین 5-6 ملیۆن خەڵکی ئاوارە لە تورکیا هەن. باس کردنی ئەم بابەتە بەلامانەوە شتێکی باش نەبوو، دووەمیش ئێمەی زانایانی موسڵمانین و موسڵمانیش حەز ناکات خەڵکێکی تر بە ئاشکرا دژی دینەکە قسە بکات بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتی (کلیچدار) بەئاشکرا تەبەنی- بانگەشەی ئەوەی دەکرد دژی ئاینی بەرزی ئیسلام و شارستانێتی ئەو وڵاتەیە کە چەند ساڵە لەگەڵیدا دەژی بە تەواوەتی بەرنامەکە بەشێک بوو لەوە."

عەلی قەرەداغی ئەوەشی وت: "لە هۆکارەکان ئەوەیە کە زانایان بە واجبی دەزانن بەرگری بکەن لە کاری خۆیان، وەکوو دەزانرێت حزبی کۆماری مێژوویەکی باشی لەگەڵ کوردا باش نییە هەر لە سەردەمی ئەتاتورکەوە هەتا ئێستا تەبەنی- بانگەشەی ئەوە ناکەن کە کورد مافی خۆی هەبێت لەگەڵ ئەمەشدا ئۆپۆزیسیۆنی چەپی کوردی کە قبووڵیان نەکردن لەسەر مێزەکەش دابنیشن کەچی بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە داوایان دەکرد کورد دەنگی خۆی بدات به کليچدار ، ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی زانایانی موسوڵمان هەڵوێستێکیان هەبێت کە پێی دەوترێت هەڵوێستێکی دینی و ئینسانی و ئەخلاقی و نیشتمانی، من وادەزانم بابەتەکە هەر ئەوەیە."

دکتۆر قەرەداغی لە قەسەکانیدا ڕەتیکردەوە هیچ بەرەژەوەندییەکی تایبەتی خۆی هەبێت لە پشتیوانی کردتی لە ئەردۆغان و وتی: "من وەکوو دکتۆر عەلی قەرەداغی تەحەدا دەکەم کەسێک بتوانێت پێم بڵێت بەرژەوەندی کەسی یان ئابووریم لەگەڵ ئەردۆغان و غەیری ئەردۆغان هەبێت. سوپاس بۆ خوا هیچ بەرژەوەندیم لەگەڵ کەسیاندا نییە و موحتاجیش نیم."

لە دوای بڵاو کردنەوەی بەیاننامەکە، لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیەکی زۆر گیرا لە هەر یەک لە  عەلی قەرەداغی و  سەید ئەحمەد پێنجوێنی، بەرپرسی زانایانی ئایینی موسڵمان لە هەرێم کوردستان کە ئەویش یەکێک بوو لەو 66 زانا ئایینییەی بەیاننامەکەیان واژو کردبوو.

عەلی قەرەداغی، وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە و وتی ئەوان بەراورد دەکەن لە نێوان ئەردۆغان و کلیچدار، تەنانەت بۆ مەسەلەی کورد، هەرچەندە لە سەردەمی ئەردۆغان تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکە و پەیەدە هەیە، بەڵام: "ئەگەر بەراوردێک بکەیت لە نێوان جەهەپە کە مێژووی لەگەڵ کوردا مێژوویەکی بەلای کەمەوە ڕێکوپێک نەبووە، لەگەڵ ئەردۆغان بە ڕای ئێمە بۆ کورد ئەردۆغان باشتر بووە و باشتریش دەبێت لە کلیچدار."

قەرەداغی نموونەی بە سەردەمی حزبی کۆماری هێنایەوە و وتی: "لە سەردەمی حزبی کۆماری و ئەتاتورک بە هیچ شێوەک داننەنراوە بەوەی کورد هەیە و بە کوردیان دەوت (أتراک الجبل) واتە تورکی شاخەکان و زمانی کوردی قەدەغە کراوبوو من خۆم ئەگەر کتێبێم پێبوایە تیایدا نووسرابێت کوردستان ئەو کتێبەیان قەدەغە دەکرد. ئەمەیە مێژووی حزبی کۆماری. بەڵام ئێستا و لە سەردەمی ئەردۆغان زمان و قوتابخانەی کوردی هەیە، تەلەفزیۆنی کوردی هەیه."

قەرەداغی وتی: "پێموایە ئەگەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هاوکاری بکردایە و ئایدۆلۆژیەتەکە ڕێگری نەکردایە و ئەگەر بەرژەوەندی گەلی کوردی بویستایە، زیاتر شتی باشتر دەکرا بۆ کوردستان و گەلی کورد."

عەلی قەرەداغی زیاتر ڕوونی کردەوە و وتی ئەوان کە دەڵێن ئاکەپە لە جەهەپە باشترە، بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردە، چوونکە جەهەپە بە هیچ شێوەیەک دانی نەناوە بە کوردی تورکیا و بە کوردستان و بە زمانی کوردی، بەڵام ئاکەپە دەکرێت بە لایەنی کەم لە ڕووی ئیسلامەتییەوە قەناعەتی پێبکرێت بۆ بەدەستهێنانی داوای زیاتر.

ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان ئەوەشی وت: "من بەشدار بووم لەوەی هەتا ڕادەیەک ئاشتەوایی بکرێت لە نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا، بەڵام بە داخەوە لەبەر چەند هۆیەک ئەوە نەگونجا و نەگەیشتەسەر، بە تایبەتی لە دوای ئەوەی لە نێوانیاندا شەڕ ڕوویدا، هەرچەند ماوەی 4-5 ساڵ ڕێککەوتنێک لە نێوان پەکەکە و حکوومەتدا هەبوو و هەتا ڕادەیەک چەند هەنگاوێک نرا، بەڵام بەداخەوە بەردەوام نەبوو و نەگەیشتە ئەنجام."

عەلی قەرەداغی وتیشی: "سەبارەت بە پەیەدە پێش چەند ساڵ ئەوان لە کوردستانی عێراق بوونیان هەبوو لەگەڵ حزبەکانی تری سووریا، نزیکەی دوانزە حزب، من دەتوانم بڵێم کە هەوڵدرا لەلایەنی سەکردایەتی کوردی چ مام جەلال چ کاک مەسعوود کە ئەمانە کۆ بکەنەوە و کارێک بکەن و جۆرە ڕێککەوتنێک ڕێکبخرێت لە نێوان پەیەدە و حکوومەتی تورکیا. تەنانەت ئەحمەد داوود ئۆغڵو ئەو کات وەزیری دەرەوە بوو کۆبوویەوە لەگەڵ بەرپرسێکی گەورەی پەیەدە، ڕێککەوتنێک کرا و کاک مەسعوود خۆیشی هەوڵی دا لەسەر بنەمای ئەوەی ئەوان 50% حوکمیان هەبێت و 50% ی تر بدرێت بە دوانزە حزبەکەی تر بە تایبەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی لەگەڵ ئەو حزبەی ئەو کاتە سەر بە مام جەلال بوو، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەچووە سەر، ئەگەر سەریبگرتایە ئەو کاتە جۆرە پەیوەندییەک دروست دەکرا لە نێوان پەیەدە و حکوومەتی تورکی بۆ ئەوەی کە بەرژەوەندی گەلی کورد بپارێزرێت لە سووریا و لە هەمان کاتیشدا تورکیا مافی خۆیەتی داوا بکات بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت لە سنوورەکاندا."

عەلی قەرەداغی دەڵێت: "بێگومان ئێمە لەگەڵ هیچ زوڵمێکدا نین، ئەمە شتێکی جیاوازە، مەسەلەی ئەوەی ئێمە کە لە هەڵبژاردندا بەلامانەوە ئەم کەسە باشترە لەو کەسەی تر بۆ کورد و بۆ موسڵمانان ئەمە کارێکی تره."

بەشێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ چەندین جار لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤییان کردووە لە عەفرین و ئەو ناوچانەی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە دەستیان بەسەردا گیراوە."

عەلی قەرەداغی وتی: "ئێمە وەکوو کەس و وەکوو یەکێتی زانایان دوو وەفدمان نارد لەکاتی ڕوودانی بومەلەرزەکەدا، وەفدێکیان لەپێشدا چوو بوو بۆ لایەنی یارمەتی و خەیری دابەش کرد و دواتر خۆمان هاتینە جەندەریس و ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب و زۆر شوێنی تر گەڕاین، وە ئێستا بڕیارمان داوە نزیکەی 500 بۆ 600 ماڵ ئاوەدان بکەینەوە کە خاوەندارێتیان دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکی ناوچەکە کە زۆربەیان کوردن و عەرەبن، وە زۆربەشیان کوردن بە تایبەتی جەندەریس. لەبەر ئەوە ئێمە یارمەتیدەرین بۆ جێگیر کردنی ئەو کوردانە لە عەفرین و هەروەها لە جەندەریس. بە نیازیشین وەکوو لایەنەکانی بەهاناچوون کە سەر بە ئێمەن ئینشائەڵا یارمەتیدەر بین بۆ خزمەتی ئەو ناوچەیە."

عەلی قەرەداغی ئەوەشی وت: "ئێمە لەو کاتە کارەکەمان ئەوە بوو کە چۆن خزمەتیان بکەین. ئێمە (ڕابیتەی مرۆیی) کە دامەزراوەیەکە ئێمە پێش 35 ساڵ دروستمان کردووە، ئەوەش ڕۆڵێکی زۆری هەبووە لە کوردستانی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوە و بۆ یارمەتیدانی ئەو برایانە لەوێ. ئێمە کە چووین خەڵک هەمووی سەرقاڵ بوو بە مەسەلەی گرفتی بوومەلەرزەوە لەبەر ئەوە کات نەبوو باسی شتی تر بکەین."

هەروەها وتی: "بەنیازم جارێکی تریش بڕۆین و زیاتر یارمەتیدەر بین بۆ ئەو برا کوردانەمان لە سووریا. ئێمە هەم خێرخوازین و هەم خاوەنی عیلمین، دەمانەوێت خزمەتگوزار بین بۆ هەموو موسوڵمانان و بە تایبەتی گەلی کوردیش".

News Code 221479

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha