ئاماژەی ئەرێنی هەیە بۆ چارەسەریی کێشەکانی ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: لە ڕوانگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کێشەیەک لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نییە کە چارەسەری نەبێت. ئامانجی ئێمە ئەمەیە کە حوکمڕانیەکی باشتر بکەین بەتایبەتی لە دابەش کردنی باشتری بوودجە و داهاتەکان بە سەر شارەکانی کوردستاندا. ئێستا ئاماژە و نزیکایەتییەک هەیە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لە ناو حکوومەتی هەرێمدا، هیوادارین ئەو چارەسەرییە بگاتە نەتیجە.

کوردپرێس:

ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردپرێس ژمارەیەک لە گرینگترین بابەتەکانی ڕۆژەڤی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێم و پرسە ناوخۆییەکانی یەکێتی بۆ هەواڵنێرمان لێکدایەوە، هەواڵنێری کوردپرێس هەروەها بابەتی گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ ناو حکوومەت لە لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  پرسی و ناوبراو وەڵامی دایەوە: ئەگەر هەوڵەکانی ئێستامان بگاتە ئەنجام، گەڕانەوە تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی لە خۆیەوە نابێتە کێشە لەبەر ئەوە مەبدەئە سەرەکییەکە بۆ ئێمە چارەسەر کردنی کێشەکانە. ئەمە بە نسبەت حکوومەتەوە؛ بەشێکی دیکەی کێشەکان پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە هەیە، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە یاسایەکی باشی هەڵبژاردن هەبێت کە بتوانرێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات و تا ڕادەیەک پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە ببەین. لەمەیشا هەر نزیکایەتی هەیە و ئێمە هیوادارین پێش ڕووداوەکان نەکەوین و هیچ لێدوانێک یان گرژیەک نەبێتە ئەوەی کە چارەسەریەکان لە شوێنی خۆی ڕابوەستێت بەڵام بەشێوەی گشتی پێمان وایە کاری زۆر هەیە تاکوو ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت. کە کێشەکان چارەسەر کران ڕێگا لە بەردەم چاک کردنی بارودۆخی حکوومەت و خزمەتگوزارییەکانی دەکرێتەوە و هەروەها ڕێگا لە بەردەم هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستانیش واڵا دەبێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لاهوور شێخ جەنگی و شاندی یاوەری لە هەولێر لەگەڵ دوو حزبی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆ بوونەوە. شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی شاندی یاوەری شێخ جەنگی و ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی ئەو دوو سەردانەوە بە کوردپرێسی ڕایگەیاند کۆبوونەوەکان سیاسی بوون و زیادیشی کرد لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ ڕەوتە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هاوشێوەمان دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لاهور شێخ جەنگی دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەمموز لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ناکۆکی کەوتە نێوانیان، دوای ئەوەش بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند کە تەنها سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان خۆیە و حزبەکەی چیدی هاوسەرۆکی نابێت. بەڵام دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی بڕیاری دادگای وەرگرت کە ئەو هێشتا هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانییە، لەگەڵ حزبە ئیسلامییەکان لە هەولێر  کۆ بوویەوە و لە لێدوانێکی کورتدا، وتی: کە تا ئێستاش ئەندام و هاوسەرۆکی یەکێتییە. هەواڵنێری کوردپرێس سەبارەت بە جووڵە و چالاکییەکانی ئەم دواییەی لاهوور شێخ جەنگی پرسیارێکی ئاراستەی لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بەڵام وەڵامی وەرنەگرت.

هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کوردستان یەکێک لە پرسە هەرە گرینگەکانی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستانە. هەر یەکە لە پارت و ڕەوتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵویستە فەرمییەکانیاندا داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف و خاوێن دەکەن بەبێ ئەوەی دوابخرێت؛ بەمەیشەوە ژمارەیەک لە ڕەوتەکان، حزبەکانی دیکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هەڵبژاردن دوا دەخەن. ستران عەبدوڵڵا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بۆچوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمبارەوە وتی: هەڵویستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە هەڵبژاردن بکرێت و ئێمە پێمان واییە ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەتوانێت ئەم پڕۆسەیە باشتر جێبەجێ بکات و بیکات بە واقیعێک.

ساڵی ڕابردوو دوو حزب تەمەنی پەرلەمانیان درێژ کردەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی تۆماری دەنگدەران و یاسا و کۆمیسیۆن و کورسیی پێکهاتەکانیشەوە بگەنە فورم و یاسایەکی باشی هەڵبژاردن. بۆیە لەبەر ئەوە تەمەنی پەرلەمان درێژ کرایەوە و ئەو هەموو تانە و تەشەرەیش لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان درا بۆ ئەوە بوو کە بگەینە سیقەیەک لە پێکەوە بوون لە یاسایەکی باشی هەڵبژاردن. ئەگەر ئەمە بێتە کایەوە یەکێتی پێی وایە کە هەڵبژاردن باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان.

بەشێوەی گشتی نەک هەر لەنێوان یەکێتی و پارتی بەڵکوو لە هەر وڵاتێکدا کاتێک کێشە لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا دروست دەبێت هێزە سیاسییەکان دەڵێن با بڕۆین بەرەو هەڵبژاردن. هەڵبژاردن خۆی یەکێکە لە چارەسەرەکانی کێشەکانی حوکمڕانی. ئێمە پێمان وایە ئەم هەڵبژاردنە ئەگەر هەلومەرجەکانی لەبار ببێت و بگونجێت بێ­گومان دەتوانێت بەشێکی تری ئەو کێشانەش کە عادەتەن لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا ڕوو ئەدات و لەنێوان یەکێتی و پارتیشدا هەیە حەل بکات.

News Code 221404

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha