لە مۆسکۆ کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەبارەى سووریاوە بەڕێوە دەچێت

بەشی تورکیا- وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ڕووسیا، ئێران و سووریا لە مۆسکۆ بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەولوود چاوشئۆغڵو لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی TRT رایگەیاند، ڕووسیا جەختی لە وادەی یەکەم کۆبوونەوە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی نێوان ئەو چوار وڵاتە لە وڵاتەکەی کردووەتەوە کە لە ١٠ی ئایار لە مۆسکۆ ئەنجام دەدرێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد کە "ڕوون نییە تا ئێستا کێ نوێنەرایەتی ئێران دەکات لەو کۆبوونەوەیەدا ئەگەر وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان یاوەریی سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی بکات لە سەردانەکەی بۆ ئەفریقا".

لەبارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جیهانی عەرەبی لەگەڵ حکوومەتی سووریا، چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ رەخساندنی دەرفەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکەیان گرنگە.

ناوبراو راشیگەیاند: "زۆربەی وڵاتان نایانەوێت چەکی سپی بۆ گەڕانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد بدەنە کۆمکاری عەرەبی، وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت".

چاوشئۆغڵو گوتیشی: "وڵاتان دەیانەوێت رژێمی سووریا لەبارەی پرۆسەی سیاسییەوە هەنگاو بنێت، ئەمەش رێگەی یەکخستنی سووریایە، بەپێچەوانەوە رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە/ پەکەکە بەهێزتر دەبێت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی داهاتووی سووریاوە گوتی: "رەنگە دیمەنەکە (لە سووریا) لە داهاتوودا زۆر ئاڵۆز و ئەستەم بێت، ئەگەری هەیە لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە ١٠ی ئایار کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەین".

چاوشئۆغڵو لەبارەی ئەنجامی ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوان کراوەوە گوتی: "ناتوانین بەپێش ڕووداوەکانەوە بکەوین لەبارەی ئەوەی کە لەو کۆبوونەوەیە لەسەر چی رێک دەکەوین".

ناوبراو گوتیشی: "پێویستە ئیدارەی سووریا بە ڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا تا ئێستا باوەڕی بە چارەسەری سیاسیی هەیە یان پرسەکان بە سیاسیی چارەسەر بکات؟ چارەسەری دیکە لەو نێوانەدا نییە".

هەر لەمبارەیەوە چاوشئۆغڵو ڕایگەیاند: "ئەگەر ئیدارەی (سووریا) هەڵوێستی پشتیوانی بۆ چارەسەری سیاسیی نیشاندا ئەوە ئەگەری چارەسەر زیاد دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوەی ڕەت کردەوە و بڕیاری بەردەوام‌بوونی شەڕی هەموو لایەکی دا، ئەوا بەهەر نرخێک بێت، چارەسەرەی پرسی وڵاتەکە دەیان ساڵ دەخایەنێت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداریی لە مەترسی دابەشبوونی سووریا و ڕوودانی شەپۆلی کۆچ کردن بەهۆی رەوشی نالەبارەی ئابووری لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.

چاوشئۆغڵو جەختی لە پێویستی بونیادنانی پەیوەندیی باش لەنێوان وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ڕووسیا کردەوە.

News Code 221388

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha