ئامانجمان لە سەردانی هەولێر بەهێز کردنەوەی یەکێتی و پێکهاتەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامانجەکانی سەفەری لاهوور شێخ جەنگی و شاندی یاوەری بۆ هەولێر و سەردانی پارتە ئیسلامییەکانی کوردستانی لێکدایەوە و لەمبارەوە بە کوردپرێسی وت: لاهوور شێخ جەنگی سەبارەت بە مەسەلەی پڕ کردنەوەی پۆستە وەزارەییەکانی یەکێتی هەتا ئێستا ئێمە هیچ گفتوگۆیەکی نەکردووە و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانمان بریتی بوون لە مەسەلەی دووبارە ڕێکخستنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەگەڵ عێراق و مەسەلەی بوودجە و یەکێتی و ناوخۆی یەکێتی.

کوردپرێس:

شادمان مەلا حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی شاندی یاوەری لاهوور شێخ جەنگی لە هەولێر، لەبارەی کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە کوردپرێسی وت: سەردانەکە، سەردانی سیاسییە بۆ لای کۆمەڵ و یەکگرتوو و لەوانەیە لە داهاتوودا بۆ لای حزبی تر بچین هەروەها کە پێشتریش بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان چووین؛ ئامانج لە سەردانەکان زیاتر تێگەیشتنە لە واقیعی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان و هەروها مەسەلەی دووبارە ڕێکخستنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەگەڵ عێراق و مەسەلەی بوودجە و ئەم دۆخانەی کە هەیە.

ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی لەبارەی پرسە ناوخۆییەکانی یەکێتی وتی: دیارە لە ئەم گفتوگۆ و دانوستانانەش قسە لەسەر یەکێتی و ناوخۆی یەکێتی کراوە کە لە ئێستادا بە دۆخێکی زۆر زۆر خراپتدا تێدەپەڕێت.

شادمان مەلا حەسەن تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی شاندی هاوڕای لاهوور شێخ جەنگیی لەگەڵ حزبە ئیسلامییەکان لێکدایەوە و لەمبارەوە بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: مەسەلەیەکی دیکە مەسەلەی هەڵبژاردنە کە لە ئەولەویەتی هەموو دانیشتنەکانە چوونکە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دوا کەوتووە و ئەمەش نیشانە و پرسیاری خراپی لەسەر هەرێمی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی و ئەزموونەکەی داناوە و هەموو دونیا و دۆستەکانیشمان داوامان لێدەکەن کە هەڵبژاردن بکرێت و لە هەمان کاتدا هەڵبژاردنێک بێت کە جێگای ڕێزی خەڵک بێت و هەرێمی کوردستان دووپارچە نەکرێت و بە قەوارەیەکی سەربەخۆی جوگرافی بمێنێت.

لەم دواییانەدا و پاش ئەوەی کە قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکانی یەکێتیی نیشتمانی وەڵامی داواکانی شاندی حکوومەتی هەرێمیان بۆ گەڕانەوە و دەست پێکردنەوەی ئەرکەکانیان نەدایەوە، دەنگۆی ئەوە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاو کرایەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پڕ کردنەوەی ئەو پۆستانە کە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن دانوستانی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی کردووە. هەواڵنێری کوردپرێس ڕاستی و دروستیی ئەم هەواڵەشی لە کەسایەتی نزیکی شێخ جەنگی پرسی. شادمان مەلا حەسەن لەبارەی ئەم پرسە و پڕ کردنەوەی پۆستە چۆڵکراوەکانی کابینەی حکوومەتی هەرێم بە کوردپرێسی وت: سەبارەت بە مەسەلەی پڕ کردنەوەی پۆستەکان لەلایەن ئێمەوە، هەتا ئێستا ئێمە هیچ گفتوگۆیەکی لەوبارەمان نەکردووە و باوەڕیش ناکەم ئەمە شتێکی زۆر عەمەلی بێت و سەرکەوتوو بێت لە ئێستادا، چوونکە دۆخی حکوومەتی هەرێم بۆ خۆی دۆخێکی باش نییە. ئێمە دەمانەوێت حکوومەتی هەرێم حکوومەتێکی باش و ئەکتیڤ و یەکگرتوو بێت و بە بێ جیاوازی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی گشتی پێشکەش بە هەموو خەڵکی کوردستان بکات، ئەمانە هەموو کۆی ئامانجی ئێمەیە.

شادمان مەلا حەسەن لە کۆتاییدا لەبارەی هەڵویستەکان و ئامانج و داهاتووی باڵی لاهوور شێخ جەنگی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕۆڵی ئەوان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕایگەیاند: لەبارەی ئەوەیش کە لە داهاتوودا چارەنووسی ئێمە چۆن دەبێت؛ ئێمە هەتا بۆمان بکرێت دەمانەوێت لەگەڵ ئەو هەواڵانەی خۆمان ڕێکبکەوینەوە ئەوەش ئەگەر نەکرا ناتوانین لە پڕۆسەی سیاسی خۆمان هەڵاوێرین. ئێمە هەمیشە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان هەرێمێکی گەشاوە بێت و پێش بکەوێت و کێشە و ئاریشەی هیچ نەبێت نە لە ڕووی سیاسی نە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە.

News Code 221374

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha