بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسێکی نەوتی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە عێراق ئەمڕۆ شەممە 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردەی نەوتی خاوی لە کێڵگە نیمچە سەربەخۆکانی کوردستان و باکووری کەرکووک ڕاگرت، ئەمەش دوای ئەوەی بەغدا دۆسیەیەکی لە دادگای نێودەوڵەتی فەڕەنسا لە دژی تورکیا بردەوە.
لە دۆسیەیەکدا کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، بەغدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە تورکیا ڕێککەوتنێکی هاوبەشی پێشێل کردووە، بە ڕێگەدان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، "بەغدا هەناردەکردنی حکوومەتی هەرێم بە نایاسایی دەزانێت".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە رایگەیاندوە، "عێراق بەفەرمی کۆتایی بەبڕیاری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس دەهێنێت و رۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش ئاگادار کراوەتەوە کە بڕیارەکە لەبەرژەوەندی بەغدا دەرچووە".
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردۆتەوە، بەرپرسانی کەشتیوانی تورکیا بە کارمەندانی عێراقیان لە ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی جەیهانی تورکیا ڕاگەیاندوە: "بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی عێراق ڕێگە بە هیچ کەشتییەک نادرێت نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بار بکات".
Your Comment