هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردپرێسی دایەوە و لەبارەی هەڵوێستی MSD بەرامبەر داواکاریی ڕووسیا بۆ ڕادەستکردنی عەین عیسا بە دیمەشق گوت: ئەمە تەنها بانگەشەی میدیایییە و دوورە لە ڕاستی و ڕووسیا و هەسەدە داوایغان نەکردووە کە عەین عیسا ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بکرێت.
ناوبراو گوتیشی: بەڵام تورکیا بۆ ئەوەی بتوانێت وەک جاری پێشوو پێشڕەویی سەربازی لە خاکی کوردستانی سووریا ئەنجام بدات و پێش دەستپێکی دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا دەستکەوتی سەربازی دەست بخات لەبەر ئەوەی بتوانێت گوشاری زیاتر بخاتە سەر کوردی سووریا.
دەروێش گوتیشی: تورکیا چەندین جار ناوچەی زرگانی لە نزیک شاری تەلتەمەر و لە سنووری جوگرافیی عەین عیسا بۆردومان کردووە و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەربە ئەنقەرە بەردەوام لە ناوچەکە ئاگری تۆپخانە بەرپا دەکەن.
نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان زیای کرد: تا ئەم کاتەش ڕووسیا هیچ داواکارییێکی بۆ ڕادەستکردنی عەین عیسا بە دەوڵەتی ناوەندیی سووریا نەبووە بەڵام نە ئەمریکاش و نە ڕووسیاش -کە هەردووکیان لەسەر ئاگربڕ لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتوون- هیچیان چاودێریی ئاگربڕ ناکەن و تورکیاش قۆستنەوە لەم ئیهمالەی ڕووسیا و ئەمریکا دەکەن.
هۆشەنگ دەروێش ئاشکراشی کرد: پێویستە ئەمریکا و ڕووسیا هەڵوێستی شەفا لەو بارەیەوە وەربگرن و ڕێگری لە چاوچنۆکیی تورکیا بکەن.
ناوبراو زیادیشی کرد: ئەردۆغان و تورکیا هەوڵ دەدەن دەستکەوتی سەربازی دەست بخەن ئەوەش پێش هاتنە سەر دەوری سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا چوونکە دەزانن کە وەک سەردەمی ترەمپ ناتوانن هەرچی ئارەزوویان بێت لە خاکی کوردستانی سووریا بیکەن.
Your Comment