بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "ناکرێت ببینین خەڵک بەبێ پاداشت و تەنها لەبەر ژینگە دۆستی و مرۆڤ بوونی خۆی بەکۆمەڵ و تاک خەریکی دارچاندن و ئاگاداری سروشتن، بەڵام بەڕۆژی ڕووناک ببینین تورکیا بەرهەمەکانیان تاڵان دەکات".
ئەو پەرلەمانتارە لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی: "قەوارەی هەرێم و خاکەکەی و خەڵکەکەشى لەژێر مەترسی داگیرکاری تورکیایە و پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکی هەرێمیش تەماشاکەرن، ئەگەر لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم بەهانەکەی دوورخستنەوەی مەترسیە لە سنوورەکانی، تاڵانی داری دارستانەکانى هەرێم بەهانەکەی چییە؟".
ناوبراو جەخت دەكاتەوە بێدەنگی لەئاست ئەمکارە نامرۆڤانەیە لای ئێمە قبووڵنەکراوە، حکوومەتێک نەتوانێت پارێزگاری لە خاکی هەرێمەکەی بکات دەبێت چ ئومێدێکی لەسەر هەڵچنین.
بۆ بەرگری كردن لەتێكدانی سروشتی هەرێم لەلایەن سوپای توركیا و بڕینەوەی درەختەكانی كوردستان، ئاشنا عەبدوڵڵا دەڵێت: "هەموومان دەبێت هەوڵەکانی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ ئاگادارکردنەوەی حکوومەتی عێراق و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment