کوردپرێس:
بەگوێرەی نووسراوی ماڵپەڕی باس نیوز، ڕۆژی چوارشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2020 سەرچاوەیێکی کوردی سووریا ئاشکرای کرد كە دانوستاندنەكانی نێوان لایەنە کوردییەکانی کوردستانی سووریا دەستیان پێکردەوە.
ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دانوستاندنەکان لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی (گەورەترینیان پەیەدە) بە ئامادەبوونی نوێنەری نوێی ئەمریکا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کوردستانی سووریا بەڕێوە چوو.
سەرچاوەکەی كوردستانی سووریا رایگەیاندووە “دوای دابڕانێکی چەند هەفتەیی، بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەرکی زەهرە بیلی نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، یەکەم گەڕی دانوستان لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی بە ئامادەبوونی جویل رایبۆرن نێردەی نوێی ئەمریکا لە یەکێک لە بنکەکانی ئەمریکا لە حەسەکە بەڕێوە چوو”.
هەر ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە “دانوستانی کورد- کورد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسێ هەڵپەسێردراوەکان و کاروباری ئیداری و چۆنیەتی کاراکردنیان بەردەوام دەبێ، بۆ گەیشتن بە هاوبەشییەکی راستەقینە، لەسەر بنەمای رێککەوتنی دهۆک”.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد “دۆسێ هەڵپەسێردراوەکان پەیوەستن بە پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ و چارەنووسی رفێنراوانی کورد لە بەندیخانەکانی پەیەدە، هەروەها دۆسێی دیکەش لە قۆناغی دواتردا لە نێوان هەردوولا تاوتوێ دەکرێن”.
گوتیشی “ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی هەموویان دەکاتەوە بە تەواوی”.
(رێککەوتننامەی دهۆک لە 2014) سەبارەت بە حوکمڕانی و ئیدارەی هاوبەش و پارێزگاری و بەرگری، بە بنەما دادەنرێ بۆ گەیشتن بە گفتوگۆ و دانوستانی ئێستای نێوان هەردوو شاند، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی تەواو لە ئایندەیەکی نزیکدا.
جێی باسە سەرکردەیێکی کوردی سووریا رۆژی دووشەممەی رابردوو رای گەیاندبوو گفتوگۆی کورد- کورد لە سووریا بەم نزیکانە دەست پێ دەکاتەوە، دوای ئەوەی کە نوێنەری نوێی ئەمریکا گەیشتە رۆژئاوای کوردستان، بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی (گەورەترینیان پەیەدە).
Your Comment