کوردپرێس:
عەلی ڕەبیعی وتەبێژی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرێس کونفڕانسێکدا ئاماژەی بە لێدوانی هەندێک وڵاتی وەک ژاپۆن و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو لەبارەی بەشداریکردنیان لە دانوستانی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کرد و ڕایگەیاند ئێران بەردەوام پێشوازی لە دەوری ئیجابیی وڵاتێک وەک ژاپۆن دەکات کە وەک وڵاتێکی دۆست و هاوپەیمانی ئێران ناسراوە بەڵام لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە ئێران دانوستانی تازە ناکات.
ڕەبیعی گوتیشی بڕیار نیە هیچ ئەندامێکی نوێ بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە زیاد بکرێت ئەوەی هەیە گەڕانەوەی هەموو لایەنەکانە بۆ ئیلتیزامەکانیان وەک دەقی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە.
ناوبراو زیادیشی کرد: ئەمریکا بە باشی بۆی ڕوون کراوەتەوە کە دەبێت لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە چی بکات بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتنە ئیلتیزام بە پێبەندییەکانیانەوە بکەن.
شایانی باسە جۆبایدەن سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەگەڕێتەوە ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لێی کشاوەتەوە و چەند وڵاتێکی عەرەبیی کەنداویش لەم ڕۆژانەدا ئیدعایان کردووە کە پێویستە بەشێک بن لەو دانوستانەکانی ئایندەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
Your Comment