کوردپرێس:
ئیبراهیم برۆ ئەندامی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە دانووستانی کوردەکانی سووریا کرد و ڕایگەیاند: "ئەو قسە و باسانەی دژی ئەنەکەسە لە لایەن پارتی دیموکراتیکی سووریاوە کراوە چیتر لای ئێمە قبووڵکراو نیە. چەند تەوەرێکی سەرەکی کە لە دانوستانی کوردەکاندا هاتۆتە ئاراوە لەبەر خاتری بوونی ئەمریکییەکان بووە. هەر بۆیەش بۆ دەستخستنی ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە پێویستە دانوستانی نێوان ENKS و PYNK بەردەوام بێت. هەر بۆیەش پێویستە هەر دوو لا ڕێز لە یەکتر بگرن و ئەو کەسانیە لێدوانی دژی ئەنەکەسە دەدەن بەداواداچوونی یاسایییان بۆ دەکرێت. هەر کاتێک کە ئێمە لەگەڵ شاندی تورکیا یان خود دژبەرە سوورییەکان دیدار دەکەین بەوە تۆمەتبارمان دەکەن کە بەو دیدارانە خەیانەتمان کردووە بەڵام خودی پەیەدە بەردەوام دەڵێت ئامادەیە کە بە بێ مەرج دانوستان لەگەڵ تورکیا و نەیارانی سووری دیدار بکات.
بە گوێرەی نووسراوی ئاژانسی هەواڵی KRDnews ئیبراهیم بیرۆ لە وتەکانیدا ڕەخنەی لە کارنامەی ئیدارەی خۆسەری باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا گرتووە و دەڵێت: لە چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ شتێکیان لە ناوچەکە نەهێشتۆتەوە. هەموو شتیان وێران کرد. بە هێزی ئەمنی هاووڵاتییانیان برسی کردووە. هیچ گوشارێک ناخەنە سەر دەوڵەتی سووریا کە مافی کوردەکان بچەسپێنن. ئەو کارانەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و لە شەنگال کردوویەتی دەوری پەیەدە لە ناوخۆی کوردستانی سووریا دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
Your Comment