بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاندووە: "ئێمە وەکوو نوێنەرانی هەرێمی کوردستان، پێکەوە هیچ کەموکوڕییەکمان نەنواند، هەوڵێکی زۆرماندا، چەندین پێشنیارمان کرد کە پێشنیارەکان گونجاو بوون و بەرژەوەندی هەموو لایەکی تێدابوو، بەڵام شیعەکان بەدەستی خۆیان پێشنیاری کۆتاییان هێنا.
ناوبراو دەڵێت ئێمە پەیوەندیمان بە کاک خالید شوانی کرد کە لە هەرێمی کوردستانەوە هاتبوو، پەیامی گەیاند کە هەرێم ئامادەیە نەوت رادەستی بەغدا بکات، بەڵام جارێکی دیکە شیعەکان تەئکیدیان کردەوە کە دەبێت هەر ئەو بڕگەیە دەنگی لەسەربدرێت کە دەڵێت پێویستە کورد بڕی 480 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە یان هەمو نەوت و داهاتە نانەوتییەکان رادەستی بەغدا بکات، ئەوکاتە لە یاسای وەرگرتنی قەرز پشکی هەرێم دیاریی دەکەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی راشیگەیاند،"لەئێستادا پێدانی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ لەلایەن هەرێمەوە بەلاستیکی ماوەتەوە و بڕەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام ئەوان باوەڕیان وایە کە دەبێت هەموو نەوتی هەرێم رادەستی سۆمۆ بکرێت".
ڤیان سەباری باسی لەوەش کرد،"حکوومەتی هەرێم لە 31/12/2019 هاتە بەغدا و لەکاتی خۆپیشاندانەکان وتی: من ئامادە نەوت رادەست بکەم. بەڵام بەغدا ئیرادەی سیاسییان نییە نەوتەکە وەربگرن، هەروەها لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتەکەی کازمی، قوباد تاڵەبانی و وەفدی هەرێم سێجار هاتنە بەغدا، هەموو جارەکان رایانگەیاند کە ئێمە ئامادەین نەوت رادەست بکەین یاخود داهاتی نەوت رادەستبکەین، بەڵام ئەوان وتیان کە ئێستا نرخی نەوت کەم بووەتەوە بۆچی ئێستا دێن، لە وەڵامدا هەرێم وتی کە ئێمە لە ساڵی رابردووەوە کە نرخی نەوت 65 دۆلار بوو، ئامادەییمان دەربڕیوە نەوت رادەست بکەین."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی راشیگەیاند،"لەناو پەرلەمانی عێراق موئامەرەیەک هەیە دژی کورد، نوێنەرانی شیعە لە هەموو لایەنەکان، دەیانەوێت ئەوەی بە دڵی خۆیانە لەناو هۆڵی پەرلەمان ئەوە بسەپێنن و دەنگی لەسەر بدەن".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment