بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران رایدەگەیێنێت، رێگەی هاتن و چوونی گەشتیاران لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران "وەکوو جاران ئاسایی بووەوە".
لە راگەیێندراوەکەی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەراندا هاتووە، ئەوانەی گەشت دەکەن، جا چ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران یان بەپێچەوانەوە دەبێت پشکنینی کۆرۆنا بکەن. رێنماییەکان بەمشێوەیەیە:
-هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت سەردانی ئێران بکەن پێویستە باوەڕنامەی پشکنینی کۆرۆنا و ڤیزای ئێرانیان هەبێت، هەروەها لەکاتی گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دووبارە لەسەر سنوور پشکنینی کۆرۆنا بکەن.
- سەبارەت بە هاووڵاتیانی ئێرانی و بیانی، ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن لەسەر سنوور لە دوای ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا و جێبەجێ کردنی رێکارە تەندروستییەکان، دەتوانن بێنە هەرێمی کوردستان.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی هاتووچۆی گەشتیاراندا داخران.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بەیانی ژمارە 52ی رۆژی 24-10-2020 رایگەیاندبوو کە هاتووچۆی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران ئاسایی بووەتەوە، بەڵام ئەو کەسانەی دەیانەوێت سەردانی ئێران بکەن، رایانگەیاندبوو کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر ڤیزایان پێنادات.
کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر، رۆژی چوارشەممە 28-10 لەو بارەیەوە روونکردنەوەیێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتبوو: "کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کاتەوە قەیرانی کۆرۆنا سەریهەڵداوە، لە سێ دەروازەی سنووریی فەرمییەوە ئاسانکاری کردووە بۆ بازرگانان، خوێندکاران، نەخۆشەکان و خاوەن ئیقامەکان".
بەپێی روونکردنەوەکەی کۆنسوڵخانەی ئێران، لە 7 مانگی رابردوودا کۆنسوڵخانەکانی ئێران لە هەولێر و سلێمانی ڤیزەیان بە 19 هەزارو 935 کەس داوە، کە زۆربەیان بۆ سەردانی پزیشک بووە. کۆنسوڵخانەی ئێران هاوکات، هیوای خواستبوو، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بوار بۆ ئاسایی بوونەوەی هاتووچۆی خەڵک بڕەخسێنن.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60133
Your Comment