کوردپرێس:
هاوکات بوونی سەرکەوتنی بێلشڤیکەکان لەگەڵ جووڵەی عوسمانییەکان لە قەفقاز لە سەردەمی ڕاپەڕینی 1907 و پاشان درێژەکێشانی لە 1917 وەرزێکی نوێ لەو ململانێ خوێنینەیە. چوونکە لەو کاتەدا ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە هاوبەشی کردنی لەگەڵ دەوڵەتەکانی میحوەر (ئەڵمانیا و عوسمانی و ئیمپراتوریی نەمسا-هەنگاریا) بە کرداری لە بەرەی دژە ڕووسیی تێزاری هەوڵی کردنەوەی بەرەیێکی نوێی دەدا ئەوەش بە هاندانی موسڵمانانی قەفقاز. دیارە ئەمەش وەڵامێک بوو بۆ جووڵەکانی ڕووسیا و بەریتانیا لە کۆی ئەو هەرێمانەی بە دەست ئیمپراتورییەتی عوسمانییەوە بوو.
پاش ئەوەش ڕووسەکان بە هاندانی کەمینە مەسیحییەکانی ئیمپراتورییەت وەک ئەرمەنییەکانی دانیشتووی ئانادۆڵۆ هەوڵیان دا قەرەبووی ئەو هەڵمەتە بکەنەوە. بیری نەکەین کە بە شکستهێنانی قورسی عوسمانییەکان لە شەڕی جیهانیی یەکەم و جینۆسایدکرانی فراوانی ئەرمەنییەکان و هێرشی عوسمانی بۆ ئیروان و قەفقاز بە بیانووی بەرگری کردن لە موسڵمانان لە گەرماوگەرمی ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی تێزاری، شەڕی ئازەری- ئەرمەنی بوو بە گرێ کوێرە و بەداخەوە دۆزی قەفقاز زیاتر لە ڕابردوو ئاڵۆز بوو.
لە لایێکی دیکەشەوە بە سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ئەکتەوبر و پێکهاتنی دوو کۆماری ئازەربایجان و ئەرمێنیا چارەنووسی ناوچەی قەرەباغی کوێستانی کە زۆرینەی دانیشتووەکانی ئەرمەنین کەوتە ئاقارێکی تەماوی و چارەنووسێکی نادیار و لەو ڕووەوە کە ئازەربایجانییەکان لە لیژنەی دەسەڵاتی کۆمۆنیستیی نوێدا دەستیان دەڕۆیشت و نەریمان نەریمانۆف ڕاوێژکاری ستالینیش دانی پێدا نا ئەو ناوچەیە لە قەبارەی هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر و لە چوارچێوەی ئازەربایجاندا مایەوە.
لەم نێوانەدا تا ڕووخانی شەورەوی، مەسەلەی قەرەباغی کوێستانی وەک ئێسکی نێو برین مایەوە و لە کاتی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی پڕۆستریکا-گلاسنۆست گۆرباچۆف و لاوازبوونی یەکێتیی کۆمارەکانی شەورەوی ئەوەمان بینی کە شەڕەکە لە ساڵی 1988دا بە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئازەرییەکان و ئەرمەنییەکان دیسان هەڵگیرسایەوە.
پێکدادانەکان سەرەتا بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و لکانی کۆماری ئارتساخ (قەرەباغی کوێستانی) لە لایەن ئەنجومەنی حۆجێی بۆ ئەرمێنیا دەستی پێکرد و کۆماری ئازەربایجان بە هێرش کردن بۆ سەر قەرەباغی کوێستانی (1990-1994) گیرۆدەی شەڕێکی قورس بوو. هەڵبەت ئازەربایحانییەکان لەو شەڕەدا شکستیان هێنا و 7 شاری دیکەشیان پێوە لە دەست دا. شەڕی بەردەوامی چەندین ساڵە بووە هۆی ئەوەی بڕیارنامەکانی 822 و 853 و 874 و 884 لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەربکرێت و دەستەیێکی پێوەندیی مینسک پێکبهێنرێت کە لە ئەمریکا و ڕووسیا و فەڕەنسا و ئازەربایجان و ئەرمێنیا پێکهاتبوو.
دۆخی ئێستا:
ئێستا پاش نزیکەی سی ساڵ لە ئاگربڕی 1994 کۆماری ئازەربایجان بە پڕچەککردن و مەشق کردنی فراوان بە سوپاکەی خۆی و بە یارمەتیی داهاتی نەوت و بە بەشداریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل و تورکیا هێرشی کردۆتە سەر چەند ناوچەیێک کە ئیدعا دەکات داگیرکراون و تا ئێستاش توانیویەتی بەشێک لەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکات.
پێکهاتەی نوێی ئەم شەڕە مێژووییە دەوربینینی چەند دەستتێکەڵێکی وەک ئیسرائیل و تورکیا لە شەڕەکەدا ئاشکرا دەکات. پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە پەرەسەندنی دەسەڵاتی تورکیا لە ناوچەکە دیاردەیێکی نوێ نیە و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی هەژموونی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و قەفقاز و باکووری ئەفریقا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵئاوایی کردنی تورکیای نوێ لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و کەڵەکەبوونی غەرەزی ڕووخانی ئەو ئێمپراتۆرییەتە کە 1924 ڕووخا. دابەش کردنی خاکی ئیمپراتوورییەتە شەکەت و بیمارەکەی عوسمانی لە ساڵی 1924 و دابەش بوونی بەشێک لە ناوچە نەوتخێزەکان کە ئێستا ناوی عێراق و سووریا و ئەردن و لوبنانی لێ نراوە بۆ دەوڵەتەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ هەمیشە غەرەز و گرێی لە دڵی ئەو وڵاتەدا ڕوواند و گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی عوسمانییەکان بوو بە ڕوئیا و ئارەزوومەندیی چینی دەسەڵاتداری تورکیا و هێزە نەتەوەپەرەستە ئاینییەکانی ئەو وڵاتە. خاوەن دەسەڵاتەکانی ئەو وڵاتە هەموو دەرفەتێکیان قۆستۆتەوە بۆ گەڕانەوە بەرەو شکۆی سەردەمی عوسمانییەکان و لە پێناو خولقاندنەوەی دەسەڵاتی هەرێمیی عوسمانییەکان هەموو توانای هزری و کەلتووری و ئابووری و تەنانەت سەربازیی خۆشیان بە شێوەیێک لە شێوەکان بەکار دەهێنن.
بەو مەبەستەش پاش ئەوەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆکوەزیرانی پێشووی دەوڵەتی تورکیا پڕۆژەیێکی پێشکەش کرد بە ناوی "قووڵاییی ستراتێژیکی" ئەوەش بە ڕوانگەی "تەنگەژەی بەیاز لەگەڵ دراوسێکان"، فەرماندەی هێزی دەریایی "جەم گورد" لە ساڵی 2006دا وتارێکی بە ناونیشانی ستراتێژییەتی دەریایی "نیشتمانی ئاوی" پێشکەش کرد. ئەم دەستپێشخەرییە باسی ئەوە دێنێتە ئاراوە کە ڕووبەری خاکی و ئاویی تورکیا پەرەپێبدات ئەوەش بە پاساوی هەنگاوە ڕژدانەکەی ئەو وڵاتە لە دەریای ناوەڕاستی بەری خۆرهەڵات وەک بەرەی پێشووی هێڵی بەرگریی تورکیا. "نیشتمانی ئاوی" جەخت دەکاتە سەر هەموو جومگەکانی پێکهاتەی "خولقاندنەوەی دەەسەڵات" و ئەو ستراتێژییەتەش نەخشەڕێگاکەی داودو ئۆغڵۆی کێشایە ژێر پرسیار کە بە "تەنگەژەی بەیاز لەگەڵ دراوسێکان" ناوی لێهێنابوو.
ئەگەرچی سەرەتا ئەردۆغان بە هاوشانیی داوود ئۆغڵو دەستپێشخەریی تەنگەژەی بەیاز لەگەڵ دراوسێکانی بە پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ سووریا دەست پێکرد بەڵام ڕەوتی هەستانەوەی هاووڵاتییان لە وڵاتانی عەرەبی لە 2011، ئەردۆغانی خستە تەماحەوە و "جەک گورد" هانی ئەردۆغانی دا کە لە بەرامبەر "تەنگەژەی بەیاز"دا نەخشەڕێگای "نیشتمانی ئاوی" هەڵبژێرێت. هەر بۆیەش ئەردۆغان لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا لە ئیخوان موسلیمین نزیک بوویەوە و ئێستاش هەبوونی لە لیبیا و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سیسی لە میسر ئەنجامی پەرەپێدانی ئایدیای ستراتێژییەتی نیشتمانی ئاوی و جێبەجێ کرانی ئەو پڕۆژەیە بووە.
چوونی تورکیا بۆ لیبیا لە ئارمانج و ڕوئیا بەرزەفڕی تورکیا بۆ داگیرکردنی مەدیتەرانەی خۆرهەڵات سەرچاوە دەگرێت. ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە مانگی جانیڤێریی 2018 نووسیی: تورکیا دەگەڕێتەوە سەر خاکەکانی عوسمانی. ئەم یادداشتە ئیدعای ئەوەی کردووە کە هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە دە وڵاتدا جێگیر کراون و ئێستا تورکیا پاش ئەمریکا دووهەم وڵاتە کە سوپاکەی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و قەفقاز و خۆرهەڵاتی ئاسیا و باکووری ئەفریقا بڵاوە پێکردووە.
ژمارەیێک لە ڕەخنەگرانی ناوخۆی ئەردۆغان بڕوایان وایە کە نەخشەڕێگای "نیشتمانی ئاوی" لەگەڵ نەخشەڕێگای "تەنگەژەی بەیاز" دژەیەکن. بەڵام دیارە نەخشەڕێگای "تەنگەژەی بەیاز" ئەو دیوی قرانەکەی "نیشتمانی ئاوی"یە و بە واتایێکی تر "نیشتمانی ئاوی" لە ناوەرۆکی "تەنگەژەی بەیاز"دا خولقاوە. چوونکە ئەگەر سیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە یەکی نەگرتبا و هێزە کارتێکەرە سیاسییەکان کۆدەنگ نەبوونایە "نیشتمانی ئاوی" سەری نەدەگرت.
لەپێناو بەهێزکردنی ئەو نەخشەڕێگایە و لە ساڵوەگەڕی سەد ساڵەییی پەیمانی "لۆزان"دا کە تورکیا بە پەیمانێکی شەڕمەزاری دەزانێت، ئەردۆغان مۆزەخانەی ئەیاسۆفیای کردە مزگەوت و سەرباری دۆخی مەترسیداری کۆرۆنا، هەزاران کەس نەتەوەپەرەستی لایەنگری ئەردۆغان وەک هێمایێک لەو مزگەوتەدا کۆ بوونەوە و بەوەش هەنگاوە سیاسییەکەی ئەردۆغانیان بە کارێکی بێ وێنەی نیشتمانی و ئاینی نواند و بەم کارەیان کۆڵەکەی نەخشەڕێگای "نیشتمانی ئاوی"یان ئەستوور کرد و لە چوارچێوەی سەرهەڵدانەوەی ئیمپراتۆرییەتی نوێ ناساندیان.
پێویستە ئەوەش بزانین کە ئەیاسۆفیا مزگەوتێکە کە پێشتر کەنیسە بووە و پاش دامەزرانی تورکیای نوێ لە لایەن موستەفا کەمال پاشاوە بۆ قەناعەت پێهێنانی مەسحییەکان و نزیک بوونەوەی زیاتر لە ڕۆژئاوا کرایە مۆزەخانە. گەڕانەوەی مۆزەخانەکە بۆ مزگەوت، تامەزرۆییی عوسمانیخوازنی نوێی تورکیا لە نیو سەدەی ڕابردوودا بوو.
لە لایێکی دیکەشەوە دەنگۆی بووژاندنەوەی ویلایەتی مووسڵ کە سێ پارێزگای نەینەوا و کەرکووک و سلێمانی و تەنانەت خانەقینیش لە خۆ دەگرێت لە مێشکی عوسمانیخوازانی نوێی تورکیادا سەری هەڵداوە و ئەو وڵاتە ئێستا لە باکووری عێراق زیاتر لە 50 بنکەی سەربازیی کردۆتەوە.
خاڵی گرینگ ئەوەیە کە تەنانەت هاوپەیمانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە هاوپەیمانێتیی تورکیا دەترسێن و مەترسیی ئەوەی هەست پێدەکەن کە لە ئان و ساتدایە پڕۆژەی "نیشتمانی ئاوی" ڕوو بدات.
ئەگەرچی سووریا بە پشتگیریی ڕووسیا هەوڵی بونیاتنانی ئەیاسۆفیای نوێ لە دیمەشق دەدات کە کۆپلەیێکی بچووکە لە ئەیاسۆفیا بەڵام ئەو مەسەلەیە ناتوانێت جووڵە هەرێمییەکانی ئەردۆغان بخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
تورکیا لە سەدەی ڕابردوودا هەرگیز نەیشاردۆتەوە کە چاوی تەماحی خستۆتە سەر عێراق و ئەردۆن و لوبنان و سعوودیە و کەنداوی فارس و باکووری ئەفریقا و یۆنان و دەریای ناوەڕاست.
ئەو خاڵانەی ئاماژەیان پێکرا دەلالەتن لە سەر میراتی فیکریی نەخشەڕێگایێکی بەرفراوان و کاربۆکراو لە عەقڵییەتی سیاسیی دەوڵەتی نوێ تورکیا. ئەردۆغان پاش سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنی 2012دا چەند وتەی جێی سەرنجی بە زاردا هێنا کە بیستنیان بێ سوود نابێت: ناوبراو لە وتارێکی توندی خۆیدا لە نێوان لایەنگرەکانیدا وتی: تورکیای داهاتوو گەورەترە لەم تورکیای ئێستا هەیە. ڕەنگە ئێوەش ئاگادار بن کە ئێمە لە 780 هەزار کیلۆمەتردا جێگامان نابێتەوە و ئێستا سنوورە فیزیکییەکان و سنوورە معنەوییەکانیش (مەبەستی ڕەگەزە)ی ئێمە لەگەڵ یەک جیاوازن. برایانی ئێمە لە مووسڵ و کەرکووک و حەسەکە و حەلەب و حومس و مسراتە و سکۆپیە و کەریمە و قەفقاز ئەگەرچی هەموویان لە دەرەوەی سنووری ئێمەن بەڵام هەموویان لە سنووری مەعنەوی و هەستی ئێمەدان. ئێمە لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا کە دەیانەوێت گەلی ئێمە و مێژوومان بۆ 90 ساڵی حکوومەتی پاش عوسمانی کورت بکەنەوە دەوەڵتین و ئێمە هەموو ئامادەکارییێکی پێویست دەکەین. بە دەقی وانەی قوتابخانەکانماندا دەچینەوە و لە قوتابخانەی سەرەتایییەوە دەست پێدەکەین. (وتاری حەماسیی ئەردۆغان لە ڕێوڕەسمی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی 2012)
ئەو تێزە تەنها لە ئەدەبیاتی سیاسەتوانانی ئەو وڵاتەدا کورت نابێتەوە بەڵکوو لە ڕۆحی زاڵی سەر کەلتوور و شارستانییەتی نوێی ئەواندا جێگیر بووە. لە همان وتاری سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکان ناوبراو دەشڵێت: ئەمڕۆکە هاووڵاتییانلە ئەستەمبۆڵەوە تا بۆسنی سەرکەوتوون. لە ئیزمیرەوە تا بەیرووت و لە ئەنقەرەوە تا دیمەشق و لە دیاربەکرەوە تا ڕاموڵا و ترابلۆس و جنین (کەمپی ئاوارەکانی جنین) و کەناری ڕۆژئاوا و قودس و غەزە سەرکەوتوون. ئەمڕۆکە لە تورکیاوە تا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و قەفقاز و باڵکان و ئەورووپا سەرکەوتوون.
نموونە زۆرن کە لێرە بابەتەکەمان درێژ دەکاتەوە بەڵام ناکرێت ئەم وتە مێژوویییەش باس نەکەین کە دەڵێن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم لە زنجیرە درامای مێژوویی و بەناوبانگی "پایتەختی عەبدولحەمیدخان" وتوویەتی. سوڵتان عەبدوڵحەمیدی ثانی هێمای نوێکردنەوەی شکۆی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییە و لە ساڵانی 1876 بۆ 1909 لە تورکیا دەسەڵاتی بە دەستەوە بووە و وەک بەدەسەڵاتترین پاشاکانی کۆتاییی سەردەمی عوسمانییەکان ناوی هێنراوە. ناوبراو هەمان کەسایەتییە کە توانیی کۆمەڵگای موسڵمانان بۆ سەردەمێک لە بەرامبەر هێرشی ڕۆژئاواییەکان یەکدەنگ بکات و بەو بۆنەیەشەوە لای تورکە عوسمانییەکان وەک هێمای دیانەت و سیاسەت باسی لێدەکرێت.
لە زنجیرە درامایێکی درێژدا کە بە ناوی خۆیەوە دروست کراوە ئاوا دەڵێت: ئازەربایجان لە دڵ و مێشکی ئێمەدایە. تەورێز و ورمێ و شەڵماش شاری تورکەکانن. ئێمە هەر کاتێکی دابێت ئەو شارانە وەردەگرینەوە. ڕەنگە ئەرکی ئەوان (دانیشتووانی شارەکان) فراوان بێت بەڵام ئەرکی ئێمە داواکردن و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ناوچانەیە. ڕەنگە ئەمڕۆ نەکرێت بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان دێت کە لە تەورێز ئاڵای تورک هەڵبکرێت. (لە سکۆنسێکی زنجیرە درامای 119 ئەڵقەییی پایتەختی عەبدولحەمید وەرگیراوە کە سەردار ئاکار کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و ساڵی 2017 بەرهەم هێنراوە.)
چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان کە چین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەسەڵاتی زیاد دەکات و لە بەشە جۆربەجۆرەکانی سیاسەت و ئابووری و سەربازیدا بەهێز دەبێت و لە لایێکی دیکەشەوە دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوتی شیل و قازانجی دەرهێنانی ئەو نەوتە و سەرکەوتنی نرخی نەوتی خاو، وای کردووە ئەمریکا هێدی هێدی بیر لە چۆڵ کردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە و بەرەو ئەقیانووسی ئارام بکشێت.
تورکیا لە نەبوونی ئەمریکادا دەرفەتی گونجاوی دەبێت بۆ ئەوەی پەرە بە عەقڵییەتی فرەخوازیی خۆی بدات نەخوازەڵا ئەگەر کێشەی پەنابەران و وەستانی ئابووری و قەیرانی کۆرۆنا و کێشەکانی دیکەشی سووک ببن. لەو کاتەدا لە زۆر کەرتی پڕتەنگەژەی وەک قەرەباغی کوێستانی بۆی دەست دەدات.
ئێستا کە تورکیا دەستی داوەتە گۆڕەپانی ململانێی بۆ کۆتاییی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو وڵاتە تەنها ئەوەی پێکراوە کە سووریا و عێراق و لیبیا و باکووری ئەمریکا ناسەقامگیر بکات و هیچی تری پێ نەکراوە و نەیتوانیوە لە هیچ وڵاتێکی ئەم لیستەدا بە شێوەیێکی سیستەماتیکی کار بکات. هۆکاری سەرلێشێواوییەکەشی ئەوەیە نەخشەڕێگای "نیشتمانی ئاوی" کارامە نەبووە.
وتەی کۆتایی
تورکیا بە ڕاگەیاندنی تێزی "یەک گەل- دوو دەوڵەت" کە ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو ئێستا خوێندنەوەیێکی نوێی لە شەڕی مێژووییی ئازەری و ئەرمەنی خستۆتە بەردەست. لەو ڕووەوە پێشتریش تورکیا دەستی نەخێری ناوە بە سینگی ئەبولفەزڵ ئێڵچی بەیگەوە کە یەکەم سەرۆککۆماری پان تورکی ئازەربایجانە، ئێستا ئەردۆغان هەوڵ دەدات ئەو ڕابردووەی بۆ قەرەبوو بکاتەوە.
ئێستا ڕووسیا بەرژەوەندی و تەماحی تورکیای لە سووریا خستۆتە مەترسییەوە و ئەردۆغان هەوڵ دەدات لە هێرشەکەی ئازەربایجان بۆ قەرەباغ لە نێو ڕای گشتیدا جێگەی پێی خۆی پتەوتر بکات و سەرنجی ڕەوتە توندڕەوەکان و نەتەوەپەرستەکانی نێوخۆی تورکیا ڕابکێشێت. ئەوەشمان بیر نەچێت کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی تورکیا و بەتایبەت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەووڵاتە و بەتایبەتتر لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەمبۆڵ پارتی دادوگەشەپێدان لە بەرانبەر پاڵێوراوی پارتی کۆماریخوازی گەل شکستی هێنا و ئاکپارتی لاوازتر بوو.
ڕاگەیاندنی تێزی یەک گەل لە دوو دەوڵەت کە ئەردۆغان ڕایگەیاند و ڕاوێژکارەکانیشی بە ئاشکرا لێدوانیان لەبارەی هێرشی کۆماری ئازەربایجان بۆ سەر باشووری ئەرمێنیا و لکاندنی خاکی ناوچەکە بە نەخجەوانە کە دیارە بە تورکیاوە دەلکێت و لکانی ئانادۆڵۆ بە دەریای خەزەرەوە و هاتنی هەزاران تیرۆریست بۆ ناوچەی باکووری خۆرئاوای ئێران پەردەیێکی دیکەی نەخشەڕێگای نیشتمانی ئاوییە و زەنگی مەترسیی جیدییە بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاسایشی نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
دەستوەردانی بەئەنقەست و ئامانجی دیاریکراوی تورکیا لە ململانێکانی ئازەربایجان و ئەرمێنیا لە سەر ناوچەی قەرەباغ هیچ گرێیێک ناکاتەوە و بەپێچەوانەشەوە دۆسیەیێکی کراوە دەخاتە سەر دۆسییە کەڵەکەبووەکانی تورکیا لە ناوچەکە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی شوێندانەری ناوچەکە هیچ جۆرە دەستدرێژی و داگیرکارییێک لە مەسەلەی قەرەباغدا قبووڵ ناکەن. کە وا بوو چ پاساوێک بۆ بە ئەتنیکی- ئاینی کردنی ئەو ململانێیە لە نێوان کۆمەڵگەی ئازەری و ئەرمەنیدا هەیە؟ دیارە نە باکوو کەربەلایە و نە ئەنقەرەش بەیتولموقەدەسە و نە ئیروانیش تلاڤیڤە بەڵکوو کۆمەڵێک ململانێی مێژووی لە نێوان دوو وڵاتە دراوسێکەدا هەیە کە شایستەی ئەوەیە بە گوێرەی بەرژەوەندیی نیشتمانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
Your Comment