کوردپرێس:
لەتیف ئەپوزدەمیر سکرتێری گشتیی پارتی ماف و ئازادی «HAK-PAR» لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە پێکدادانی ئەم دوایییەی نێوان پەکەکە و پارتی کردووە و دەڵێت: کوردەکان نزیک بە سەد ساڵە کە هەوڵی دەستخستنی ئەستاتویێکی سیاسی دەدەن و خۆشحاڵن بەوەی نزیکەی 15 ساڵە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریان لە چوارچێوەی فیدراڵیزمدا لە کۆمەڵگەی دەولی و لە عێراق دانی پێدا نراوە. ئەمەش لا هەموو تاکێکی کوردی سەربەست و نیشتمانپەروەر شتێکی زۆر گرینگە و بەو بۆنەیەشەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لای کوردەکان جێی بایەخ و ڕێزە و پێویستە ڕێز لە حکوومەتەکە بگیردرێت.
ناوبراو زیادی کرد: هەرێمی کوردستان تا ئەمڕۆکە دەروازەکانی خۆی بۆ هەموو کوردێک کردۆتەوە و پێشوازیی لە هەموو تاک و حیزبێک کردووە و بەگوێرەی دانپێدانراانی و بە گوێرەی توانای خۆی توانیویەتی داکۆکی لە سەر مافی کورد بکات.
سکرتێری گشتیی پارتی ماف و ئازادی «HAK-PAR» ئاشکراشی کرد: پەکەکە ساڵانی ساڵە کە لە هەرێمی کوردستان بە نایاسایی و ناشەرعی خەریکی چالاکی کردنە و لەوەش خراپتر ئەوەی دوژمنایەتی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم دەکات و زۆر ناوچەی خاکی هەرێمی داگیر کردووە و جووڵەی چەکداریی تێدا دەکات.
لەتیف ئەپوزدەمیر ئاشکراشی کرد: ئەم کارانەی پەکەکە بۆتە هۆی ئەوەی تورکیا بە بیانووی شەڕی دژبە تیرۆر بێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ ئەوەش ناوچە سنوورییەکانی هەرێم تۆپباران بکات و زیانی قورس لە سروشت و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان بدات.
ناوبراو ئاماژەی بە جووڵەی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردو گوتی: پەکەکە ساڵانی ساڵە هاووڵاتییانی گوندنشینی سنووری هەرێمی ئاوارە کردووە و ڕێگەیان پێ نادات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سکرتێری گشتیی پارتی ماف و ئازادی «HAK-PAR» بیریشی هێنایەوە: جووڵەی پەکەکە خزمەتکردنە بە دەسەڵاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ سوودی بۆ کورد نیە.
ناوبراو گوتیشی: پەکەکە ساڵانی ساڵە کە لە شەنگال دەستی کردووە بە کردنەوەی بارەگا و کێشەی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە و هەوڵی داوە کە حکوومەتی هەرێم لاواز بکات و ئەستاتۆی فەرمی و فیدراڵیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای گرووپەکانی ترەوە هەڵبوەشێنێتەوە.
لەتیف ئەپوزدەمیر زیادیشی کرد: پەکە خزمەت بە دەوڵەتە دژبەرەکای کورد دەکات و نیازیەتی بە یارمەتیدانی لایەنی تر حکوومەتی فەرمی و فیدراڵیی هەرێمی کوردستان لە ناو ببات و بۆ ئەمەبەستەشی خۆی لە هیچ کارێک نەبواردووە.
ئەو سیاسەتوانە کوردەی تورکیا کە دژی پەکەکەیە زیادیشی کرد: پەکەکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. چەند ڕۆژ لەوە پێش هێرشی کردە سەر پێشمەرگەی هەرێم لە چەمانکێ و لەو هێرشەدا پێشمەرگەیێک گیانی بەخت کرد و چەند پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. پەکەکە بەم ڕەفتارەی سەلماندی کە دژی بەرژەوەندییەکانی کورد و کوردستانە.
سکرتێری گشتیی پارتی ماف و ئازادی «HAK-PAR» لەبارەی کاردانەوەی حیزبەکەی بە ڕووداوی چەمانکی بە کوردپرێسی وت: ئێمە وەکوو پارتی ماف و ئازادی ئەو ڕەفتارەی پەکەکە ئیدانە دەکەین و ئەو ڕەفتارانە دژی نیشتمانپەروەری دەزانین و خواستی دوژمنانی پێ جێبەجێ دەکرێت. پارتەکەی ئێمە پشتگیریی دەستکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەو ڕەفتارانەی پەکەکە بە دژایەتی کردنی کورد و مافی کورد دەزانێت و پێشمان وایە ئەگەر ئەو ڕەفتارە بەردەوام بێت سووکایەتیی گەورە بە هاووڵاتیی کورد کراوە.
Your Comment