دەبێت کێشەی کەرکووک لەسەر بنچینەی ماددەی 140ی دەستوور چارەسەر بکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەکێشەی ناوچە کێشەلەسەرکان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی پێشوازی کردن لە تەرمی نەجمەدین کەریم رایگەیاند، ئەو بەسەربەرزی ژیا و بەسەربەرزی یادی دەکەینەوە و ئازایەتییێکی کەرکووکییانە و گەرمیانییانە لە خوێنیدا هەبوو.

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، "یەکێک بوو لەوانەی جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو مام جەلال بوو. ئەو عاشقی کەرکووکیش بوو و وەک خۆی دەیگوت 'کەرکووک بۆ ئەو وەکوو دڵ وایە'. بۆیە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کاری بۆ کەرکووک دەکرد".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە کارەکانی نەجمەدین کەریم لە کەرکووک کرد و گوتی، "گەورەترین بووژاندنەوەی کەرکووک لەسەردەمی ئەودا بووە". نەخۆشخانە، رێگەوبان و خزمەتگوزاریی ناوخۆیی بۆ پارێزگاکە دابین دەکرد و "ساڵانە نزیکەی 400 پرۆژەی لە کەرکووک جێبەجێ دەکرد".

ناوبراو درێژەی دا نەجمەدین کەریم درکی بەوە کردبوو کە کەرکووک کێشەی سەرەکییە لە عێراق، بە دڵسۆزیشەوە کاری دەکرد بۆ ئەوەی کێشەکانی کەرکووک چارەسەر بکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت، "بەداخەوە" بەهۆی پابەندنەبوونی لایەنە عێراقییەکان بە ماددەی 140ـی دەستووری، وایکردووە کێشەی کەرکووک بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە، "ئەوەش زیانی زۆری هەیە بۆ هەموو عێراق".

نێچیرڤان بارزانی پێیشیوایە، ئەو کێشانەی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەن، تاوەکوو دوابخرێن زیاتر دەبن، گوتیشی "دەبێت کێشەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی دیکە بە دیالۆگ و لەسەر بنچینەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق چارەسەربکرێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210744

Your Comment

You are replying to: .
captcha