بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق 9 ئاکتەوبری 2020 لەسەر ئاسایی کردنەوەی دۆخی شەنگال ڕێککەوتن. یەکێک لە بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە چوونە دەرەوەی هەموو هێزەکانە لەشەنگال لەوان ئەو هێزانەی کە سەر بە پەکەکە-ن.
گۆڤاری نەشناڵ ئینترێستی ئەمەریکی لەبارەی سەرنەکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە هۆشداری داوە چوونکە بڕوای وایە ئەمەریکا دەستوەردانی ناشیانەی لە پرسەکانی عێراقدا هەیە لەوان بابەتی شەنگال.
گۆڤارەکە باس لەوە دەکات کە ئەمەریکا مەیلی وایە کە هاوپەیمانیێک کە لە تورکیا و حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شەنگال و دەڵێت ئەمەریکا پشتگیری تەواو لە تورکیا دەکات و ئەو وڵاتە زیاترین بەرژەوەندیی لەو ڕێککەوتنە دەست دەکەوێت.
گۆڤاری نەشناڵ ئینترێست داو لە دەوڵەتی ئەمەریکا دەکات لەبری دەستوەردانی ناشیانە لە کاروباری شەنگال حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر گوشارەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەڕێوەبردنی باشتری وڵاتەکەیان.
گۆڤارەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق تەرکیز لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بکەن هۆکارێک دروست دەبێت بۆ دوور کەوتنەوەی هێزەکانی شەنگال لە پەکەکە.
نەشناڵ ئینترێست هۆشداری دەدات دەستوەردانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان لە سووریا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و ئەمەریکا بەردەوامە لە ئەو سیاسەتە هەڵەیە و ڕەنگە لە شەنگالیشدا ئەم پرسە دووپات ببێتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment