کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەمە 27ی تشرینی یەکەمی 2020 دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە سەر پرساندنی کابینەکەی مەسروور بارزانی بەڕێوە چوو و لە ئەنجامدا بە دەنگی زۆرینە پەرلەمانتاران و بە پشتگیریی زەقی پارتی و یەکێتی و گۆڕان متمانەی دوبارە بە کابینەی ئێستای حکوومەت هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی درایەوە.
تەوەری پرساندنەکە لە سەر میحوەری مووچەی فەرمانبەران بوو و لە دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ پرساندنی حکوومەتی هەرێم، ئەو پەرلەمانتارانەی کە واژۆی پرساندنیان کردبوو بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد هۆکارەکەش ئەوە بوو کە بەرپرسانی حکوومەت ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون ولە ڕێگای نامەوە وەڵامی پەرلەمانتارانیان دابوویەوە.
لەدانیشتنەكەدا بەدەنگی 81 پەرلەمانتار کۆتایی بە بابەتی پرساندنی حکوومەت هێنرا و هەریەكە لەسەرۆكی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان و پارتی بڕوایان بەوەڵامەكانی (مەسروور بارزانی، قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب بوو كە لە ڕێگەی نامەوە وەڵامی پەرلەمانی كوردستانیان دایەوە.)
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا بەهۆی ئامادەنەبوونی بەرپرسانی حکوومەتەوە ئەو پەرلەمانتارانەی یاداشتی لێپرسینەوەکەیان واژۆکردبوو بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و ڕایانگەیاند ناکرێت پرساندن بەبێ ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەت بکرێت.
Your Comment