ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پووچەڵ کردنەوەی چەند هێرشێکی تێکدەرانەی راگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پووچەڵ کردەوە و چەندین کەسیشیان دەستگیر کردوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشدا، دوو پیلان پووچەڵ کرانەوە کە یەکێکیان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان پووچەڵ کرانەوە، هەندێک لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتوی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لە لایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون".

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕیار بوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، ئاگادارکراونەتەوە و رێکاریی پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلوماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، "دوای لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونی ورد، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم، چەندین کەسیان لە پەیوەند بەم پیلانەدا دەستگیر کردووە، لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتیش(ئینتەرپۆل)ەوە داوای هەماهەنگیی و هاوکاریی، لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەی تێوەگلاو لەم پیلانەدا".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "لە کەیسی یەکەمدا 12 کەسی گومانلێکراو هەن کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە، هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەورووپا، کە پیلانی هێرش کردنە سەر کونسوڵگەرییێک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلوماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو، ئەمە جیا لە هەوڵەکانیان بۆ پەلاماردان و هێرش کردنە سەر کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان و وڵاتانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان".

لە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "لە دوای چاودێری کردنی گرووپەکە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆ زیاتر لە چوار مانگ، توانرا گیانی چەندین کەس بپارێزرێت و چەندین گومانلێکراویش دەستگیر بکرێن لە نێویاندا دوو هاوڵاتی سووری هەن، گومانلێکراوان بەپێی ماددەی 1ی یاسای 21ی ساڵی 2003 ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە".

ڕوونیشیکردوەتەوە، لە کەیسی دووەمدا، دوای زیاتر لە ساڵێک بەدواداچوون، تا ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون و هەمویان هاوڵاتی عێراقین، ئەم گرووپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری توندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە، هەروەها پلانی هێرش کردنە سەر دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبوو، بەم زوانە گومانلێکراوان، بەپێی ماددەی 1ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "گرووپی سێیەم، دوای بەدواداچوون و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژەهەواڵگریی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، هێزەکانی پۆلیس توانیان حەوت کەسی گومانلێکراو کە هەر هەموویان هاوڵاتی عێراقین، بە پێی ماددەی 1ی یاسای 21ی ساڵی 2003 و بە بڕیاری دادگا دەستگیر بکرێن، بەداوداچوونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی دیکە کە بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروست کراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و سەربازیی لە بارەی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی، هەروەها پلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دابوو، گرووپەکە، زانیارییان لە گەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕ کردووە. ئێمە حکوومەتە بیانی و دەزگا هەواڵگرییە پەیوەندیدارەکانمان لەم ئۆپەراسیۆنە و ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بە دەستمان خستوون، ئاگادار کردوەته‌وه‌".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210585

Your Comment

You are replying to: .
captcha