ڕێبەری باڵای ئێران: سووکایەتی کردن قبووڵکراو نیە نەخوازەڵا ئەگەر سووکایەتی کردن بە بەرپرسانی حکوومی بێت

بەشی ئێران- ڕێبەری باڵای ئێران لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر گازندە و ڕەخنەی توندی لایەنە ناوخۆیییەکان بەرانبەر بە دەوڵەتی ڕۆحانی و ڕایانگەیاند: ڕەخنەگرتن لەگەڵ سووکایەتی کردن دوو شتی جیاوازن و سووکایەتی کردن حەرامە نەخوازەڵا ئەگەر سووکایەتی بە بەرپرسانی حکوومی بکرێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی شەمە 3ی گەڵاڕێزانی 1399 بەرانبەر بە 24ی تشرینی یەکەمی 2020 ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لەگەڵ تیمی دەوڵەت و بەرپرسانی ژووی کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا دیداری کرد و لە دیدارەکەدا چەند خاڵێکی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و زەروورەتی پاراستنی یەکڕیزیی لایەنە نێوخۆیییەکان ئاشکرا کرد.

ڕێبەری باڵای ئێران لەبارەی ئەو ڕەخنە توندانەی بەرانبەر بە دەوڵەت گیراون و زۆر جار بۆتە سووکایەتی کردن بە دەوڵەت و شەخسی سەرۆککۆماری ئێران ڕایانگەیاند: بە ئاشکرا پێتان دەڵێم کە سووکایەتی کردن لەگەڵ ڕەخنەگرتن دوو شتی جیاوازن و سووکایەتی کردن قبووڵ کراو نیە نەخوازەڵا ئەگەر سووکایەتییەکە بە بەرپرسانی باڵای حکوومی بکرێت.

ئایەتوڵا خامنەیی زیادیشی کرد لە ئێستادا وڵاتی ئێران زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەیە بۆ سەرجەم لایەنەکانی بانگهێشت کرد بو کاری پێکەوەیی و تەگبیرکردن لە پێناو تێپەڕاندنی دۆخی سەختی ئابووری لە سەردەمی کۆرۆنا.

ڕێبەری باڵای ئێران سپاسی ژووری بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناشی کرد و داوای لە بەرپرسانی پێوەندیدار کرد زیاتر مشووری کۆنتڕۆڵ کردنی کۆرۆنا بخۆن کە دۆخێکی سەختی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە و بەو مەبەستەش پێویستە چارەسەر و ڕێگاچارەی تازە بدۆزرێتەوە و هەموو لایەنەکان و هاووڵاتییانیش یارمەتیدەری تیمی ژووری کۆنتڕۆڵی کۆرۆنا بن.

لای خۆیەوە سەرۆککۆماری ئێرانیش ڕاپۆرتێکی لەبارەی هەنگاوە جێبەجێ کراوەکانی دەوڵەت لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەش کرد و سپاسی پشتگیرییەکانی ڕێبەری باڵای ئێرانی کرد.

لە لێدوانێکیشدا وەزیری تەندروستیی ئێران ستایشی هەڵوێست و پشتگیریی ڕێبەری باڵای ئێرانی کرد و ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕێنمایییە پێشووەکانی ئەو ژوورە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کۆرۆنا ڤایرۆس پێشکەش کرد.

News Code 210556

Your Comment

You are replying to: .
captcha