کوردپرێس: ئاری عەبدولـلەتیف، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆنگرەی 12ـی حزبەکەی باسی لەوەکردووە: "بێ گەڕانەوە و پشتبەستن بە دوێنێ و مێژوی ڕابردوو، بێ ھەڵچنینی خەونی ئایندەی نەھاتوو، دوور لە ھەنگاوی تەشریفاتیی و سیاسەتی موماتەڵە و خۆخواردنەوە و ڕەحم کردن بە درێژەدان بە مەفسەدەی کار، 2020/11/1 کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی دەبەسترێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەگەر ئەندامان، بە ھۆشیارییێکی بێ لام و جیمەوە، بە تێپەڕاندنی عەواتیف و مەحسوبییەت و مەنسوبییەتەوە، بە فۆکس لەسەر دانان لەسەر برین و زەخمە ئۆرگانییەکان و پەنجەی تیمار وەردان لەسەریان، ساتەوەختی گەرمی کۆنگرە، وەک دکتۆرێکی خودان زانست و ئەزموونی بێ ڕەحم، ھەستن بە ئەدای ئەسڵی خۆیان، بێ گومان کۆنگرەکە، بونیاد و ئەمڕۆیی دەبێت و بە نێتی دوانزەی ڕەبیعەوە، دوانزە خشتی ڕۆنانکار دادەنێن و ئەم حیزبە لەم نائۆرگانیی و ناسیستەمیی و بێ مەرکەزییەتە قوتار دەکەن".
ئەو کادرەی بزووتنەوە باس لە گرنگی نوێ کردنەوەی کارنامە و سەرکردایەتی حزبەکەی دەکات و لەم بارەیەوە نووسیویەتی، "ئەگەر لە بری سەدان ئەندام تەنانەت دوانزە پارادایم بێنە ناو ھۆڵی کۆنگرە، لەوە خاترجەمم کە ھەیکەلی بزووتنەوە بە ڕیفۆرمێکی سەردەمییانەوە لە دوای کۆنگرە دەبینینەوە، پلانی ئەی و بییش سەری نەگرت، پلانی سیی پیادە بکەن، کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕادەستکردنی بزووتنەوە بە ھەر زەید و عەمرێک کە بزووتنەوەن و ڕیکلامیش بۆ دڵسۆزایەتیی بێتام ناکەن".
ئەوەشی خستوەتەڕوو، دوور لە ترس و دۆڕان و کۆرۆنا، نامومکینە کۆنگرە لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا نەکرێت، کات زوو نییە و گرنگە، شوێنیش ناگرنگ ئەگەر لە مزگەوتی دوورە دێیێکیشدا بێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment