«بەکر حاجی عیسا» بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە ناوچەی فورات لەوەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئەمەریکا چ کاریگەریێکی لەسەر دۆخی کوردەکانی سووریا دەبێت، ڕایگەیاند: دەوڵەتی ئەمەریکا دەوڵەتێکی دیموکراتیک و جێکەوتووە و بەڕێوەبەرایەتیەکەشی لەسەر بنەمای ڕێکخراوە چاودێڕیەکانەوەیە. دەوڵەتی ئەمەریکا هەوڵ بۆ بەرژەوەندیی میللەتی ئەمەریکا دەدات. سەرۆک کۆمار دەتوانێت لە سیاسەتی ئەمەریکادا ڕۆڵ بگێڕێت بەڵام هاوشێوەی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان بۆی نییە دەست بەسەر هەموو لایەنەکانی دەسەڵاتدا بگرێت چوونکە ناوندە چاودێرییەکانی ئەمەریکا کونترۆڵی ئاکاری سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان دەکەن.
ناوبراو درێژەی دا: ئێمەش وەکوو کوردستانی سووریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵکی خۆمان سیاسەت دەکەین. لەسەردەمی شەڕی داعشدا دەوڵەتی ئەمەریکا یارمەتی ئێمەی دا دژ بە تیرۆریزم و بە هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئیمپراتۆریەتی داعش ڕووخا.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک زیاتر وتی: ئێمە داوا لە دەڵەتی ئەمەریکا دەکەین هەر بەو شێوە کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک دەکاتە بەردەنگ ئاماژە بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بکات و دانی پێدا بنێت و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵمان تەنها سەربازی نەبێت.
بەکر حاجی عیسا وەبیری هێنایەوە: جیاوازی لەوەدا نییە چ کەسێک وەکوو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵدەبژێردرێت ئێمە هیوامان وایە ئەو کەسەی هەڵدەبژێردرێت دان بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بنێت و هاوکارییە سیاسییەکانی لەگەڵمان پەرەپێبدات.
ناوبراو لەبارەی وتەدانە سیاسییەکانی دوو کاندیدی سەرۆک کۆماریی ئەمەریکا لەبارەی کوردەوە؛ وتی: بایدن لە وتەکانیدا زۆر ڕوون و ئاشکرا لەبارەی بابەتەکان ڕای دەربڕی. ناوبراو وتی پاڵپشتی کورد دەکات و ڕێگا نادات ئەردۆغان جارێکی تر هێرش بکاتەوە سەر کورد.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەیەدە جەختی کردەوە: ئەگەر ترەمپ شکست بێنێت زیاتر لە هەموو کەسێک ئەردۆغان زەرەرمەند دەبێت. بایدن لە بەرنامەی هەڵبژاردنەکەیدا بەرژەوەندیی خۆی زیاتر بە کوردەوە گرێداوە. ئێمە سیاسەتی خۆمان نەبەستووەتە ئەمەریکاوە و بڕوامان بە خەڵکەکەمان و دەسکەوتە سیاسی و فەرهەنگییەکانمان هەیە.
بەکر حاجی عیسا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لەناوچەی فورات وەبیری هێنایەوە: ئێمە هەوڵ دەدەین کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان فراوان بکەین. ئێمە هێرشمان نەکردۆتە سەر کەس و داوا لە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا دەکەین ڕەوایەتی بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردستانی سووریا بدات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment