بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەنراوێکدا کە لەبارەى شەڕى میدیایی چەند رۆژى رابردووى نێوان پارتى و یەکێتى بڵاوی کردوەتەوە، فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاندووە:
لە کاتێکدا کە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بەقۆناغێکی سەختدا تێدەپەرێت و میللەتەکەمان لەبەردەم قەیرانێکی قووڵی دارایی و خەمی مووچە و نەبوونی کار و خزمەتگوزاریدایە، لەبرى چارەسەری ئەو سەختییانە و چاک کردنی ژیانی خەڵک و خێرا کردن لە ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەری نەبوونی مووچە و یەکخستن و بە نیشتیمانی کردنی هێزە چەکدارەکان و دانانی بناغەیێکی پتەوی ئابووری نیشتیمانی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەرئاستی مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ھەردوو تیمیان لە حکوومەتی ھەرێم، خەریکی هەڵدانەوەی لاپەرە رەشەکانی مێژوون.
لە درێژەدا هاتووە: ئەمانەش لەکاتێکدا ئەرکی ھەردوو هێزەکە و تەواوی هێزەکانی کوردستان پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی میلەتەکەمانە، ئەرکی ھەردوو تیمی حکوومەتیشیان خزمەت کردنی ھاوڵاتیان و جێبەجێ کردنی بەرنامەی حکوومەت و ئەنجامدانی چاکسازیی و دژایەتی گەندەڵی و قاچاخچێتی دەروازە سنووریەکانە، نەک تێوەگلان لەکێشە سیاسیەکان و خۆش کردنی ئاگری شەڕ و ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە .
فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان وێڕاى جەخت کردنەوە لەوەى کە بەھیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەدا نین، راشیگەیاندووە، دەبێت بایی ئەوەندە ئاوڕ لە رابردوو بدەینەوە کە ئەزمونی لێوەرگرین بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو، هەڵە و خراپی و کەموکورتیەکان دووبارە نەکەینەوە تا ئاڵای کوردستان و خاک و نەوەکانی ئێستا و داهاتوومان پارێزراو بن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment