سوید: هەڵمەتی ڕەشبگیریی تورکیا دژی کورد قبووڵکراو نیە/ تورکیا بەرپرسیارە لە دابەش کردنی خاکی سووریا/ چاوش ئوغڵو: ئێوە دەمڕاستی سووریا نین

بەشی تورکیا- پاش کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا و سوید، هەردوو وەزیر کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان کرد و تێیدا وەزیری دەرەوەی سوید تورکیای بە بەرپرسیار زانی لە ئەو وەزعەی لە قەرەباغ و لە سووریا و لە دەریای ناوەڕاست ڕوو دەدات. وەزیری دەرەوەی تورکیاش وتەکانی ڕەت دەکاتەوە و تا ئاستی دەمەقاڵە قسەیان بە زۆران دا.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2020 لە ئەنقەرە، مه‌ولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئان لیندی، وزیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری دەرەوەی سوید هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر توركیا و پارتی داد و گه‌شه‌پێدانـی به‌ هه‌ڵگیرساندنی ململانێ له‌ سووریا لیبیا و قه‌ره‌باغ تۆمه‌تباركرد، سەرباری تۆمه‌تباركردنی تورکیا به‌ به‌رده‌وامیدان به‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی وڵاتانی ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست.

وەزیری دەرەوەی سوید هێزەکانی تورکیای بە داگیرکەر پێناسەکرد و داوای كرد ئەو وڵاتە هێزه‌كانی لە سووریا بكشێنێته‌وه‌.

هەروەها ئه‌نقه‌ره‌ی به به‌رپرس له‌ دابه‌شكردنی خاكی سووریا و چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد له‌ سووریا تۆمه‌تبار كرد، وتیشی: زیادبوونی پێشێلكارییه‌كان و هه‌ڵمه‌تی ره‌شبگیری به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو له‌ دژی كورد له‌ ناوخۆی توركیاش به‌ هه‌موو شێوه‌یێک ره‌ت دەکەینەوە".

لەبەرامبەر ئەو وتانەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتەکانی هاوتا سودییەکەی رەت کردەوە و وتی:"ئێوه‌ چ سیفه‌تێكتان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داوامان لێ بكه‌ن له‌ سووریا بكشێینه‌وه‌، ئێوه‌ ناتوانن داواكارییێكی له‌م جۆره‌ لێمان بكه‌ن"، هەروەها چاوشئۆغلۆ، سویدی به‌ پشتیوانی كردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) تۆمه‌تبار كرد.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا وتی: "ئایا سووریا ئیداره‌ی سوید یان یه‌كێتیی ئه‌ورووپای كردووه‌ته‌ بریكاری خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی داوامان لێ بكه‌ن له‌ خاكه‌كه‌ی بكشێینه‌وه‌؟".

لەبارەی ناوچەی قەرەباغەوە، چاوشئۆغلۆ وتی:" حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وه‌ستاندنی جه‌نگ له‌ قه‌ره‌باغ ناداته‌وه".

سه‌باره‌ت به‌و پێشێلكاریانه‌ش كه‌ به‌رامبه‌ر مافی كورد له‌ دیاربه‌كر و سوریا و عێراقیش ده‌كرێت و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ئاماژه‌ی پێکرد، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگەیاند: توركیا جیاكاری له‌ نێوان هیچ گروپێكی كوردیدا ناكات، چ له‌ ناوه‌وه‌ یاخود له‌ده‌ره‌وه‌ و وتی: "سەرجەمیان تیرۆرستن و پشتگیری له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن".

News Code 210419

Your Comment

You are replying to: .
captcha