کوردپرێس:
ئاژانسی بەغدا یەومی عێراقی ڕایگەیاند نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەیاننامەیێکدا بڵاوی کردۆتەوە کە قاسم ئەعرەجی لە دیدار لەگەڵ باڵوێزی تورکیا پێوەندییە دوو قۆڵییەکانی عێراق و تورکیا و بژاردەکانی بەهێزکردنی ئەو پێوەندییەیان تاوتوێ کردووە.
هەر بە گوێرەی بەیاننامەکە لەو دیدارەدا ئەعرەجی جەختی کردۆتە سەر گرینگیی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و داوای بەهێز کردنی ئەو پێوەندییە و ئاسانکاری کردن و سڕینەوەی لەمپەرەکانی کردووە بۆ دەستخستنی پێوەندییێکی هاوسەنگ لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و قازانجی هاوبەش.
لەو دیدارەدا باڵوێزی تورکیاش جەختی کردە سەر زەروورەتی قووڵ کردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هەروەهاش بانگهێشتی فەرمیی وڵاتەکەی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند بۆ ئەوەی سەردانی ئەنقەرە بکات.
Your Comment