کوردپرێس:
ڕۆژی هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2020 رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە ئامادەبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی هەرێم و بەغدا، رێککەوتنێکی باش کراوە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەمنی، سەربازی و ئیداریی شنگال.
مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا ئەو ڕێککەوتنەی هەنگاونان بە ئاراستەیێکی دروست و ئیجابی زانی و سپاسی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراقی کرد.
دەقی پەیامەکەی بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال هەنگاوێكی ئیجابی و بە ئاراستەی دروستە. دەستخۆشی لە هەردوو حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەو ڕێككەوتنە كە دەبێتە هۆی ئاساییكردنەوەی ژیانی هاووڵاتیان لەو ناوچەیە و كەمكردنەوەی ئێش و ئازاری خوشك و برایانی ئێزیدی و گەڕانەوەی ئەو خەڵكەی بەهۆی بارودۆخی چەند ساڵی ڕابردوو و پەلاماری تیرۆریستان تووشی نەهامەتی و ئاوارەیی ببوون.
هیوادارم ئەو هەنگاوە گرنگەی هەردوولا دەستپێكێكیش بێت بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
Your Comment