مەحموود عوسمان: تورکیا بازرگانی شەڕە/ توركیا به‌سه‌ر په‌كه‌كه‌دا زاڵ ببێت دواتر په‌لاماری پارتی و یه‌كێتی ده‌دات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەحموود عوسمان سیاسەتمەدار و ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، بە ئازادکردنی، یاخود بە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجه‌لان شەڕ تەواو دەبێت، چوونکە ئۆجه‌لان بۆ ئاشتی کار دەکات، بەڵام تورکیا و گرووپە حوکمڕانییەکەی بازرگانی شەڕن، حەزیان لە شەڕە و دەیانەوێت ئەو شەڕە بەردەوام بێت. ئەگەر بتوانن بەسەر پەکەکەدا زاڵ بن لە دوای پەکەکە پەلاماری پارتی دەدەن، پەلاماری یەکێتی دەدەن، چوونکە خۆیان لە بنەڕەتدا دژی کوردن.

کوردپرێس:

مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری کۆنەکاری کورد له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ فورات نیوز رایگه‌یاندووه‌: حکومەتی ئەردۆغان دوژمنی کوردە و بابەتەکە تەنها ئۆجالان نییە، تورکیا دوژمنی پەکەکەیە، دوژمنی کوردستانی تورکیایە، دوژمنی هەرێم و دوژمنی کوردستانی سووریاشە بەهەمان شێوە، بابەتەکە کەسێک یاخود حزبێک نییە، ئۆجالان لە ڕیگەی ئاشتییەوە زۆر چوویە پێشەوە بۆیان، بەڵام بە دڵیان نەبوو، ئەوان دەیانویست ئۆجالان دژی پەکەکە بوەستێتەوە و دەیانوت سەرکردایەتیی قەندیل باش نییە. لە پاش ئەوە بڕیاریان دا و پەلاماری کوردستانی سووریارو هەرێمی کوردستانیان دا و ئۆجالانیان گۆشەگیر کرد لە پێناو ئەوەی قسە نەکا و خەڵک نەبینێ.

مەحموود عوسمان ئه‌وه‌شی وت: "هەموو کەس ئەوەش دەزانێت لە بنەڕەتدا زیندانیکردنی ئۆجالان ناحەقە و دژی یاسای نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام لە ئێستایا گۆشەگیریشی دەکەن کە ئەوگۆشەگیرییەش دژی دەستووری تورکیاشە."

لە 9ی ئۆکتوبەری ساڵی 1998 بە سەرکردایەتیی هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەرووپا و تورکیا و ئیسرائیل و گەلێک وڵاتی تر پیلانگێڕییێک لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد، بەهۆی ئەو پیلانگێڕییە و روونەدانی شەڕ ئۆجەلان سوریای بەجێهێشت و ڕووی لە وڵاتانی ئەورووپا کرد، دوای گەشتێکی بەرفراون لە ئەنجامدا لە ١٥ شوباتی 1999 لە وڵاتی کینیا رفێنرا.

مەحموود عوسمان ئاماژەی بەو بابەتە دا و وتیشی: "ئامانج لە پیلانگێڕییەکەی ئەو ساڵە، کە ئۆجه‌لانیان لە سووریا دوور خستەوە لە ژێر فشاری تورکیا و ئەمریکا، کە ئەگەر دووری نەخەنەوە ئەگەری هەیە شەڕ لەگەڵ سووریا بکەن، پاش ئەوە ئۆجالانیش نەیویست کێشە بۆ سووریا دروست بکات، خۆی و کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی دوور کەوتنەوە. کاتێک دوور کەوتنەوە ئیتر پلانەکە بە سەرپەرشتیی ئەمریکا دەستی پێکرد، ئەمریکا ڕۆڵێکی زۆر خراپی گێڕا بە جۆرێک نەمانزانی بۆچی بەو شێوەیە دژایەتیمان دەکات. لە کۆتاییا ئەنجامەکەیمان بینی کە چی ڕووی دا، ئۆجالان چوو بۆ ئیتاڵیا و ماوەیێک لەوێ مایەوە، پاشان چوو بۆ کینیا و لە کینیا ڕفاندیان بۆ تورکیا."

مەحموود عوسمان درێژەی پێدا: "ئەم پرۆسەیە ئەمریکا سەرپەرشتیی ئەکرد، دەستی تورکیای تیابوو و لە هەندێک لایەن دەستی ئیسڕائیلیشی تێدابوو، تەنانەت ئەورووپاش لەبەر ئەمریکا کەسیان نەیانتوانی قسە بکەن بە ئاستێک کەسیان نەیانتوانی زیندانیشی بکەن لای خۆیان، ئەو پلانە گەورەیە لە دژی کورد بوو بە گشتی، چوونکە مژار نەتەوەی کوردە نەک تاکە کەس. بەداخەوە پلانەکە سەرکەوت و بردیان زیندانیان کرد."

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ده‌شڵێت: "ئۆجه‌لان لە ناو پەکەکە و لە ناو خەڵکیشدا کاریگەریی زۆرە، بە بڕوای من تورکیا ئەگەر بەرژەوەندیی خۆی بزانێت ئازادی دەکات، چوونکە ئۆجالان بۆ ئاشتی کار ئەکات و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، بەڵام تورکیا شەڕی دەوێت و نایەوێت ئەو شەڕە کۆتایی پێ بێت."

مه‌حموود عوسمان ڕوونیشی كرده‌وه‌: "بە ئازادکردنی ئۆجالان یاخود بە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجالان ئەو شەڕە تەواو دەبێت. تورکیا و گرووپە حوکمڕانییەکەی بازرگانی شەڕن، حەزیان لە شەڕە و دەیانەوێت ئەو شەڕە بەردەوام بێت، بە تۆمەتی بێ بنەما بۆ نمونە دەڵێت، کورد تیرۆریستە، تورکیا لە ئەنقەرەوە دێت پەلاماری ڕۆژئاوا دەدات، پەلاماری باشوور دەدات ئەوە کاری تیرۆریستییە، بەڵام کورد پاراستنی خۆی دەکات، بۆچی ئەوەی خۆی بپارێزێت تیرۆریستە، بەڵام ئەی ئەوەی کە دێت هێرش دەکات چییە؟.

مەحموود عوسمان لە کۆتاییدا گوتیشی: "ئەوان تیرۆری دەوڵەت بەکار دەهێنن بەرامبەر کورد، ئەگەر بتوانن بەسەر پەکەکەدا زاڵ بن لە دوای پەکەکە پەلاماری پارتی دەدەن، پەلاماری یەکێتی دەدەن، چوونکە خۆیان لە بنەڕەتدا دژی کوردن".

News Code 210360

Your Comment

You are replying to: .
captcha