کوردپرێس:
جەزای سەید مەجید، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رایگەیەندراوێكدا وەڵامی وتەکانی هیوا گەیلانی ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی داوەتەوە کە سەبارەت بە کەسایەتیی لاهوور شێخ جەنگی دوابوو و وتبووی پارتی، لاهوور جەنگی بە خاوەن بڕیاری نێو یەکێتی نازانێت.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، لاهوور شێخ جەنگی بە ڕەمز و شکۆی نێو یەکێتی ناو دەبات و دەڵێت: "چەند رۆژێكە بە پیلان و مەرامێكی گڵاو ژمارەیێک لە سەركردایەتی و كادیرانی پارتی لە كەناڵەكانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاوە پەلاماری رەمز و شكۆی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان جەنابی شێخ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی دەدەن، كە بەخەیاڵ پڵاوی خۆیان دەهۆڵی ئەوە دەكوتن كە یەكێتی لە ناو ناكۆكی و ململانێدایە، دەیانەوێت ڕای گشتی چەواشە بكەن و چاو و سەرنجی خەڵك لەسەر ئەو قەیرانە یەك لەدوای یەكانەی پێ پەردەپۆش بكەن كە سەرۆكەكانیان خولقێنەرین."
ناوبراو مێژووی پارتی بە شەرمەزار دەزانێت و ئیدعا دەکات کە پارتی خەیانەت و کوردفرۆشتنی داهێنا و هۆکاری لێدوانەکان دژی لاهوور شێخ جەنگی بەوە دەزانێت کە ناوبراو لە هەموو ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تورکیا و سووریا و عێراقیش پێگەی بەهێزە و پارتی چاوی بەو پێگەیە هەڵنایەت. دەشڵێت: "باشیش دەزانین كوێتان دێشێ! چاوتان بە سەروەرییەكان و سەركەوتنەكانی یەكێتی و كۆنگرەی چوارەم و خۆشویستنی لە ڕادەبەدەری كۆمەڵانی خەڵك لە هەر چوار پارچەی كوردستان و كوردانی تاراوگە بۆ كاك شێخ لاهور و پێگە و پایەی لە هەرێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی ئیقلمی و جیهانیدا هەڵنایە، ناچار سیربخۆن و زۆڕنا بژەنن."
لەكۆتاییدا وتوویەتی"بەخۆتان و ئاغاكانتان دەڵێین ئیستغلالی پەرۆشیمان بۆ یەكریزیی نێو ماڵی كورد مەكەن كە قوربانیی زۆرمان لە پێناودا داوە، ئەو دەم ڕووت و بێ شوناسانە بێ دەنگ و دەم كوت نەكەن ئەوا مێژوی پڕ خیانەتی پارتە تۆتالیترەكەتان لە ١٩٤٦وە هەتا هەنووكە و پیلانە گڵاو و بۆگەنەكاتان ئاشكرا دەكەین و هەرچی لە ژێر بەڕەیە دەیخەینە سەر بەڕە و دەست لە سەرۆكەكانتان و هیچ كەسێكتان ناپارێزین."
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە ٧ی ١٠ی ٢٠٢٠، لاهوور جەنگی، هاوسەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەوان لەسەر چەند پرسێك لەگەڵ پارتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتیان ئەنجام داوە و یەکێتی زیاتر لەوەی ئەرکی بووە بەرپرسیارێتیی قبووڵ کردووە و هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتنیشی کرد ئەگەر بێتو خاڵەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆی حكوومەت لەوانە چاكسازی و پرسی لامەركەزی، جێبەجێ نەكرێن.
پاش ئەم لێدوانە بڵند ئیسماعیل، ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە میانەى لێدوانێکى بۆ میدیاى حزبەكەی وەڵامى لێدوانەکانى لاهور شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى یەکێتى دایەوە و رایگەیاندبوو: "هەرچەندە گرووپێكی نێو یەكێتی لەو كاتەوەی حكوومەت پێكهێندراوە، شان نادەنە بەر بەرپرسیارێتی و هەر خەریكی موزایەدە و چەواشەكارین، بەڵام پارتی پابەندە بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی و قسەی یەكێتیش تەنیا لە یەكێتییە راستەقینەكان وەردەگرێت".
لە لێدوانێکی دیکەشدا هیوا گهیلانی، ئهندامی سهركردایهتیی پارتی بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "پارتی بۆ مامهڵهكردن لهگهڵ یهكێتی، له روانگهی لاهوور جەنگییەوە سیاسهت لهگهڵ یهكێتی ناكات، وهك كەس پارتی مامهڵه ناكات، وهك موئهسهسه مامهڵه دهكات، ئاوا سیاسهت دهكات، بۆیه زۆرجار لهملا و لاولا دهبیستین كه ههندێك كهس لهناو یهكێتی دهیانهوێت دنهی پارتی بدهن، بهڵام پارتی دهزانێت چی دهكات و ئهمانه به ههڵوێستی فهرمیی یهكێتی وهرناگرێت“.
ناوبراو لە دووپاتیشی کردبووەوە: ”لاهوور جەنگی ئەوە نییە كە پارتی وەك نوێنەری یەكێتی مامەڵەی لەگەڵدا بكات، بەڵكوو مامەڵە لەگەڵ ئۆرگانە فەرمییەكانی یەكێتی و خاوەن بڕیارە راستەقینەكانی حزبەكە دەكات، لە ڕێی كەسێكی وەك لاهوورەوە موخاتەبەی یەكێتی ناكات“.
Your Comment