کوردپرێس:
له گفتوگۆيێكى ته‌له‌ڤزيۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى (بالثلاثة)ى كه‌ناڵى ئه‌لشه‌رقييه نيووز كه كاژێر 11ى شه‌وى پێنجشه‌ممه 2021/4/22 پێشكه‌ش كرا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، باسى له دۆخى عێراق به‌گشتى كرد و ڕوانگه‌ى خۆى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و داهاتووى وڵات خسته ڕوو.
دیمانەکە لە شەش بەشدا لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە و لێرەدا بەشی چوارەمی ئەو دیمانەیە دەگوازینەوە:
بەشی چوارەم:
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: له خاڵێك وه‌ستاین كه هاوپه‌یمانیی سیاسی و سه‌ردانه‌كانت بۆ به‌غدا و دیدارهكانت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سیاسیی عێراق بوو، ئایا هه‌ستت به‌وه كرد كه ئه‌وان ئه‌رێنی بن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته و كاكردن له‌گه‌ڵ عه‌قلی سیاسیی نوێ؟
نێچيرڤان بارزانى: هەموویان باسی لێوه ده‌كه‌ن، بەڵام پێناچێت هیچ بیرۆكهیێكی دروست هەبێ کە بە چ شێوەیەک بێت، جارێ هێشتا هەر قسەیە. وەک بیرۆكه‌یه‌ك کەسێک پێشكه‌شی بكات و بڵێت بیرۆكه‌كه بەم شێوەیە، تا ئێستا نەمبینیوە و نییە!
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: كاك نێچیرڤان ئه‌مڕۆ باسی كێشه‌ی زۆر هه‌ستیار و گرنگ ده‌كرێت كه ئه‌ویش ده‌ستووره، سوننه ده‌ڵێت ده‌ستوور بۆ كورد و شیعه نووسراوه، ئایا كورد له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه و گۆڕانكاریكردن له ده‌ستووره كه داوای شه‌قام و داوای خۆپیشاندانه‌كانی تشرینیشه؟
نێچيرڤان بارزانى: وەک بنه‌ما هەر گۆڕانکارییەک خزمەتی عێراق و دۆخی عێراق بکات، وەک کورد بە هیچ شێوەیەک ڕێگر نین و پێمانخۆشە، دەبێت دابنیشین بزانين ئایا ئەو مادە دەستووریانە چین کە ڕێگرن؟ کام مادەی دەستووری ڕێگرە لەوەی خزمه‌تگوزاری بۆ عێراق پێشكه‌ش بكرێت؟ کام مادەی دەستووری ڕێگرە عێراق بەرەو پیشەوە بڕوات؟ ئەگەر دابنیشین و قسه له‌سه‌ر ئه‌مانه بكه‌ین، بێگومان وەک کورد به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقمان دەوێت، به‌رژه‌وه‌ندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقمان دەوێت. لەبەر ئەوە بۆ ئێمە زۆر ئاساییه دانیشین و قسەيشی لەسەر بکەین بزانین ئەو مادانەی ئەگەر بیانگۆڕین به ڕاستی خزمەتی عێراق بە شێوەیەکی گشتی دەکەن؟ گه‌ر وابێت بێگومان دەیکەین.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: با پرسیاره‌كه به شێوه‌یه‌كی دیكه بكه‌ین، ئایا به‌ڕێزتان له‌و بڕوایه‌دان كه ده‌ستووری عێراق به سیغه و ماده‌ی ئێستایه‌وه مافه‌كانی عێراق له زاخۆ تا فاو دابین ده‌كات؟
نێچيرڤان بارزانى: تەنها شتێک کە هەمانە ئەو دەستوورەیە، ئەوەی هەمانە وەک به‌ڵگه‌نامه لەبەر دەستمان هەبێت ئەو دەستوورەیە، ئینجا ئەگەر دەستوورەکە کەموکوڕی تێدایە با چاره‌سه‌ری بکەین، ئەگەر کەموکوڕی تێدا نییە با جێبەجێی بکەین، بەڵام ئیستا بەدیلی دەستوورمان نییە لە عێراق، ئەوەی هەیە وەک گرێبه‌ستێك و به‌ڵگه‌نامه‌يه‌كى سیاسی، هەر ئەو دەستوورەمان هەیە.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابى سه‌رۆك، هاوكارم هیشام پرسیارێكی زۆر گرنگی ورووژاند كه ئه‌ویش بابه‌تی قۆناغی سیاسیی نوێ بوو، ده‌مه‌وێ پرسیاره‌كه‌م به گوتنه‌كانی كه‌مێك پێش ئێستای جهناتبانهوه ببستمه‌وه كاتێك ناوی سه‌ددام حوسێنت هێنا گوتت (خوا لێی خۆش بێت) به ڕاستی ئه‌مه سه‌رنجی ڕاكێشام، ئه‌مه ئه‌وه نیشان ده‌دات كه ئێوه جددیه‌تێكی واقعیتان بۆ به‌جێهێشتنی ڕابردوو هه‌یه و ده‌ست به قۆناغێكی سیاسیی نوێ بكه‌ن كه له هه‌موو ڕكابه‌رییه‌كی سیاسیی داشۆراو بێت؟
نێچيرڤان بارزانى: دروست وایه، هه‌ر کەسێک بمرێت و دنیای جێهیشت، زۆر ئاساییه خه‌ڵك پێی بڵی خوا لێی خۆش بێت، جا هه‌ر كه‌سێك بێت. لە هەرێمی کوردستان و سیاسیانی ئێمە دەمانەوێت فۆكه‌س لەسەر ئاينده‌ى عێراق بكه‌ین، ئاينده‌يه‌ك هەموو هاووڵاتییەکی عێراق تێیدا هەست بکات بەشێکە لەو ئایندەیە، ئەو ئایندەیەش بتوانێت خۆشگۆزەرانی و خۆشی بۆ هەموو گەلی عێراق بەدی بهێنیت.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابى سه‌رۆك، هه‌ر كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به ئاراسته‌یه‌كی ڕاستدا ڕۆیشت، هه‌ندێك كێشه دروست ده‌بن، ئایا ده‌توانین بابه‌تی زیاتر له جارێك بۆردومانكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر كه پێشوه‌چوونی تێدا كرا و فڕۆكه‌ی درۆنی تیادا به‌كارهێنرا، به‌وه‌وه ببه‌ستینه‌وه كه هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن ڕێگری له باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ناوه‌ند و هه‌ولێر ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كان تێك ده‌ده‌ن؟
نێچيرڤان بارزانى: به بڕوای ئێمه بۆردومانكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، پێشهاتێكى زۆر مه‌ترسيدار بوو بۆ سه‌قامگیریی سیاسیی هەموو عێراق. با جارێ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك لەسەر هێزەکانی ئەمه‌ریکا بدەم، ئه‌و هێزانه‌ی ئەمه‌ریکا کە لە هەولێر و هەرێمی کوردستان هەن، لە چوارچێوەی ڕێکكەوتنێکدا لێرەن کە لەنێوان بەغدا و واشنتۆندا کراوە، نەك لەنێوان هەولێر و واشنتۆندا، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق سەیری ئەم بابەتە دەکات، واته لە هەرێمی کوردستان شتێکی تایبەت و جیاواز نييه لەوەی لە بەغدا لەگەڵ هێزەکانی ئەمه‌ریکا هەیه. بابه‌ته جه‌وهه‌ریه‌كه چییه، ڕه‌نگه بیروبۆچوونەکان جیاواز بن، لە هەرێمی کوردستان له‌و باوه‌ڕه‌داین كه تا ئێستاش عێراق بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی پێویستی بە پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە، پێویستی بەوە هەیە ئەمه‌ریکا و وڵاتانی هاوپەیمان یارمەتیی عێراق بدەن. ڕه‌نگه خەڵکی دیكه بۆچوونێکی جیاوازیان هەبی، ئەوەی دەمەوێ بڵێم ئەوەیە، هێزەکانی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان لەسەر بنه‌مای ئەو ڕێکكەوتنهی لەگەڵ بەغدا کراوە لە عێراقن. بۆ زانیاریتان لە هەموو ئەو شوێنانەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا هەن، هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی هەیە، تەنها ئەوە نییە هەرێمی کورستان لەوێ بێت، نوینەری بەغدا لەو لیژنهيەدا هەیە، نوێنەری هەرێم هەیە، نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانانیش هەیە، کەواتە هەرچی هەیە پێکەوە دەکرێت و ئهركهكهشیان ئاشكرایه كه یارمەتیدانی عێراقە لە شەڕی داعشدا. ئەوەی کراوە، ئەم هێزانە زۆر بەداخەوە دەیانەوێ هەموو دەسەڵاتە سیاسی و ئەمنیيهكانی دەوڵەتی عێراق بخه‌نه ژێر پرسیار و به کەم ببینرێن، مەعقوول نییە ئەمڕۆ تاقمێک لە دەرەوەی حکوومەتی عێراق و لە دەرەوەی په‌يكه‌رى ئەمنی و سەربازيی عێراق هه‌بێت ئەو مافه بە خۆی بدات ئه‌م كاره لە هەرێمی کوردستان بکات. ئەو تەکنەلۆژیایه‌ی بەکاریش هاتووە، ئەو تەکنەلۆژيایه نییە تەنها حزبێکی سیاسی هەیبێت، تەکنەلۆژیایەکە لایه‌نێك لە پشتييهوهيهتى، بەتایبەتی هێرشی ئه‌م دوايييه درۆنێکی زۆر گەورە بووە. بەداخەوە پێمان وا نییە ئەم پێشهاته خزمەتی عێراق و سه‌قامگیریی عێراق بکات.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابى سه‌رۆك، به‌پێی ئه‌نجامه بهراییيهكان گه‌یشتنه ئاشكراكردنی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌ستیان له پشت بۆردومانی كۆتایی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و ئه‌وه‌ی پێشتریشه‌وه هه‌یه؟
نێچيرڤان بارزانى: له‌سه‌ر هه‌ردوو بۆردومانی پیش‌تر و ئەوەی ئێستايش بۆ سه‌ر هەولێر، پێشتر خەڵکێک هەم لە بەغدا و هەم لە هەولێر ده‌ستگیر كراون، هاوكارییه‌كی ئەمنیمان لەگەڵ بەغدا هه‌یه بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەم هێرشه‌یان ئه‌نجام داوه. لەڕووی ههماههنگيشهوه، هه‌ماهه‌نگيى زۆر باشمان لەگەڵ بەغدا هەیە لەسەر ئەم بابەتە و ڵێكۆڵینه‌وه‌ش تا ئێستا بەردەوامە. ناتوانم بڵێم چ لایه‌نێك ئەمەی کردووە، چونکە لێكۆڵینه‌وه لە هەردوو هێرشه‌كه تا ئەم ساته‌ش بەردەوامە.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: پێش كه‌مێك باست له قۆناغی نوێی سیاسی كرد، ئایا باوه‌ڕت به لادانی دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م پرۆسه سیاسییه‌ی دوای 2003 هه‌یه و نه‌وه‌یه‌كی نوێی گه‌نج بێنه ناو وێنه‌كه و توانیان هه‌بێت پرۆسه‌يه‌كى نوێی سیاسی دروست بكه‌ن و به دیدێكی نوێوه خزمه‌تی گه‌ل بكه‌ن؟
نێچيرڤان بارزانى: تا ئێستا گه‌ر بڵێم شتێکی به‌رجه‌سته‌م له به‌غدا بینیوه؟ نه‌مبینیوه! بەڵام ئەوەی گرنگه گۆڕانکاریەکیش هەیە، هه‌ر ئه‌وه نییه بڵیی هەموو شتەکان هیچ نییە و هیچ ناكرێت، جۆره گۆڕانکاریییهك لە شێوەی بیركردنه‌وه هه‌يه. ئێستا لە بەغدا دەبینم خەریکە نه‌وه‌یه‌كی سیاسیی عێراقی بیردەکاتەوە كه تا کەی ئێمە بەردەوام بین، تا کەی دەبێ دۆخه‌كه بەردەوام بێت؟ له‌گه‌ڵ ڕێزم ته‌نانه‌ت ئەوانەی پیشتریش خەباتیان کردووە، ماندوو بوون بەو مەسەلەیەوه، عێراقی نوێ هەموو پێكه‌وه دامانمەزراندووە، ئێمەش بەشێک بووین لەو عێراقە، هیوادارین بە هاوکاریی نه‌وه‌ی کۆن و نه‌وه‌ی ئێستا بتوانین پێكه‌وه لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و کێشەکانی عیراق چارەسەر بکەین.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌ڵام باوه‌ڕتان به‌و لادانه هه‌یه یان هێشتا كاتی نه‌هاتووه؟
نێچيرڤان بارزانى: مرۆڤ ده‌بێت گه‌شبین بێت، جارێكی دیكه ده‌ڵێم شتێکی به‌رجه‌سته‌م دیوە؟ نەمدیوە، بەڵام لە عێراقدا كاركردن ئاسان نییە، زۆر سه‌خته، تا شتێك به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت، مرۆڤ ده‌بێت زۆر زۆر هەوڵی بۆ بدات، هەموو هه‌وڵه‌كانمان به‌كار ده‌هێنین بۆ ئەوەی بگەینە ئەو تێگه‌یشتنه هاوبه‌شه.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئێوه دانوستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌ڕێز كازمی ده‌كه‌ن، ئامرازه‌كانی به‌رێز كازمی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م وتاره جیاوازه له‌گه‌ڵ ساڵانی ڕابردوو چییه؟
نێچيرڤان بارزانى: کێشەیەکی جەوهەری هەیە لە عێراق، ده‌زگاكانی حکوومەتی عیراق هه‌ن، سه‌رۆك وه‌زیران و وەزیر هەن، زۆر بەداخەوە لەپاڵ ئەمانە لە دەرەوەی حکوومەت و لە دەرەوەی ئەم په‌يكه‌ره شتێکی دیكه‌شمان هەیە کە بە ڕاستی لەجیاتی ئەوەی هاوکار بێت بۆ ده‌زگاكانی حکوومەت، هەندێک جار ڕێگرن، هەموو جارێك پێیان دەڵێم مەعقوول نییە و ناکرێت لەناو حکوومەت حکوومەتێک هەیە و لە دەرەوەی حکوومەتیش شتێکی دیكه هەبێت، دەبێ هەموویان یەک بن، گەرەوترین کێشە ئەوەیه ئاخۆ بڕیار لە کوێیە؟ ئەرێ بڕیار لای سه‌رۆك وه‌زیرانه؟ پرسیارەکە ئەوەیە بڕیار لای سه‌رۆك وه‌زیرانه؟ بڕیار لای سه‌رۆك كۆماره؟
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: سه‌رچاوه‌ی بڕیار لای به‌رێز كازمییه یان هه‌ندێك لایه‌نی دیكه‌یه؟
نێچيرڤان بارزانى: پێم وایە ئەگەر ئێستا ئەم پرسیارە لە جه‌نابی سەرۆک وەزیران کازمی و سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌رله کازمیيش بکەیت، هەموو سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی عێراق ئەو موعاناتهيان هەبووە، پێویسته ئه‌مه چاره‌سه‌ر بكرێت، دەبی ئەمە ببێتە یەک دەست، ناکرێت تۆ لە ده‌سه‌ڵات بی و لە ده‌سه‌ڵات نەبی. سه‌یركه ئه‌مانه هەموویان چیان کردووە، لە ده‌سه‌ڵات بەشدارن، بەڵام بۆ نموونه خەڵکی پله دوو و سێی خۆیان وەک کادر ناردووه‌تە ناو حكوومه‌ت بۆچى؟ با بۆ خۆیان بهرپرسیاريهتيیهكه هه‌ڵگرن، بڕوام وایه ئێستا دەبوا ئێمە ئەم هێزە سیاسیيانە باشتر وابوو كه‌سى یەکەمیان لەناو حکوومەت بن، بۆچى حکوومەت بەکەم دەبینن؟ با وەزیر بن، با بهرپرسیاريهتی وەربگرن، ئێستا هەم به‌رپرسن و هەم به‌رپرس نین، ئەمە خراپترین حاڵەتە. لە لایەک به‌رپرسن و لە لایەک لەپێش چاوی خەڵک خۆیان به به‌رپرس نازانن، هەمووشمان دەزانین بژارده‌كانى هەر سه‌رۆك وه‌زیرانێك لە عێراق سنوورداره، قسەکەم ئەوەیە پێداچوونەوە پێویسته بۆ ئه‌م سیستەمە سیاسییەی عێراق، سیستەمەکە هەر لە جێی خۆی دەجوولێتەوە، له‌به‌ر ئه‌وه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن. بۆ چاره‌سه‌ر دەبێ هێزە سیاسیيه‌كانی عێراق دانیشن و بە جددی كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان بكه‌ن.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: بۆ وا پیشانی جیهان ده‌درێت كه به‌ڕێز مسته‌فا كازمی به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكانی هه‌ولێر نازی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌گرێت، كه هاوبه‌شه‌كانى كازمی ئه‌مه به پێشێلكردنی ده‌ستوور ده‌بینن؟
نێچيرڤان بارزانى: پێم وایە ئەوه بۆ مەبەستی سیاسی دژی سه‌رۆك وه‌زیران بەکار دێت، ئه‌گينا هیچ بنەمایەکی بۆ نییە. بێگومان وه‌ك كه‌س ساڵەهای ساڵە به‌ڕێز كازمی دەناسین، یەکێک لەو کەسانە بووە لە سه‌رده‌مى ڕژێمی پیشوو وەک كه‌س ئەوکاتە لەگەڵ پێشمەرگە بووە، مه‌ينه‌تييه‌كانى ئەنفالی بەچاوی خۆی دیوە، لە کۆچڕەوەکە مه‌ينه‌تييه‌كانى خەڵکی کوردستانی دیوە، یەکێک لەو کەسانە بووە کە لەسەر ئەنفال لە ئەڵمانیا گه‌واهی دا، چونکە ئەو پرۆسەیه‌ی هەمووی بە چاوی خۆی بینیبوو. وەک كه‌سێكی عیراقی لەگەڵ پیشمەرگە بەشدار بووە لە خەبات، هەرچی بەسەر کورددا هاتووە لەو ماوه‌یه‌دا سەرۆک وەزیران بینیویه‌تی. لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشووش هه‌مان په‌یوه‌ندیی باشمان هەبووە، به‌ڕێز عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆک وەزیرانی پێشتر ساڵەهای ساڵ په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان لەگەڵی هەبووە، ئەمە کە بەکار دەهێنرێت گوایه ئه‌وان گرنگيى زياتر به هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، هیچ بنەمایەکی بۆ نییە. نەیارانی سیاسيی ئه‌و دەیانەوێ له دژی ئه‌و سوود له‌م بابه‌ته وه‌رگرن، جەنابی سەرۆک وەزیران ئەوپەڕی هاوکار بوو بۆ ئەوەی ناكۆكییه‌كان کەمتر ببێتەوە، بەڵام لە ئه‌نجامدا لەسەر یاسای بودجه، هەموو لایەک تێگەیشتن کە ئەم یاسای بودجه‌يه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌رژه‌وه‌نديى هەموو لایێک ڕەچاو دەکات.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ده‌مه‌وێ زیاتر بچمه بنج و بناوانی بۆردومانكردنی هه‌ولێر، به‌ڕێزتان له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌رله چه‌ند ڕۆژێك گوتتان داوای مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكی له عێراق ده‌كه‌ن، ئایا هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕێگریكردن له هه‌ر هێرشێكی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانكراو، داوای پشتگیری له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات؟
نێچيرڤان بارزانى: هه‌روه‌ك گوتم ئێمه به‌و شێوه‌یه‌ی نایبینین، ئه‌ركی ئەمه‌ریکییەکان لە عیراق ڕوونه كه یارمەتیدانی عێراقە له شەڕی داعش، بەڵام كێشه‌كانی دیكه ئێمه وەک عێراقی دەبێت چاره‌سه‌ری بكه‌ین، ده‌بێت ئه‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ین كه پێویسته ئه‌و چه‌كه لە چوارچێوەى ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا بەکار بێت، ناکرێت هەرکەسێ بە ئاره‌زووی خۆی بڕیار بدات درۆن بنێرێتە هەولێر و ڕۆكێت بگرێته بەلەد و شوێنەکانی دیكه بۆردومان بكات. ده‌بێت چاره‌سه‌رێك بدۆزرێته‌وه، من دڵنیام ئەگەر ئیرادەیەکی جددی هەبێت لە بەغدا، سه‌خت نییە ده‌ستنیشان بكرێت کامه و کێ ئەم كارانه‌ی ئه‌نجام داوه، ڕوونه.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: قبووڵی ناكه‌ن كه هه‌رێمی كوردستان ببێته گۆڕه‌پانی یهكلاییهكردنهوهی حساباته‌كان؟
نێچيرڤان بارزانى: هیچ كاتێك ئه‌مه لە تێگه‌یشتنی ئێمەدا نییە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، سیاسەتی هەرێمیش بەشێکە لە سیاسەتی عێراق، قووڵاييى ستراتيژيى هەرێمی کوردستانیش بەغدایە، هه‌رێمی كوردستان به ته‌نها هیچ بڕیارێک لەگەڵ هیچ وڵاتێکی بیانی نادات، تەنها لە چوار چێوەی عیراق دەيدات، هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌ری له گفتوگۆى ستراتیژيی نێوان ئەمه‌ریکا و عێراقدا هەیە.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له ئێستا هه‌واڵێك بڵاو بوویه‌وه گوایه چه‌ند ڕۆكێتێك به‌مه‌به‌ستی بۆردومانكردنی چه‌ند پێگه‌یه‌كی مۆسادی ئیسرائیلی له هه‌رێمی كوردستان هاویژراون، ئایا هیچ پێگه‌یه‌كی مۆسادی ئیسرائیلی له كوردستان هه‌ن؟ هه‌روه‌ها بیروبۆچوونی ئێوه له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی چییه؟
نێچيرڤان بارزانى: جارێ هه‌واڵه‌كه هیچ بنه‌مايه‌كى نییە، نە هیچ پێگه‌ی ئیسرئیلی لە کوردستان هەیە و نە بووە، ڕاستیش نییە، ئه‌و هه‌واڵه هیچ بنه‌مايه‌كى نییە، هەندێک ماڵپه‌ڕ لە بەغدا و هەندێک ئاژانسى هه‌واڵ وەک هه‌واڵێك ئه‌مه‌یان بەکاررهێنا و لە میدیای هه‌ندێک وڵاتی دیكه زۆر گەورە کرا کە گوایه ئیسرائیل یان بنكه‌ی ئیسرائیليیان بۆردومان كردووه. بۆ زانیاريتان هیچ کەسێک لە دەرەوە هه‌ر ئاوا نایه‌ته ناو عێراقه‌وه، ئێمە سیستەمێکمان هەیە کە هەموو ده‌روازه سنوورییه‌كان پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، پێی دەڵێن “بایسس”. ئەمە سیستەمێکە ئەمه‌ریکییەکان كاتی خۆی بۆ عێراقیان دامەزراندووە، هەر کەسێک لە هەر شوێنێک، لە هەر خاڵێكه‌وه بێته هەرێمی کوردستان، بەغدا دەزانێت، بۆ زانیاریشتان به‌غدا نوێنه‌ری خۆی له هه‌موو خاڵه سنوورییه‌كان هه‌یه، له‌وانه‌یه خەڵک باوه‌ڕ نه‌كات و پێیان وابێ نییه. لە هەموو خاڵه سنوورییه‌كانی هەرێمی کوردستان و له فڕۆكه‌خانه‌كان هه‌واڵگیریی عێراقی هه‌یه و دەزانن کێ دێ و کێ دەڕوا، ئەم شتانە زۆر بێ بنەمان. خاڵێكی دیكه کە باستان کرد، به ڕای ئێمه پێویست نییه عێراق دوژمنایهتيی هیچ كه‌س و وڵاتێک بکات، عێراق ئەوەندە كێشه‌ی هه‌یه جارێ ده‌بێت دا‌نیشێت كێشه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات. له عێراق هه‌ر باسی سیاسەت دەکەن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به خه‌ڵك نه‌كه‌ن، ئێستا ژیانی هەموو عێراقییەک ته‌نیا بۆتە سیاسەت، بۆچى؟ دەیانەوێ شتەکانی ديكه بشارنەوە، دەیانەێ بۆ نموونه لەجیاتی ئەوەی فۆكه‌س لەسەر خزمه‌تگوزارییه‌كان بکەن، فۆكه‌س لەسەر ئەوە بکەن ئاخۆ عێراق چۆن پیشدەکەوەێ، فۆكه‌س لەسەر ئەوە بکەن كه مەعقوول نییە هه‌تا هه‌تا وڵاتێکی هاوردەکەربین، لەجیاتی ئەوە هەموو شتەکە ئیستا بۆتە سیاسی، هەمووان بەس ته‌نيا سیاسەت دەکەن.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له چوارچێوه‌ی قسه‌كانتدا وا ده‌ركه‌وت كه مامه‌ڵه‌كردن له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و ناده‌وڵه‌تدا قورسه، دواتر قسه‌كانت به بابه‌تی دیالۆگ و چاره‌سه‌ریی ناوخۆییه‌وه به‌سته‌وه، دیدی ڕاسته‌قينه‌ى كاك نێچیرڤان و هه‌ولێر ده‌رباره‌ی دیالۆگ و دانیشتنی هه‌مووان له‌سه‌ر مێزی دانوستان چییه بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر له‌ناوخۆ بێت؟ ئه‌و دیالۆگه گرووپی كاتیۆشهكانیش ده‌گرێته‌وه؟
نێچيرڤان بارزانى: لاریمان نییە هەرکەس بەشدار بێت، لە ئه‌نجامدا دەمانەوێ دانیشتن هەبێت بۆ ئەوەی بگەینە تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. ئەمجارە کە لەگەڵ سه‌رۆك وه‌زیرانم بينى، گوتی هه‌ندێك بیرۆكه‌م هەیە، باسی له‌وه كرد کە سەرەدانی هەولێر دەکات و ئەو ئه‌و بیرۆكانه پێشكه‌ش ده‌كات، ئێمەش یارمەتیدەر دەبین بۆ ئەوەی ئەو گفتوگۆیه بە شێوەیەکی جددی دەستپێ بکات. ئەو ده‌ستپێشخه‌رییه لە هەر شوێنێک بێت، ئێمە ئامادەین، لەگەڵ هەر کەسێکیش بیت ئێمە ئاماده‌ين، چونکە لە ئه‌نجامدا ڕای ئێمه ئەوەیە کە پێویستیمان بە سه‌قامگیری هەیە، سه‌قامگیریی سیاسی له عێراق پێش هەموو شتێک، ئامادەین بۆ ئەو گفتوگۆیه.
Your Comment