بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئەمریکی کرد کە پێکهاتبوو لە جۆی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک به وهكالهت؛ ئەیمی کەترۆنا نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا بە وەکالەت و زەهرە بیڵ، بەڕێوەبەری کاروباری سووریا و عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەیاندا هەردوولا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئازادیی کاری راگەیاندن و ئازادیی رادەربڕین و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی، "کە سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان و هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە". لەسەر کەیسی حوکمدراوانی بادیناندا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە "ئەوە بابەتێکی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت"، هەروەها پشتیوانی و پێزانینی خۆی بۆ کاری دیپلۆمات و نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
مەسروور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە "رەفتارە نایاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەک گومان لەسەر لایەنە دیپلۆماسیيەکان دروست ناکات. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاری دیپلوماتکارانی ناو هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەموو ئاسانکارییێکی پێویستیان پێشکەش دەکات".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا.
بەپێی راگەیێندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندی باڵای ئەمریکا جەختی لە بەردەوام بوونی هاوکاری کردنی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کردەوە، هەروەها ئاماژە بە گرنگیی کاراکردنی سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەش کرا لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
هاوکات تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و گرنگیی پابەندبوون بە یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریا کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوام بوونی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا کردەوە لەپێناو برەودان بە ئازادیی کاری سیاسی و فرەلایەنی و هاوبەشی کردن لە دەسەڵاتدا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment