هه‌ڵوێستى پارتى و مەسعوود بارزانى له‌باره‌ى شه‌ڕى په‌که‌که‌ و تورکیا ئاشکرایه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تیى پارتى دیموکراتى کوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵوێستى پارتى و مەسعوود بارزانى له‌باره‌ى شه‌ڕى په‌که‌که‌ و تورکیا ئاشکرایه‌ و ده‌ڵێین ده‌بێت په‌که‌که‌ شه‌ڕ بباته‌وه‌ ناو خاکى تورکیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عه‌لى عه‌ونى ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تیى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاندووە: راى پارتى و مەسعوود بارزانیش له‌ باره‌ى شه‌ڕى په‌که‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌که‌که‌ ده‌بێت شه‌ڕ بباته‌وه‌ ناو خاکى تورکیا و ئەو کات کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، په‌که‌که‌ و تورکیا ده‌بێت شه‌ڕ ببه‌نه‌ ناو ماڵى خۆیان، شه‌ڕى خۆیان له‌ ماڵى که‌سی تر نه‌که‌ن.

هه‌روه‌ها گوتى، ئه‌وان هاتوون کێشه‌که‌یان به‌رداوه‌ته‌ هەرێمی کوردستان، ئه‌مانه‌ نیشانه‌ى سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى تورکیا و فه‌شه‌لى سیاسى و سه‌ربازى په‌که‌که‌ن، ئه‌وان ده‌ستیان به‌ شه‌ڕێک کردووه‌ دژى تورکیا، بۆچى ده‌بێت له‌ خاکى هه‌رێم و ناوچه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بێت، بۆچى شه‌ڕه‌که‌ له‌ ناو خاکى کوردستانی تورکیا و شاخه‌کانى ئەو ناوچەیە و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌کانى کوردستانی تورکیا ناکه‌ن؟

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌رکردایه‌تى پارتی دووپاتی دەکاتەوە، په‌که‌که‌ بیانوویەکە‌ بۆ ئه‌وه‌ى تورکیا رەوایی بدات به‌ به‌زاندن و له‌شکرکێشى بۆ ناو خاکى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌وه‌ى که‌ ده‌بێت داوا بکات ئێمه‌ین نه‌ک ئه‌وان، ئێمه‌ داوا ده‌که‌ین قه‌ره‌یلان و جه‌میل بایک و دوران که‌ڵکان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و ئه‌و شه‌ڕه‌ ببه‌نه‌ ناو خاکى تورکیا و له‌ کۆڵى ئێمه‌ى بکه‌نه‌وه‌، نه‌ک بێن ده‌سته‌ چه‌وره‌که‌ى خۆیان به‌ ئێمه‌ بسڕن و بڵێن با کورد و سه‌رکرده‌کانیان هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر هێرشه‌کانى تورکیا هه‌بێت.

شایانی باسە بەبۆنەی پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا نزیکەی 550 گوندی هەرێمی کوردستان چۆڵ کراون و ژێرخانەکانی ناوچە گەشتیارییەکان زیانیان بەرکەوتووە و دەیان هاووڵاتیی سەڤیل لە هەرێم گیانیان سپاردووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2018

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha