هێرش کردنی چەند تورکێک بۆ سەر خێزانێکی کوردی هەولێری لە مێرسین کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە پارێزگای مێرسینی تورکیا ژمارەیێک هاووڵاتیی تورک هێرشیان کردە سەر خێزانێکی کوردی خەڵکی هەولێر و دوای سووکایەتی پێکردن بەردبارانیان کرد و یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بە سەختی بریندار بوو و رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

کوردپرێس:

بەپێی گرتەیێکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن هاوڵاتییێکەوە لە شارۆچکەی ئاناموری پارێزگای مێرسینی تورکیا تۆمار کراوە، ئەندامانی خێزانێکی کورد لەسەر شەقامێک دەردەکەوێت کە پیاوێک لەهۆش خۆی چووە و هاوسەرەکەی بەدەم گریانەوە داوای هاوکاریی فریاگوزاری دەکات، چەند ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەش دەگرین.

بەپێی زانیارییەکان، دوای ڕووداوەکە پیاوەکە کە بەسەختی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی ئانامور کراوە و لە ئێستادا لە ژێر چارەسەردایە.

خێزانە کوردەکە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەدەنەوە بەرەو ئەناڵیا رۆشتون و لەسەر رێگای سەرەكیی شارۆچكەی ئانامور لە پارێزگای مێرسین، لەلایەن چوار كەسەوە رێگرییان لێکراوە و جنێویان پێداون و سووکایەتییان پێکردوون، باوکەکە و کوڕێکی تەمەن 12 ساڵانیان بریندار کردووە.

ناوە ناوە لەلایەن هاوڵاتیانی رەگەزپەرستی تورکەوە هێرش دەکرێتە سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سوکایەتیان پێدەکرێت

تورکیا وڵاتێکی گەشتیارییە و ساڵانە لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە هاوڵاتیان بۆ گەشت روی تێدەکەن، لە هەرێمی کوردستان هەزاران هاوڵاتی بۆ بەسەربردنی پشوو و کاتێکی خۆش دەچنە ئەو وڵاتە، بەڵام ناوە ناوە لەلایەن هاوڵاتیانی رەگەزپەرستی تورکەوە هێرش دەکرێتە سەریان و سووکایەتیان پێدەکرێت.

پەرلەمانی عێراق: هێرشی سەر خێزانە کوردەکە لە تورکیا ئیدانە دەکەین

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەو هێرشەی کە لە تورکیا کرایەسەر خێزانێکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەن.

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشەوە بڵاوکردەوە و وتی "رووداوی هێرشکردنەسەر و دەستدرێژی نەژادپەرستی بە جنێو و هەوڵی کوشتنی خێزانێکی عێراقی دانیشتووی هەرێمی کوردستان بە بەرد لەلایەن کۆمەڵەیێکی نەتەوەپەرست لە شاری مێرسینی تورکیا روویدا، لە کاتێکدا خێزانەکە بۆ گەشتیاری رووی لە تورکیا کردبوو، لە ئەنجامدا سەرۆکی ئەو خێزانە بەسەختی بریندارکرا و بەهۆیەوە گواسترایەوە نەخۆشخانە".

لیژنەکە داوا لە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی عێراق لە تورکیا دەکات لەگەڵ دەزگا بەرپرسەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بکات تاوەکوو دەگاتە دادگا.

جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق

د.به‌شیر حه‌داد جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند، رێگە نادەن دەست درێژی بکرێتە سەر هاونیشتمانیانمان و له رێگای وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵ و باڵێۆزی توركیا بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو هێرشە دەکەن لە تورکیا کراوەتە سەر چەند هاونیشتمانییێکی شاری هەولێر.

له‌په‌یامه‌كه‌ى حه‌داد هاتووه‌، رۆژی هەینی ١٤/٥/٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوی هێرشکردنەی کە کراوەتە سەر چەند هاونیشتمانییەکی هەولێر لە شاری مێرسین لە وڵاتی تورکیا، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە هەریەک لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و باڵێۆزی عێراق لە تورکیا کرد.

پەرلەمانی کوردستان: دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتیانی کورد لە تورکیا مایەی قبووڵکردن نییە

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتیانی کورد لە تورکیا مایەی قبوڵکردن نییەو ناچێتە چوارچێوەی قازانجی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا.

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئێمە زۆر نیگەرانین بەو هێرشەی کە هەندێک کەسی توندڕەو دور لەهەمو بەها مرۆییەکان کردویانەتە سەر ماڵباتێکی کورد کە مەبەستی بەسەربردنی پشوی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لەشاری هەولێرەوە سەردانی شاری مێرسین-یان کردوە لەتورکیا".

دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هەرچی زوە تاوانباران بەسزای خۆیان بگەیەنن و چیتر ڕێگەنەدەن ئەو تاوانە قیزەونانە دوبارە ببنەوە

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو دەستدرێژییە مایەی قبوڵکردن نییەو ناچێتە چوارچێوەی قازانجی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا، بۆیە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هەرچی زوە تاوانباران بەسزای خۆیان بگەیەنن و چیتر ڕێگەنەدەن ئەو تاوانە قیزەونانە دوبارە ببنەوە.

سەفین دزەیی: هێرشکردنەسەر هاوڵاتیانمان لەتورکیا بەتوندی شەرمەزار دەکەین

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەتوندی روداوی هێرشکردنەسەر خێزانێکی کورد لەتورکیا شەرمەزار دەکەن و ئومێدەوارن بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە دروستی لەسەر روداوەکە بڕیار بدەن، جەختیش دەکاتەوە لەسەر رووداوەکە سێ کەس دەستگیرکراون.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشکردنە سەر سێ هاوڵاتی هەرێم لە تورکیا رایگەیاند، ئێمە بە توندی روداوەکە شەرمەزار دەکەین، بەداخەوە ئەو خێزانە دەستدرێژییەکی نامرۆڤانەیان کراوەتەسەر، بەتایبەت کە منداڵ و خانمی خێزانەکە لە شوێنەکەدا بون، ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان دراوە، سێ کەس دەستگیرکراون.

لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئەو هاوڵاتییەش کە هێرشی کرایەسەر، سەفین دزەیی رایگەیاندوە، "پەیوەندیم بە کاک موشتاق کردوە و سوپاس بۆ خوا رەوشی تەندروستیی جێگیرە".

وەزیری ھەرێم بۆکاروباری پێکھاتەکان: بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستی ئەو هاوڵاتیانە دەکرێت کەلە تورکیا هێرشیان کرایە سەر

وەزیری ھەرێم بۆکاروباری پێکھاتەکان رایگەیاند، بەدواداچونیان بۆ دۆخی تەندروستی ئەو هاووڵاتییانە کردوە کەلە تورکیا هێرشیانکرایەسەر و پارێزگاری مێرسین پێیڕاگەیاندون ڕەوشی تەندروستیان ئاسایی و باشە و "مێوانی ئێمە دەبن و لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەین".

ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆکاروباری پێکھاتەکان لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربون لە ڕەوشی ئەو هاوڵاتیانەی لە تورکیا هێرشیانکرایەسەر دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەیوەندی تەلەفۆنیان لەگەڵ عەلی ئیحسان پارێزگاری شاری مێرسین ئەنجامداوە.

ئەوەش هاتوە، "ناوبراو لەوەڵامدا وتی خێزانەکەی شاری ھەولێر لە نەخۆشخانە دەرچون و ڕەوشی تەندروستیان ئاسایی و باشە، ئەوان مێوانی ئێمە دەبن و لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەین".

پارێزگارى هه‌ولێر داواى ڕوونكردنه‌وه‌ له‌ كونسوڵخانه‌ى توركیا ده‌كات

دواى بڵاوبونه‌وه‌ى گرته‌یێكى ڤیدیۆیی كه‌ سوكایه‌تى به‌ خێزانێكى نیشته‌جێى هه‌ولێر ده‌كرێت پارێزگارى هه‌ولێر ڕاگه‌یه‌ندراوێكى بلاوكرده‌وه‌و داواى ڕونكردنه‌وه‌ له‌ كونسوڵخانه‌ى توركیا له‌هه‌ولێر ده‌كات.

ده‌قى ڕاگه‌یه‌ندراوى پارێزگاى هه‌ولێر:

" دوای بڵاوبوونەوەی گرتە فیدیۆییەک کەتێیدا خێزانێکی شاری هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکەوە لەوڵاتی تورکیا و لەنێوان هەردوو شاری (مێرسین و ئەدەنا) بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە هێرشیان دەکرێتەسەر و لێیان دەدرێت، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پەیوەندی بەو خێزانە و کەس و کاریانکرد و دڵنیایکردنەوە کە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر هێڵدەبێت بۆ دەستگیرکردنی تاونباران و بەسزاگەیاندنیان و ڕایگەیاند: "ئێوە کەس و کاری ئێمەن و له‌هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ك بێت کردەوەی لەمجۆرە بەرامبەر بەهاوشاریانی خۆمان قەبوڵناکەین و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین"، پاشان لەبارەی ئەو کەیسەوە بەڕێز پارێزگاری هه‌ولێر، پەیوەندی بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسڵی گشتیی وڵاتی تورکیا لەهەولێر کرد و داوای لێکردن:

یەکەم/ داوا دەکەین لەزووترین کاتدا په‌ڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێته‌وه‌ و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەێنن.

دووەم/ داو لەکونسڵخانەی گشتیی وڵاتی تورکیا لە هەولێر دەکەین، بەفەرمی بۆ ڕایی گشتی ڕوونکردنەوە بدات و هۆکاری پەلاماردان و هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی ئێمە لەوڵاتەکەیان ڕوونبکاتەوە.

سێیەم/ وەک پارێزگای هەولێر، بەهەمووشێوەیەک کاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێک و بڕوبیانیویەک بێت لەلای ئێمە قەبوڵکراو نییە و کارێکی نادروستە و بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین، قەبوڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێک هاوشاریانی ئێمە بێڕێزیان بەرابەمبەر ئەنجامبدرێت".

کونسوڵخانەی تورکیا

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، کونسوڵی تورکیا پێی راگەیاندوون، ئەو کەسانەی لە تورکیا هێرشیانکردبووە سەر خێزانە کوردەکە دەستگیرکران، دەشڵێت، تەندروستی ئەندامانی ئەو خێزانە کوردە جێگیرە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کونسوڵی تورکیا بە فەرمی پێوەکردوون و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی پێراگەیاندوون.

کونسوڵی تورکیا لە هەرێم باسی لەوەشکردووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و ئێستا خێزانەکە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن، دۆخی تەندروستیشیان باش و جێگیرە.

پارێزگاری مێرسین

لەبارەی رووداوی هێرشکردنە سەر خێزانە کوردەکەی هەولێر لە توركیا، پارێزگای مێرسین رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لەگەڵ هێرشكاران بەردەوامە و روبەڕوی سزا دەکرێنەوە، باسی لە هۆکاری رووداوەکەش کرد.

عەلی ئیحسان پارێزگاری مێرسین لە ماڵپەڕی فەرمیی پارێزگاى مێرسیندا، بڵاویکردەوە، رووداوی هێرشکردنە سەر خێزانە کوردەکەی هەولێر لە مێرسین پەیوەندی بە بابەتی نەتەوەپەرستیەوە نییە، ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە لەبارەی ئەو رووداوەوە دوورە لە راستیەوە.

باسی لەوەش کردووە، هۆکاری سەرەکی کێشەکە بەهۆی رووداوی هاتووچۆی نێوان دوو ئۆتۆمبیلەوە بووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سێ کەسەی کە هێرشیان کردووەتە سەر خێزانە کوردەکە دەستگیرکراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە، ئەو کەسەشی بریندار کرابوو لە نەخۆشخانەی حكومی ئەناموور چارەسەری پزیشكی پێویستی بۆ كراوە.

شایانی باسە ڕه‌گه‌زپه‌رستى و سوكایه‌تیكردن به‌ هاووڵاتیانى هەرێمی كوردستان له‌ توركیا ڕوو له‌هه‌ڵكشانه‌و چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا هاووڵاتیێک گرته‌یێكى ڤیدیۆیی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌ فرۆكه‌ خانه‌ى ئه‌سته‌نبوڵ له‌به‌رانبه‌ر ناو هێنانى كوردستان سووكایه‌تیی پێده‌كرێت و به‌هه‌مان شێوه‌ گرته‌یێكى ترى ڤیدیۆیی بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ سووكایه‌تى به‌ خێزانێكى كوردى نیشته‌جێى هه‌ولێر له‌ توركیا ده‌كرێت.

News Code 2003

Your Comment

You are replying to: .
captcha