نوێنەری مەهاباد: نەخۆشانی کۆرۆنا لە مەهاباد پارەی پێویستیان بۆ دابین کردنی دەرمان نیە/ هاووڵاتییێک گوارەی گوێی منداڵەکەی فرۆشتووە بۆ مەسرەفی نەخۆشخانە

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- نوێنەری مەهاباد لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ڕەخنەی لە تێچووی ئێجگار زۆری دەرمانی کۆرۆنا گرتووە و دەڵێت هاووڵاتییان توانای ئەوەیان نیە کوتانی کۆرۆنا دابین بکەن و بە نموونە هاووڵاتییێکی مەهابادی گوارەی گوێی منداڵەکەی فرۆشتووە بۆ خەرج کردنی مەسرەفی نەخۆشخانە.

کوردپرێس:

جەلال مەحموودزادە نوێنەری مەهاباد لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ڕەخنەی لە مەسرەفی ئێجگار زۆری دەرمانی کۆرۆنا و تێچووی قورسی پێکوت و دەرمانی ئەو نەخۆشییە گرتووە و دەڵێت دەرزیی کۆرۆنا بە دەفتەرچەی بیمە نیە و بە شێوەی ئازاد دەفرۆشرێت و هەموو نەخۆشێکی کۆرۆنایی پێویستە 6 دەرزیی "رمدسیویر" بوەشێنێت و نرخی یەک دەرزی یەک ملوێن و 450 هەزار تمەنە.

مەحموودزادە گوتیشی پەتای کۆرۆنا لە بنەماڵەکاندا بڵاوە دەکات و ئەگەر بە نموونە لە بنەماڵەیێک 5 کەسیدا هەموو ئەندامانی بنەماڵەکە تووشی ڤایرۆسەکە ببن ئەوا پێویستە 50 ملوێن تمەن بۆ تەندروستیی خۆیان سەرف بکەن ئەوەش پارەیێکی قورسە و بە زۆربەی هاووڵاتییان هەڵناسووڕێت.

نوێنەری مەهاباد نموونەیێکیشی هێنایەوە کە هاووڵاتییێکی مەهابادی توانای خەرج کردنی قەرزی نەخۆشخانەی نەبووە و بە ناچار گوارەی گوێی منداڵەکەی فرۆشتووە.

ناوبراو دوپاتیشی کردەوە کە لە ئێستادا 40 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی مەهابادن کە توانانی خەرج کردنی قەرزی نەخۆشخانەیان نیە.

مەحموودزادە داواشی کرد ئەنجومەنی باڵای بیمە زووبەزوو دەستبەکار ببێت و پشتگیریی ئەو هاووڵاتییانە بکات کە تووشی کۆرۆنا دەبن.

News Code 200265

Your Comment

You are replying to: .
captcha