کوردپرێس:
ئەگەرچی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕێژەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان تا ڕادەیێک کەمی کردووە بەڵام بۆردومان کردنی ناوچە شاخاوییەکان و گوندەکانی هەرێمی کوردستان ئێستاش بەردەوامە.
کەناڵی تەلەڤزیۆنی فڕانس 24 لە ڕاپۆرتێکدا پشتی بە بەڵگەی ڕاپۆرتە پەرلەمانییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەستووە و نووسیویەتی نزیکەی 500 گوندی هەرێمی کوردستان لە ژێر کارتێکەریی پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا چۆڵ کراون و کەس ناوێرێت بگەڕێتەوە ئەو گوندانە.
دانیشتووانی نزیک لە ناوچەکا نائارامەکان بە فڕانس 24یان وتووە هەر کاتێک کە هەوڵیان داوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان بە هۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە گیانیان کەوتۆتە مەترسییەوە و ژمارەیێک لە دانیتشووانی گوندەکانیش گیانی خۆیان لە دەست داوە. ئەو دانیشتووانە جەختیشیان کردۆتەوە کە فڕۆکە تورکییەکان جیاوازی ناخەنە نێوان خەڵکی مەدەنی و هێزەکانی پەکەکە بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە هەر کەسێک لە ناوچەکە ببینن تەقەی لێبکەن.
فڕانس 24 تیشکی خستۆتە سەر کوژرانی دوو فەرماندەی باڵای سوپای عێراق واتا محەمەد ڕەشید فەرماندەی لیوای 2ی سنوورەوانی و لیوا زوبەیر حالی فەرماندەی لیوای 3ی سنوورەوانیی عێراق کە لە بۆردومانەکانی تورکیا کوژران. ئاژانسەکە بەو ئاماژەیە سەلماندوویەتی کە هێرشەکانی تورکیا بۆتە هۆی قوربانی بوونی کەسانێک کە هیچ پێوەندییان بە ناکۆکیی نێوان پەکەکە و تورکیاوە نیە. ئەندامێکی بنەماڵەی زوبەیر حالی ژنەراڵە عێراقییە کوژراوەکە بە فڕانس 24ی وتووە ئەو فەرماندەیە بە ئوتۆمبێلی فەرمیی سوپای عێراق و بە ئاڵای سوپای عێراقەوە لە ناوچەکە بووە و ئەندامی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بووە کە دەبێت ئەو مەسەلەیە لە لایەن ئەو پارتە و لە لایەن حکوومەتی هەرێمی و هەروەهاش لە لایەن دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
کەناڵەکە پێشی وایە کە هۆی بێدەنگ بوونی هەرێمی کوردستان و پارتی لە بەرانبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە هەرێم لە بارەی ئابوورییەوە پێویستی بە تورکیایە و پارتی لەگەڵ ئەنقەرە نێوانی باشە.
دیندار زێباری بەرپرسی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دیمانەیێکی لەگەڵ فڕانس 24 کردووە و لە دیمانەکەیدا ئاماژەی بە پێوەندیی باشی نێوان هەولێر و ئەنقەرە کردووە. ناوبراو بە فڕانس 24ی وتووە ئەگەرچی هەولێر نیگەرانە لەوەی مەترسی بۆ ئاسایشی هاووڵاتییان دروست ببێت بەڵام بەردەوام هەوڵیش دەدات کە پێوەندیی پتەوی خۆی لەگەڵ تورکیا وەک شەرێکێک و وەک ئەکتەرێکی سەرەکی بپارێزێت.
ناوبراو لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سە رهەرێمی کوردستان دەڵێت پەکەکە هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوانەیە و پێویستە پەکەکە ڕێز لە سەروەریی عێراق و ناوچەی هەرێمی کوردستانیش بگرێت و نەبێت بە دەردیسەری بۆ هەرێمی کوردستان. ئەو گرووپە هەروەهاش نابێت بیانوو بە دەستی تورکیاوە بدات و لە هەرێمی کوردستان ئاژاوە بنێتەوە.
هەواڵێنرانی فڕانس 24 ئاماژە بەوەش دەکەن کە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پەکەکە سەردانی ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەکانیان کردووە و بەرپرسێکی پەکەکە قبووڵی کردووە کە دیمانەیان لەگەڵ بکات بەڵام بەهۆی مەترسییەکانەوە ناچار بوون چەندین جار شوێنی گفتوگۆکردنەکەیان بگۆڕن.
زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەکەکە بە فڕانس 24ی وتووە درۆنەکانی سوپای تورکیا 24 سەعاتە بە ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە و ناکرێت بڵێین ئەم ناوچەیە سەدا سەد ئەمنە. ناوبراو دەشڵێت هەموو حیزبە کوردییەکان و هەموو کوردێک دەزانێت کە ئەردۆغان دوژمنی ژمارە یەکی کوردە.
ئەو بەرپرسەی پەکەکە لەبارەی پێوەندیی نێوان تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان وتوویەتی پارتی یان بارزانییەکان بە مەبەستی سنووردارکردنی بزاڤی کوردی هاوکاریی تورکیا دەکەن.
ناوبراو داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە کە دژی کورد هاوکاریی تورکیا نەکات و داوا لە تورکیا بکات دۆزی کورد بە شێوەیێکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە چارەسەر بکات.
ئەو کەناڵە لە زاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە نووسیویەتی هەزاران کەس لە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە گیانیان لە دەست داوە و نزیکەی 300 کەس لە قوربانیان هاووڵاتیی مەدەنیی عێراق بوون و ئەو شەڕەش هیچ ئەنجامێکی نەبووە جگە لە ئاوارەبوون و بێبەش بوونی هاووڵاتییان.
Your Comment