کوردپرێس:
ماڵپەڕی خەندان ڕایگەیاند، بە هۆی بۆردومان و تۆپبارانەکانی تورکیا هەر 32 ماڵی گوندی کێستە گوندەکەیان چۆڵ کرد. تا ئێستا سوپای تورکیا حەوت خاڵی سەربازی لە گوندەکانی بەرواری باڵا دامەزراندوە.
رێڤینک هروری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، 36 خاڵی سەربازیی و شەش سەربازگەی تورکیا لە سنوری پارێزگای دهۆک هەبون، ئێستا گەیشتوەتە 43 خاڵی سەربازی".
رۆژهەڵاتی گوندی کێستە بنکە و بارەگاکانی پەکەکەی لێیە و نزیکی گوندەکەن، لە باکور و رۆژئاواش سوپای تورکیای لێ جێگیر بوە، ئەمەش بوەتە هۆکاری ئەوەی شەڕو پێکدادان بەردەوام بێت و تەنانەت لە دوو شەوی رابردوو شەڕ و پێکدادان کەوتە نێو گوندی کێستە، بەو هۆیەش دوای 14 رۆژ لە دەستپێکردنی شەڕ لەو ناوچەیە خەڵکی گوندی کێستە بە ناچاری گوندەکەیان چۆڵکرد.
لە 23ی نیسانی 2021ەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چڕنوک- هەورە بروسکە" بە پاساوی روبەڕوبونەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە بەرزاییەکانی سنوری ئامێدی دەستپێکردوە، سوپای تورکیا دەستی بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینان لە سنوری پارێزگای دهۆک کرد و پێکدادانیش لەنێوان سەربازانی تورکیا و گەریلا بەردەوامە.
Your Comment