کۆڕی خوێندنەوەی کتێبی "افسانەهای دیار ما" بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوو

بەشی فەرهەنگ و هونەر- کۆڕی زانستیی خوێندنەوەی کتێبی "افسانەهای دیار ما" بەرهەمی نووسەر و توێژەر کوورش ئەمینی بەشێوەی ئۆنلاین لە سەر ئەرکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان بە هاوکاریی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوە چوو.

کوردپرێس:

بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان ڕایگەیاند بڕیارە بە هاوکاریی زانکۆی هەڵەبجە کۆڕی خوێندنەوەی زانستییانەی کتێبی "افسانەهای دیار ما" بەرهەمی کوورش ئەمینی بە بەشداریی خودی نووسەر، دوکتۆر نەجمەدین جەباری لە زانکۆی کوردستان، دوکتۆر مەهاباد کامیل عەبدوڵڵا لە زانکۆی هەڵەبجه، محەمەدسینا ئەمانی لە زانکۆی جۆرج ئاگۆست گوتینگێنی ئاڵمان و بە بەڕێوەبەریی یەدوڵڵا پەشابادی بەڕێوە چوو.

پۆڵێنبەندیی ئەفسانەکان لە کتێبی "افسانەهای دیار ما"

لە یەکەم وتاربێژیدا سینا ئەمانی لە زانکۆی جۆرج ئاگۆست-گۆتینگێنی ئەڵمانیا ڕەخنەی لە زمانی نووسینی بەرهەمەکە گرت و ڕایگەیاند کە هەوارمی وەک یەک لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی دەبینێت و پێویست بوو لەجیاتی ئەو هەموو ڕێفرەنسەی بە زمان وئەدەبی فارسی دراوە ئاماژە بە زمانی کوردی کرابا.

نابراو گوتیشی جێی داخە کە نووسەری کتێبەکە بە ئاشکرا و بە سەراحەت ناوی زمان و ئەدەبی هەوارمیی هێناوە و لە زمانی کوردی جیای کردۆتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بە مێژووی پۆلێنبەندی کردنی ئەفسانەکان کرد کە لە سەر بنەمای تیۆریی بنێفی دامەزرا و جیاوازییەکان بە پێی میتۆدی جوگرافی و چەند پێوەرێکی تر کارتێکەر بوون لە پۆلێنبەندییەکان و نموونەکەشی ئەفسانەی تیتیل و بیبیلە کە لە فەرهەنگە جیاوازەکاندا بە شێوەی جیاواز دەردەکەوێت.

ڕەخنەیێکی دیکەی سەلیمی لە کارەکەی بەڕێز ئەمینی ئەوە بوو کە تەنها پشتی بە پۆلێنبەندیی مازلۆف کردووە و ئاوڕی لە بەرهەمەکانی بەڕێز سەلیمی نەداوە کە دوو بەرگ کتێبی لە سەر ئەفسانەکان بە دوو زمانی کوردی و فارسی نووسیوە یان خود لوقمان نادرپوور و ئەمجەد لوتفی نیا کە کاریا لە سەر ئەفسانە کوردییەکان کردووە و پێویست بوو وەک پێشینەی توێژینەوەکە ئاماژەیان پێ بکرێت.

هەروەها خاڵێکی تر ئەوەیە کە لە "افسانەهای دیار ما" ئاماژە بە مەتەڵ و تەرانە و پەندەکان کراوە و ئەمانە پێوەندییان بە پۆلێنبەندی کردنی ئەفسانەوە نیە و دەکرێت لە کتێبەکە بسڕێتەوە.

ناوبراو ڕخنەی لەو سەرچاوانەش گرت کە نووسەر لە بەرهەمەکەیدا بەکاری هێناوە و بە زۆری پشتی بە وتەکانی زولفەقاری لە زمانی فارسی بەستووە.

خوێندنەوەی دیالێکتییانە بۆ کتێبی "افسانەهای دیار ما"

دوکتور مەهاباد کامیل عەبدوڵڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە وتاری خۆیدا خوێندنەوەیێکی دیالێکتیی بۆ بەرهەمەکە کرد و لەبارەی کتێبەکەوە گوتی: ئەمە کۆکردنەوەیێکی بەنرخە کە دەبێتە گەنجینەیێکی مەعریفیی گەورە و نەوەکانی داهاتوو سوودی لێ دەبینن. چوونکە ئەدەبی زارەکی زیاد و کەمی زۆری بۆ دەکرێت بەڵام کە نووسرا پارێزراو دەبێت.

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە زیادی کرد: ناوی کەسەکان کە لە پێڕست و دەقدا هاتوون بوونەتە ناونیشان بۆ بەرهەمەکە و هەر یەکە لەو ناوانە ڕەنگدانەوەی سەردەمەکەی خۆیانن. بەشی زۆری ناوەکان ناوی عەرەبین و دیارە لە ئایینی ئیسلامەوە هاتوونەتە زمانی کوردی و ئەگەرچی هەندێکیان مۆرکی کوردییان وەرگرتووە بەڵام لە ئەساسدا عەرەبین. بۆ نموونە حەبێ، فاتێ و ئەو جۆرە ناوانە. ئەمە دەریدەخات کە ئەم ئەفسانانە زیاتر هی ئەو سەردەمەن کە ئیسلام هاتووە.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە زۆربەی ناونیشانەکان واتا سەدا 60 بۆ 70یان وشەی لێدراون یان دەرخەر و دەرخراون لەو حاڵەتەدا پێویستە دەرخەرەکە لە دەرخراوەکە ڕوونتر بێت. بۆ نموونە ئەیووبی بازگان،خدری خۆڵکێش... ئەمانە ناچار دەکات کە ئەفسانەکان بخوێنیتەوە.

ناوەرۆکی ئەفسانەکان پێویستی بە خوێندنەوەی دەروونناسانە و جوگرافیناسانە و دیکەی زانستەکانیش لە خۆ دەگرێت

لەباری ڕێزمانییەوە کتێبەکە تا چەند پەیڕەوی یاسا زمانییەکانی کردبێت: زمان یان خود شێوەزاری هەورامی تایبەتمەندیی خۆی هەیە کە لە زمان یان شێوەزارەکانی دیکەدا نیە.

لەڕووی دەربڕینەوە ئەو زمانەی ئەفسانەکانی پێ نووسراوە ساکار و ڕەوانە و یەک لە خاڵە بەهێزەکانی تواناییی نووسەرە و بۆشاییی زمانی تێدا نەهێشتووەتەوە و هەوڵ دراوە بە زمانێکی پاراو بنووسرێت و ڕەسەنایەتیی زمان لە ئاستی وشە و ڕستەدا پارێزراوە.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە کەڵتووری ناوچەکەی پێوە دیارە و ئەوە دەبێتە گەنجینەیێکی مەعریفی بۆ نەوەکانی داهاتوو.

بۆچی بەرگی یەکەم بە فارسی و دوو بەرگی دواتر هەورامییە؟ بە چ پێوەرێک، هەورامی زمانە؟

دوکتور نەجمەدین جەباری سەرۆکی بەشی ئەدەبی فارسیی زانکۆی کوردستان لەبارەی بەرهەمەکەی کوورش ئەمینییەوە ئاماژەی بەوە کرد: لەباری ڕوواڵەتەوە دەردەکەوێت کە نووسەر وردبوونەوەی لە قەبارە و سەحافی و هەڵبژاردنی فۆنت و نەبوونی هەڵە تا ڕادەی مومکین کردووە و جێی ڕێزە.

دوکتور جەباری گوتیشی سەرباری هەموو ئەرکی بە نرخی نووسەر، کۆمەڵێک ڕەخنە لە سەر کتێبەکە هەیە کە هیوادارم لە چاپی دووهەمدا ڕەچاو بکرێت.

یەکەم ئەوەیە کە ئایا بەردەنگی کتێبەکە فارسە؟ دیارە بەرگی یەکەم و مانشێتی کتێبەکە فارسییە ئەی بۆ بەرگی دووهەم و سێهەم فارسی نیە؟. دیارە لای نووسەر وا بووە کە بەردەنگی ئەم کتێبە فارس نیە بەڵام نووسەر هیچ ڕوونکردنەوەیێکی لەو بارەیەوە نەداوە. بۆیە پێویست بوو بەرگی یەکەمیش بە کوردی بنووسرێت.

دووهەم ئەوەیە کە بەرگی یەکەم هەندێک بابەتی تێدایە کە پێویست نەبوون بگوترێن. ئەوەی ئەفسانە چیە و چۆن قەدری ئەفسانە بزانین و بابەتی لەو جۆرە پێشتر گوتراون و زیادین. بۆیە تەنها دەکرێت لە دوو بەرگدا کتێبەکە چاپ بکرێت و بەشی زیادیی بەرگی یەکەم بسڕێتەوە و تەنها باسی کێشەکانی کۆکردنەوە و شێوازی کۆکردنەوە و ئەو بابەتانە لە پێشەکیدا باس بکرێت. سوودێکی دیکەشی دەبێت و ئەوەیە کە بەرگی دووهەم و سێهەم هەردووکیان بە هەورامین و بەشە فارسییەکە نامێنێت.

خاڵی سێهەم ئەوەیە کە کۆمەڵێک بابەتی کێشە لەسەر هەن کە باشتر وایە خۆتی تێنەگیرێنیت. بۆ نموونە: ئایا کورد ئوستوورەی هەیە؟ ئەو پرسیارە دەگەڕێتەوە بۆ هەژموونی فارسی بە سەر کوردیدا. لە جێگایێکی تردا نووسراوە نمی‌توان بە ساختار استوورە در هورامان نام برد" ئەمە ڕاست نیە و هەورامان وەک شوێنێکی ڕەسەن لە ئوستوورەدا دەوڵەمەندە. بۆ نموونە ئوستوورەی کاوە لە کوردستانەوە سەری هەڵداوە.

لە جێگایێکی کتێبەکەدا نووسراوە "اسطوره و داستان از انواع قصە هستند". اسطوره، لە ئەساسدا بڕوایە و قصە نیە و تەنهائەتوانین بڵێین چیرۆکی ئوستوورەیی.

ناوبراو ئاماژەی بە کتێبی دیاکۆنۆف کرد و دەڵێت باسی کۆچەربوونی کورد کە لە کتێبەکەی ئەمینیدا ئاماژەی پێکراوە لە بەرهەمەکەی دیاکۆنۆفدا بەو شێوەیە نەگوتراوە.

سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی فارسیی زانکۆی کوردستان گوتیشی: خاڵێکی دیکەی هەرەگرینگ ئەوەیە ئاماژە کراوە بە تێکەڵیی هەورامان لەگەڵ کوردستان. دیارە هەورامان ناوچەیێکی جیا نیە و هەورامی زمانی سەربەخۆ نیە بەڵکوو زارێکی کوردییە. ئەوەش کاری زمانناسە و ئەگەر لەباری زانستییەوە بە بێ دەمارگرژی بە زمانێکی سەربەخۆ دابنرێت ئەوە حاشاهەڵنەگرە.

دوکتور جەباری زیادی کرد: ئێمە ئەمانە بۆ مێژوو دەنووسین نە بۆ باریقەڵایی خۆمان. سەردەمێک دەیانگوت کوردانی زازا لە تورکیا کورد نین. بەڵام ئێستا خودی زازاکان دەڵێن ئێمە ڕەسەنترین کوردین. بۆیە ئەو باسە خەوت و کۆتایی هات. هەمان شت لەبارەی کوردی شەبەکەوە بوو و دەسەڵاتی سووریا بە کوردی نەدەزانین. هەروەها ئێزدییەکان لە عێراق هەمان باسیان بووە. ئێستاش بۆ هەورامییەکانی ئێران ئەم باسە پەرەی سەندووە. نابێت ئێمە خۆمان ببین بە دەنگ و بڵندگۆ و سەماکەری ئەم بانگەوازە جیاییخوازانە. با ئێمە ڕووسپیی گەل بین ئەگەر بابەتێک دەنووسین. لە وشە بنەڕەتییەکاندا شێوەزارە کوردییەکان بە سۆرانی و هەورامی و تەنانەت لەکیش جیاوازی نیە. بۆیە ئەو جیاییخوازییە مەترسییە لە سەر زمان و پێویستە ئاگادار بین. هەورامان و ناوچە کوردییەکانی دیکە وا تێکەڵ بوون کە ناکرێت لەباری جوگرافییەوە هیچ سنوورکێشانێک بکەیت. بۆیە تەنانەت ئەگەر زمانناسانیش پشتڕاستی بکەنەوە کە هەورامی بە پێوەری زمانناسانە، زمانە، دیکەی جومگەکان وەک فەرهەنگ و نەریت و ئاوات و جلوبەرگ و زۆر شتی دیکەشمان تێکەڵە و یەک شتە بۆیە بۆ جیاکردنەوە ناشێت.

کوورش ئەمینی لەبارەی بەفارسی نووسینی بەرگی یەکەم کێشەکەی بۆ بڵاڤگەکان گێڕایەوە و کێشەکانی چاپ کردنی بە هۆکاری ئەو دوو زمانییە زانی.

ئەمینی لەبارەی ئاماژەدان یان ئاماژەنەدان بە پێشینەی کوردیی ئەفسانە کوردییەکان گوتی: لە بەشی پێشەکیدا بە ڕوونی باسی پێشینە کراوە و هەستی وا لە مندا نیە کە پێشینە کوردییەکان پەراوێز بکەم و خۆم بە کەسێکی نیشتمانپەروەر دەزانم. ڕەنگە کتێبەکە باش نەخوێندرابێتەوە ئەگینا میتۆدۆلۆژی و پێشینە باس کراوە و شێوەی پۆلێنبەندییەکان تەواو ڕوون کراوەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بە گێڕانەوە جیاوازەکانی ئەفسانەکان کرد و گوتی پێوەری ئایین و پێوەری ڕەگەز و تەمەن و زۆر پێوەری دیکەش لە گێڕانەوەکاندا جیاوازی دروست دەکات بۆ نموونە ئەو ئەفسانەیەی پیرەپیاوێک دەیگێڕێتەوە لەگەڵ گێڕانەوەی پیرەژنێک جیاوازە و ڕەنگە هەندێک حوجب و حەیا لە گێڕانەوەی ژناندا سنووری دروست کردبێت. یان بڕوای ئایینی لە گێڕانەوەکاندا دەرکەوتبێت.

نووسەری کتێبی "افسانەهای دیار ما" جەختی کردەوە کە بەردەنگی کتێبەکەی بەردەنگی کورد بووە و هەوڵی ئەوە دەدات کە بەشی یەکەمی کتێبەکە لە بەرگی یەکەمدا بکاتەوە بە کوردی.

News Code 1907

Your Comment

You are replying to: .
captcha