بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سێ شرۆڤەکاری پرسی کورد بە ناوەکانی مایکڵ ڕووبین لە ڕێکخراوی ئەمەریکەن ئینترپرایز، گوران زەنگەنە لە ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر و جۆرج ویلیکس لە زانستگای ئدینبۆرا، لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا باس لە هەڵخڵەتاندنی کۆپانیایێکی نەوتی کعەنەدی دەکەن لەلتایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
دوای هەرەسهێنانی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن لەساڵی 2003، زۆر کۆمپانیای زەبەلاح چوونە ناو عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، بەغدا و هەرێمی کوردستان دەرگایان بۆ کۆمپانیاکانی وزە واڵا کرد.
لە هەرێمی کوردستان هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ساڵی 1991وە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەسەر هەرێمەکەدا زاڵ بوون، بەڵام بۆ بردنەوەی هەلی وەبەرهێنان لە بواری وزەدا، ئەوەندە بەسە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی ڕێککەویت، بەمەش دەتوانی بیرورکراسیەت و مامەڵە و سەوداکان و بەربەستە یاساییەکانی تێپەڕێنیت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاتر پارە خەرج دەکات کە دەستی دەکەوێت، بەشێکی بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنەوەیە، بەشێکی دیکە لەو هەڵە تێگەیشتنەوەیە کە ئەوان پێیان وایە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە بەرزی دەمێنێتەوە، بۆیە کاتێک لە 2008 نرخی نەوت دابەزی، هەرێمی کوردستان تووشی گرفتی دارایی گەورە بوو، ئەمەش وایکرد مووچەی مانگانەی فەرمانبەرەکانیان پێ نەدرێت.
چوونکە بارزانییەکان زاڵ بوون بەسەر دامودەزگا دادوەرییەکان، بۆیە زۆر بە ئاسانی پابەندبوون بە گریبەستەکان هەڵدەوەشێننەوە. ئەمەش وایکرد کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکان سکاڵا لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمار بکەن و لەمەش چەند فرمانێکی دادوەرییان بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە.
لە لەندەن فرمانێکی دادوەرییان بەسەر هەریمی کوردستاندا سەپاند، کۆمپانیای دانا غازیش لە ئەمریکا داوای یاساییان لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمار کرد، بەو ئامانجەی دادبیینەکە بەرنەوە و دەست بەسەر پارە و پووڵی حکوومەتی هەرێم و بارزانیدا بگرن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، کۆمپانیای نەوتی هیلالی ئیماڕاتیش کە خاوەن پشکە لە کۆمپانیای دانا غازدا، لە دادگایێکی شاری لەندەن داوای لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرد و داوای 11 ملیار دۆلاریشی لێدەکرد. کۆمپانیای DNO ی نەرویجیش ناچار بوو بڕی 92 ملیۆن دۆلار بداتە پتەر گالبرێس- ی نێوانگیر کە ئاگای لە کەین و بەینی ئەو سەودا و مامەڵەیەوە بوو کە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کرا بوو.
لە ساڵی 2014 کۆمپانیای Oryx Petroleumی کەنەدی کارەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، ئەو کۆمپانیایە لە ڕێگەی دامەزراوەی نەخۆشخانەی هەرێمی کوردستانەوە کە ڕەنجی کوری ڕۆژ نووری شاویس بەرێییەوە دەبرد کە نزیکە لە نێچیرڤان بارزانییەوە، بڕی 40 ملیۆن دۆلاری بەخشی بە مەبەستی بنیاتنانی نەخۆشخانەیێکی منداڵان لە هەولێر، کەچی ئەو پارە بۆ بنیاتنانی ئەو نەخۆشخانەیە تەرخان نەکرا، بەڵکوو بۆ نەخۆشخانەیێکی قازانجبەخش تەرخان کرا بە ناوی باسم Santelife کە ئامانجی قازانجی تایبەتە و پەیوەستە بە نێچیرڤان بارزانییەوە، لە ئێستاشدا ئەو نەخۆشخانەیە بەرکەوتووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا چارەسەر دەکات و لە بەرامبەریشدا 2000 دۆلار وەردەگرێت.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە هەولێر ئەو کەیسەیان جوڵاندووە و داوای یاساییان لەسەر ئەو دامەزراوەیە تۆمار کردووە و تۆمەتی ئەوەیان داونەپاڵ کە پارە و پووڵ ماڵی گشتی بەکاردێنن بۆ سوود و قازانجی تایبەت.
بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان داوای بەرتیل لەو کۆمپانیا بیانییانە دەکەن کە لە بواری کاری خێرخوازیدا هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن، ئەو بنەماڵانە سەرەتا زەوی دەبەخشنە ئەو کۆمپانیایانە بۆ دروست کردنی باڵەخانە بۆ دامەزراوەی خێرخوازی، دواتریش دەیکەنە موڵکی خۆیان و قازانجی تایبەتی لێ دەکەن.
پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە ئاخۆ کۆمپانیای Oryx Petroleum چ ڕێوشوێنێک لە بەرامبەر ئەو فرت و فێڵانەی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەبەر، ئاخۆ چی وایکردووە کۆمپانیا کەنەدییەکان ببنە قوربانی فرتوفێڵی دوو بنەماڵ دەسەڵاتدارە دەستڕۆیشتووەکەی هەرێمی کوردستان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment