کوردپرێس: ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-9-2020 لە رێوڕەسمێکدا لە کەنیسەی "مار یووسف" لە شارۆچکەی عەنکاوە، هاوکارییەکانی ئەمریکا پێشکەش بە رێکخراوی مرۆیی عەنکاوە دەکرێن، بە مەبەستی هاوکاری کردنی چ ئەو کریستیانانەی لە ناوچەکانی عێراقەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، چ ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین.
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی رۆب وۆڵەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و بەشار وەردی، مەترانی کەنیسەی ماریووسف و ژمارەیێک لە بەرپرسانی ئیداری پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.
هاوکارییە داراییەکەی ئەمریکا کە بڕەکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە پێشکەش بە رێکخراوی مرۆیی عەنکاوە دەکرێت، ماوەیێکی کەمە لەلایەن مەتران بەشار وەردی، مەترانی کەنیسەی ماریووسف دامەزراوە.
ئەو هاوکارییەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی رابردوو ماسیو تۆڵەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەردانی هەولێری کرد و دوای دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەترانی هەولێر کۆ بووەوە، باسی لەوەکرد لەو 204 ملیۆن دۆلارەی کە ئەمریکا بۆ هاوکاری کردنی عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا تەرخانی کردووە، بەشێکی بۆ کریستیانەکان تەرخان دەکرێت.
فۆکووسی سەرەکی ئەمریکا لەو پشتیوانییە داراییە ئەوەیە، ئەو ئاوارە کریستیانانەی لە ناوچەکانی خۆیان لەدوای شەڕی داعش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
پێش شەڕی داعش نزیکەی 500 هەزار کریستیان لە سەرتاسەری عێراق هەبوون، نزیکەی 200 هەزاریان چوونەتە دەرەوەی عێراق و ئێستا زیاتر لە 60%ی ئەو کریستیانانە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment