کوردپرێس:
دوکتور ژگار حەسەن مامۆستای زانکۆی کینگ کۆلیژ لە کەنەدا هاوکات بەڕێوەبەری دەستەی توێژینەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقایە لە زانکۆی ئەنتاریۆی ڕۆژئاوا لە هەمان وڵات. ئەو کەسایەتییە ئاکادیمییە توێژینەوەی زۆری لە سەر مەسەلەی کورد و بەتایبەت کوردی عێراق خستۆتە بەردەست. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی گۆڕانکارییەکانی ئەم چەند مانگەی دوایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دیمانەیێکی لەگەڵ ناوبراو ئەنجام داوە.
دوکتور ژگار حەسەن لە دیمانەکەی لەگەڵ کوردپرێسی جەختی کردەوە کارتەکانی هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو لاوازتر بووە و ئەمەش لە سەردانەکەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ دیدارکردن لەگەڵ ئیمانوێل مەکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا دەبینرا. وەک دەزانین بەرپرسانی باڵای فەڕەنسا پێشتر بۆ بینینی سەرکردە کوردەکان دەهاتنە هەولێر. ناوبراو وەک نموونەیێکی دیکەش ئاماژەی بە دابەزینی قورساییی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆی ستراتێژییانەی نێوان عێراق و ئەمریکا کردووە کە بە وتەی ژگار حەسەن کورد لەو گفتوگۆیەدا پەراوێز خرا.
پێگەی کورد لە پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشەنتن
دوکتور ژگار حەسەن لەبارەی گفتوگۆی ستراتێژییانەی نێوان ئەمریکا و عێراق کە چەند مانگی ڕابردوو کراوە بە کوردپرێسی وت: لە سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا کە هاوینی ئەمساڵ ئەنجام درا ناوبراو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا تەرکیزیان کردە سەر هاوکاریی دوو قۆڵی بۆ پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەمن و ئاسایش لە عێراق و سنوورەکانی ئەو وڵاتە. دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە ئەمریکا بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی هەوڵەکانی لە پێناو بەرزکردنەوەی دۆخی ئەمن و ئاسایشی عێراق ئەوەش بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە ئابووری ئەمریکا و بەرژەوەندییە ستراتێژیکەکانی ئەو وڵاتە. دیارە یەک لە ئامانجەکانی ئەمریکا لەوەی کە کازمیی بانگهێشتی واشەنتن کرد ئەوە بوو کە دڵنیا ببێتەوە لە پارێزراوبوونی قورساییی ئەمریکا لە عێراق.
مامۆستای زانکۆی کینگ کۆلیژی کەنەدا لەبارەی قورساییی کوردەکان لە پێوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق ئەوەشی بۆ کوردپرێس ڕاگەیاند کە کورد بە شێوەیێکی فراوان لە دانووستان و دیالۆگی نێوان ئەمریکا و عێراق پەراوێز خراوە. ترەمپ لە پرێس کۆنفڕانسێکی خۆیدا بە کورتی باسی کوردی کرد بەڵام کازمی هەر ناوی کوردی نەهێنا. ئەمە زۆر گرینگە چوونکە دەیسەلمێنێت کە کورد تا چ ڕادەیێک لە گفتوگۆی کردنی نێوان ئەمریکا و عێراقدا قورساییی خۆی لە دەست داوە. پێویستە کورد هاودەنگ بێت لەگەڵ هەموو جۆرە ڕێککەوتنێکی نێوان بەغدا و واشەنتن.
سەرۆککۆماری فەڕەنسا لە سەردانەکەی خۆی بۆ عێراق، کوردی ئیهمال کرد
بەڕێوەبەری دەستەی توێژینەوەی خۆرهەڵاتی ناوڕەاست لە زانکۆی ئەنتاریۆی خۆرئاوا، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری فەڕەنسا بۆ عێراق و ئەوەی کە سەردانی هەولێری نەکرد بە کوردپرێسی وت: بە دڵنیایییەوە بڕیارەکەی مەکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بۆ دیدارکردن لەگەڵ کوردەکان لە بەغدا خەسارێکی دیکەی لە ڕۆئیای کوردەکان بۆ سەربەخۆییی زیاتر دا. ئەوەی کە مەکرۆن پێچەوانەی دیکەی بەرپرسانی فەڕەنسیی وەک فرانسوا ئۆلان، هەولێری بەسەر نەکردەوە دەیسەلمێنێت کە بەغدا دۆخەکەی کۆنتڕۆڵ کردووە و وڵاتانی بیانییش پشتگیریی دەسەڵاتی فەرمیی عێراق دەکەن.
ژگار حەسەن لەبارەی کارتێکەریی نفووزی فەڕەنسا لە باشتربوونی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی تورکیا دژی پەکەکە لە خاکی عێراق بە کوردپرێسی وت: ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە مەکرۆن و فەڕەنسا بتوانن هانی کورد و بەغدا بدەن بۆ ئەوەی پێوەندییەکانیان باشتر بکەن بەڵام بەگشتی لە ئەنجامدا فەڕەنسا قورساییی ئەوتۆی لە ساحەی سیاسیی عێراقدا نیە. لەگەڵ ئەوەش نە مەکرۆن و نە هیچ بەرپرسێکی دیکەی بیانی ناتوانن کارێکی ئەوتۆ بۆ وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا ئەنجام بدەن.
کارتێکەریی هەڵبژێردرانی مستەفا کازمی لە سەر چارەسەری کێشەکانی نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق
ئەو توێژەرەی کاروباری کوردەکان لەبارەی کارتێکەری هەڵبژێردرانی مستەفا کازمی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەر چارەکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی ئەو وڵاتە بە کوردپرێسی وت: بە ڕای من مستەفا کازمی دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە کە لە زۆر بوارەوە دەستی بە پێشکەوتن بگات. ئەو متمانەیە بە مستەفا کازمی دراوە کە دۆخی ئابووریی عێراق باشتر بکات و ئاسایش لەو وڵاتە فەراهەم بکات. دژی خزم خزمێنە و گەندەڵی بوەستێتەوە و لەگەڵ کوردیش بۆ چارەکردنی ڕیشەیی کێشەی نەوت و مووچە و ناوچەی جێناکۆک گفتوگۆی باش بکات. دەسەڵاتی ڕەهای ناوبراو ئێجگار زۆر و ڕۆئیاییە. هەر بۆیەش بە قەناعەتی من زۆر بە ساکاری مستەفا کازمی دەرفەتی پێویستی بۆ هەموو کێشەکان بە دەستەوە نیە. گرینگترین ئەرکی کازمی ئەوەیە کە سەرۆکوەزیرێکی کاتی بێت و زەمینە فەراهەم بکات بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە.
ناوبراو لەبارەی باشتربوونی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا لە کاتی سەرۆکوەزیریی کازمی بە کوردپرێسی وت: ئەم دەوڵەتە ئێجگار سەرقاڵە بە یەکخستنی میلیشیاکانەوە کە لە عێراق سەریان هەڵداوە. من لەو بڕوایەدا نیم کە مستەفا کازمی دەرفەتی پێویست و سەرمایەی سیاسیی پێویستی بۆ چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان کورد و بەغدا بە دەستەوە بێت.
گواستنەوەی دەسەڵات سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ جیلی نوێی سەرکردایەتیی کورد
دوکتور ژگار حەسەن لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسی لەبارەی کارامەبوونی جیلی نوێی سەرکردایەتیی کورد لە عێراق واتا کەسانی وەک مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و کەسانی دی بە کوردپرێسی وت: چەند ئاماژەیێک هەن کە هیواکان لەبارەی بڕیاری سیاسیی جیلی نوێی سەرکردایەتیی کورد لە هەرێمی کوردستان دەبووژێننەوە. بەڵام بەوەشەوە من گەشبین نیم بەوەی کەسانی وەک مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بتوانن گۆڕانکارییێکی مانادار و هەستپێکراو لە پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ دروست بکەن. گرینگرتین هۆکاری ئەم ڕەشبینییەش ئەوەیە لەمپەری گەورەی سیستەماتیکی و ڕیشەییی ئەوتۆ لە هەرێمی کوردستان هەیە کە زەحمەتە گۆڕانکاریی ئەوتۆیان تێدا بکرێت. واتا ئەگەرچی دەموچاوی نوێ لە سەرکردایەتیی کوردی عێراق سەریهەڵداوە بەڵام ئێستاش حیزبی کۆن و نەریتی و بەرژەوەندییە حیزبییەکانیان نەخشەڕێگای پێوەندیی هەولێر لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان دادەڕێژێت. بۆیە گۆڕینی ئەو سیاسەتە بنکوتاوە توندوتۆڵە زۆر زەحمەتە.
هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان
دوکتور ژگار حەسەن لەو قەناعەتەدایە کە نە دەوڵەتی نوێی عێراق و نە کوردەکانیش هیچیان ناتوانن پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان دەربکەن. ناوبراو لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وت: مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەی داوە کە لەبارەی کۆتایی هێنانی هێرشەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بکات. بەڵام ئێمە نابێت چاوەڕوانیی زۆرمان لە بەئەنجام گەیشتنی ئەو دیالۆگە هەبێت. هەبوونی هێزەکانی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بیانووی شەرعیەت بەخشین بە هێرشەکانی تورکیا دەخاتە دەست ئەو وڵاتە. نە عێراقیش و نە کوردی هەرێمی کوردستانیش هێچیان توانای ئەوەیان نیە کە پەکەکە لە خاکی ئەو وڵاتە دەربکەن. هەر بۆیەش تورکیا بەردەوام دەبێت لە بۆردومان کردنی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەوەش هەموو ئاگادارین کە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هەڵگری ڕەزامەندیی سەرکردایەتیی کوردی عێراقیشە.
دیمانە: بەشی جیهانی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس
وەرگێڕان: دەستەی بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس
Your Comment