کوردپرێس:
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە نووسینێکدا کۆی ئەو دەنگۆباسانە ڕەت دەکاتەوە کە لەبارەی ناوبراوەوە دەنگۆ دەنێنەوە و دەڵێت مەنهەجی ئەوان و هەدەپەش لەسەر بنەمای دیموکراسیەت و رەفتاری سیاسی دامەزراوە و پێچەوانەی بژاردەی چەک و توندوتیژییە.
دەمیرتاش لە نووسینەکەیدا ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە دیارە ناوبراو لە زیندانەوە لێدوانەکانی دەگوازرێتەوە و ئاسایییە کە بە گوێرەی دۆخی زیندان خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت. بۆیە کۆی دەنگۆ و قسەکان لەبارەی خۆی و مەنهەج و لێدوانەکانیەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: پێچەوانەی دەسەڵات کە سیاسەت ڕەتکردنەوە و پەراوێزخستنی گرتۆتە بەر سیاسەتی ئەوان بەشداری کردنی دیموکراسییانەیە لە سیاسەت.
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان و بەتایبەت گەنجان کە ڕێژەیان دەگاتە 75 لە سەد نیازی ئەوەیان هەیە کە وڵاتەکەیان بەجێ بهێڵن و ئەمەش ئەنجامی سیاسەتی ناڕەوای پارتی باڵادەستە لە تورکیا.
دەمیرتاش دووپاتیشی کردۆتەوە: "لە هەموو ژیانمدا نە خۆم نە هەڤاڵانیشم هەرگیز بیرمان لە کوشتنی کەس نەکردۆتەوە و ئەو تۆمەتانەی باس لەو قسە ناڕەوایە دەکەن هەموویان بێ ئەساسن. بە پێچەوانەشەوە ئێمە هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕمان داوە و کارمان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و ئاشتەوایی لە وڵات کردووە و درێخمان لە هەوڵەکانمان نەکردووە لە پێناو ئەوەی نەهێڵین تەنانەت یەک هاووڵاتی بکوژرێت."
Your Comment