کوردپرێس: عەبد حامد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی سەر بە هەسەدە ئاشکرای کرد، گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانە لە میانی جێبەجێ کردنی رێککەوتنی هەسەدە، بەڕێوەبەریی خۆسەر و نەتەوە یەکگرتووەکانە.
رێککەوتنەکەی نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەر، هەسەدە و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی قەدەغەکردنی چەکدار کردنی منداڵانە، کە لە 29-6-2019 لە جنێڤ واژۆ کرا.
بەگوتەی عەبد حامد، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) "سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بەڵام لایەنی خۆی لە رێککەوتنەکە جێبەجێ کردووە و لە ماوەی رابردوودا 30 کوڕ و 51 کچی رادەستی خێزانەکانیان کردووەتەوە".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش 9 نووسینگەی پاراستنی منداڵانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دامەزراندووە، کە بە گوتەی عەبد حامد "ئەرکی نووسینگەکان ئەوەیە؛ سکاڵا لە کەسوکار، دایک و باوک و رێکخراوە حکومییەکانی تایبەت بە مافەکانی منداڵان وەربگرن، بۆ ئەوەی بینێرن بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەویش لەلایەن خۆیەوە بەدواداچوون بکات و چارەسەریان بکات".
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای 2014ـەوە بۆ مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بەلایەنی کەمەوە 911 منداڵیان چەکدار کردووە.
سەرچاوە: K24
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment