خالید شوانى: پارێزگاری كەركووک دەستێكی باڵای هەیە لە تەعریب­ كردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و هێنانی عەرەبی هاوردە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا رایگەیاند، پارێزگاری سەپێنراوی كەركووک دەستێكی باڵای هەیە لە تەعریبكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و هێنانی عەرەبی هاوردە و كارئاسانیی تەواویان بۆ دەكات، لە ناو دادگای كەركووكیش چەند دادوەرێك لەبەرژەوەندیی ئەوان بڕیار دەدەن.

کوردپرێس:

خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا، له‌كۆنگره‌یێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "ئەو بارودۆخەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی پێداتێپەڕ دەبێت ناكرێت هەروا بەردەوامبێت، زوڵمێكی زۆر لە كوردستانیەكانی ئەو ناوچانە دەكرێت، پرۆسەی بە عەرەبكردن بەردەوامە كورد بە تەواوەتی دوور خراوەتەوە لە ئیداری و ئەمنی و سەربازیی كەركووک".

وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا وتیشی، "ئەو بارودۆخەی لەو ناوچانە دەگوزەرێ ناكرێت هەروا بەردەوامبێت، هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بە ئاراستەی چارەسەركردن و ئاسایی كردنەوەی بارودۆخەكەیە، لەگەڵ سەرلەنوێ زیندووكردنەوەی مادەی 140، لە هیچ بارودۆخ و گوشارێكدا دەستبەرداری ئەو ناوچانە نابین".

ناوبراو دووپاتی کردەوە: "پارێزگاری سەپێنراوی كەركووک دەستێكی باڵای هەیە لە تەعریبكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و هێنانی عەرەبی هاوردەو كارئاسانی تەواویان بۆ دەكات، لە ناو دادگای كەركوكیش چەند دادوەرێك لەبەرژەوەندی ئەوان بڕیاردەدەن، بۆ ئەوە دۆسیەیەكی تەواومان ئامادەكردووەو داومانە بە حكوومەتی عێراق و بەڵێنی چارەسەركردنی دراوە بەشێوەی بنەڕەتی".

*لە زەمەن پرێس وەرگیراوە

News Code 190139

Your Comment

You are replying to: .
captcha