«گەلۆ عیسا» ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ناردنی هێز و زرێپۆش لەلایەن ئەمریکاوە بۆ باکووری سووریا و ڕایگەیاند: سەد سەرباز و ژمارەیێک زرێپۆش لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتنە کوردستانی سووریا. ئەرکی ئەوان چاودێری کردن و کونترۆڵ کردنی دۆخی باکووری سووریایە.
ناوبراو درێژەی دا: ڕاستی ڕووداوەکە ئەوەیە کە هەریەک لە ئەمریکا و ڕووسیا و تورکیا هەوڵ بۆ تۆکمە کردنی هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی فوراتدا دەدەن و بۆ ئەم مەبەستەش هەندێک جار هەڵمەتێک دەدەن.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستانی سووریا زیاتر وتی: ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان ئەم هەڵمەتە دراوە بەڵام ڕاستییەکەی ئەمەیە کە خۆیان بۆ دۆخێکی تایبەت ئامادە دەکەن.
ئەندامەکەی P.D.K.S ئاشکراشی دەکات کە ئەمریکییەکان خەریکی ئەوەن کە لە نفووزی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی فورات ڕێگری بکەن.
گەلۆ عیسا وەبیری هێنایەوە: هەروەها ئامانجێکی دیکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێگری کردن لە نفووز و جووڵەکانی حکوومەتی ناوەندی و هاوپەیمانەکانیەتی لە ڕۆژهەڵاتی فورات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment