نێچيرڤان بارزانى: پشتگیری لە کازمی دەکەین و خوازیاری چارەسەر کردنی کێشەکان لەگەڵ بەغداین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، له‌گه‌ڵ کونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى يه‌کێتیى ئه‌ورووپا له‌ هه‌رێمى کوردستان کۆبووه‌وه‌ و وێڕای پشتگیری لە سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند خوازیاری چارەسەر کردنی کێشەکان لەگەڵ بەغداین لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا نێچيرڤان بارزانى باسێکى ده‌رباره‌ى دۆخى گشتيى هه‌رێمى کوردستان، په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانيان، په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، ته‌حه‌دييه‌کانى به‌رده‌م هه‌رێمى کوردستان و عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى کۆرۆنا و لێکه‌وته‌کانى، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌کانى داعش، تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئابوورى و دارايى و پرۆسه‌ى چاکسازى له‌ هه‌رێمى کوردستان پێشکه‌ش کرد.

ناوبراو سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى کوردستانى بۆ وڵاتانى يه‌کێتيى ئه‌ورووپا دووپات کرده‌وه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مه‌ریکا پشتگيرييان له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها يارمه‌تيى مرۆيييان پێشکه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ که‌مپه‌کانى هه‌رێمى کوردستان کردو‌وه‌، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى کۆرۆناش، هاوکاريى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن.

سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى کوردستانى بۆ وڵاتانى يه‌کێتيى ئه‌ورووپا دووپات کرده‌وه‌ که‌ له‌ پرۆسه‌ى چاکسازيدا هاوکارى ده‌که‌ن و جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پرۆسه‌که‌ کرده‌وه‌‌ و هاوکارى و يارمه‌تيى وڵاتانى يه‌کێتيى ئه‌ورووپاى له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ پێويست و گرنگ زانى.

بارزانى وێڕاى دووپاتکردنه‌وه‌ى پشتگيريى هه‌رێمى کوردستان له‌ حکوومه‌تى سه‌رۆک وه‌زيرانی عێراق مسته‌فا کازمى، جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى کوردستان بۆ چاره‌سه‌رکردنى ته‌واوى کێشه‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق کرده‌وه‌ به‌ شێوه‌يێک ماف و شايسته‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستبه‌ر بکرێن و سيسته‌مى فيدراڵى وه‌ک له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ جێبه‌جێ بکرێت، چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و هاوبه‌شى و به‌شداريى پێکهاته‌کانى عێراقيشى له‌ پرۆسه‌ى سياسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا، به‌ فاکته‌رى سه‌قامگيريى وڵات له‌ قه‌ڵه‌م دا.

ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌ کردەوه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان وه‌ک هه‌ميشه‌ به‌ فاکته‌رێکى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌که‌ ده‌مێنێتـه‌وه‌ و خوازيارى بره‌ودانه‌‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌کانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، ڕوونيشى کرده‌وه‌ که‌ په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ کۆمارى ئيسلاميى ئێران و کۆمارى تورکيا باشن و قه‌باره‌يێکى گه‌وره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاکيى ئابوورى له‌گه‌ڵياندا هه‌يه‌.

له‌ به‌شێکى ديکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا بارزانى ئاماژه‌ى به‌ مه‌ترسييه‌کانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش کرد و جه‌ختى له‌ پێويستيى عێراق و هه‌رێمى کوردستان به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و گرنگيى هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق به‌تايبه‌تى له‌ سنوورى ناوچه‌کانى مادده‌ى 140 کرده‌وه‌.

کونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى يه‌کێتيى ئه‌ورووپا چه‌ندين پرسياريان ده‌رباره‌ى ته‌وه‌رکانى کۆبوونه‌وه‌که‌‌، گفتوگۆى ستراتيژيى ئه‌مه‌ريکا ـ عێراق و سه‌ردان و ديداره‌کانى ئه‌م دواييه‌ى نێچيرڤان بارزانى له‌ به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ و چه‌ند پرسێکى په‌يوه‌ست به‌ دۆخى ناوچه‌که‌وه‌‌ ئاراسته‌ى ناوبراو کرد و خۆشحاڵييان به‌ کارکردن و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها دووپاتيان کرده‌وه‌ که‌ وڵاته‌کانيان به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌کانيان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان ده‌ڕوانن.

له‌ وه‌ڵامدا سه‌رۆکی هەرێم جه‌ختى له‌ سياسه‌ت و تێڕوانينى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستنى سه‌قامگيرى و گفتوگۆ و هاوبه‌شى و پێکه‌وه‌ کارکردن بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌يرانه‌کان و يارمه‌تيدانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاسووده‌يان بۆ شوێنه‌کانيان کرده‌وه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 190083

Your Comment

You are replying to: .
captcha