بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی قوبرس لە نیکۆسیای پایتەختی ئەو وڵاتە، مایک پۆمپەیۆ جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردووە لە سەرکۆنەکردنی رەفتارەکانی تورکیا لە دەریای نێوەڕاست و رایگەیاند: "ئێمە بە قووڵی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا نیگەرانین. ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا لەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەنجامیان دەدات کە یۆنان و قوبرس پێداگری لە دەسەڵاتە یاساییە رەواکانیان دەکەن تێیدا".
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، نیکۆس ئاناستاسییادێس، سەرۆکی قوبرس قسەی کرد و رایگەیاند، قوبرس مافی خۆیەتی سوود لە سەروەرییەکانی لە دەریای نێوەڕاست وەرگرێت و بەدوای سامانە سرووشتییەکانیدا بگەڕێت.
هەریەکە لە یۆنان و تورکیا کەشتیی سەربازییان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا جێگیر کردووە، چوونکە ناکۆکییان لەسەر مافی دەرهێنانی سەرچاوە سرووشتیەکانی ئەو دەریایە هەیە.
سەرۆکی قوبرس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان پشتگیری لە هەڵوێستی ئەمریکا دەکەن کە پێیوایە هەر کێشەیێک لە دەریای نێوەڕاست دەبێت لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت نەک بە "دیپلۆماسییەتی تەقەکردن".
پێشتر پۆمپەیۆ لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ قەتەر بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی ئاشتیی ئەفغانستان گوتی، ئەمریکا هیوا دەخوازێت "دانوستاندنی حەقیقی" ئەنجام بدرێت و ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە کەشتییە جەنگییەکان لە ناوچەکە بکشێندرێنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان دەستپێبکەن.
بە گوتەی پۆمپەیۆ، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی تورکیا و سەرۆکوەزیرانی یۆنان قسەی کردووە. دەڵێت، "وڵاتانی ناوچەکە دەبێت کێشەکانیان بە شێوەی ئاشتییانە و لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەن، تەنانەت ئەو کێشانەی تایبەتن بە ئاسایش و سەرچاوە سرووشتییەکان. "هەڵکشانی کێشە سەربازییەکان بە سوودی هیچ لایەنێک نییە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment